بێکرداری ململانێی خاوەندارێتی لەسەر زەویی کشتوکاڵیی سەڵاحەدین قوڵدەکاتەوە

كەركوك/ ئایاری 2024/ سوپای عیراق لەناو گوندی پەڵكانە بڵاوبونەتەوە، دوای ئەوەی ژمارەیەك جوتیاری عەرەب چونە گوندەكە بۆ رێگریكردن لە دروێنەی جوتیارانی كورد. فۆتۆ: كەركوك ناو

لەیلا ئەحمەد

دەسەڵاتدارانی خۆجێی دەستەوەستانن لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ململانێی نێوان جوتیارانی كورد و عەرەب لە چەند گوندێكی دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین، کە پێی ناوەتە قۆناغی دڕدۆنگی و بگرەوبەردەی زۆرەوە.

رەگی كێشەكە بۆ چوار دەیە لەمەوبەر یان زیاتر دەگەڕێتەوە، كاتێك بەپێی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەكردایەتی شۆڕش لە سەردەمی حزبی بەعس، هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە جوتیارانی كورد و توركمان لە پارێزگا جیاوازەكانی عیراق وەرگیراوەتەوە و بە گرێبەست بەسەر جوتیارانی عەرەبدا دابەشكراون.

فەرهاد حەمید، جوتیارە لە گوندی تەپەسەوز لە قەزای خورماتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "خاوەنی 60 دۆنم زەوی كشتوكاڵیم، تاپۆكەی بەناوی باب و باپیرانمانەوەیە، بەڵام جوتیارە عەرەبەكان هاتونە سەرمان و داوای زەوییە كشتوكاڵییەكانیان دەكەنەوە".

فەرهاد لە ساڵی 2003 كاتێك حزبی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن روخێنرا، وەك هەزاران جوتیاری تری كورد گەڕایەوە سەر زەوییە كشتوكاڵییەكانی، وەك چۆن لە كەركوك، دەشتی نەینەوا و دیالە جوتیاران توانیان زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بەدەستبهێننەوە.

دوای تێپەڕبونی 15 ساڵ لە بەكارهێنانی زەوییەكانی بۆ كشتوكاڵکردن، جارێكی تر فەرهاد و سەدان جوتیاری تر روبەڕوی كێشە بونەتەوە، لە ساڵی 2017دا هێزە عیراقییەكان بۆ تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك گەڕانەوە و پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان پاشەكشێیان پێكرا.

"لەوكاتەوە بەردەوام جوتیارە عەرەبەكان هەڵدەكوتنە سەرمان و داوای زەوییەكان دەكەن، دەڵێن گرێبەستمان هەیە"، فەرهاد زیاتر وتی "چەند جارێك شەڕ و دەمەقاڵی رویداوە و هەڕەشەمان لێدەكەن".

مانگی رابردوو ناكۆكییەكان سەریكێشا بۆ شەڕی دەستەویەخە، پۆلیس دەستتوەردانی لە كێشەكە كرد و هەر بەهۆی ئەو شەڕە برایەكی فەرهاد لەسەر سكاڵای جوتیارە عەرەبەكان لەلایەن دادگاوە بە ملیۆن و نیوێك سزادراوە.

jwtyar-2
كەركوك/ حوزەیرانی 2019/ جوتیارێكی كورد هەوڵدەدات ئەو ئاگرە بكوژێنێتەوە كە لە دانەوێڵەكەی بەر بووە، لە ناوچەی داودە لە داقوق فۆتۆ: كەركوك ناو

ئەحمەد مەریف، بەڕێویبەری كشتوكالی سەڵاحەدین، وتی "ئێمە ناتوانین كێشەی زەویوزاری جوتیارانی كورد و عەرەب چارەسەر بكەین، ئەمە بابەتێكی سیاسیی و یاساییە، بەبێ بڕیاری سەروی خۆمان ناتوانین هیچ هەنگاوێك بنێین"، زیاتر وتی "هەر بڕیارێکیش دەربچێت ئێمە تەنها وەکو جێبەجێکار جێبەجێی دەکەین، لەمەشدا تەنیا یاسا دەتوانێت حوكم بكات".

تەنیا لە گوندی تەپەسەوز، لانیكەم 40 جوتیار كێشەی زەویوزاریان هەیە، ئەمە جگە لە سەدان گوندی تر لە پارێزگاكانی سنوری ناوچەی جێناكۆك.

ئەو زەوییانە بەپێی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش كە هێزی یاساییان هەیە لە جوتیاری كورد و توركمان سەندراوە و بەشێوەی گرێبەست بەسەر جوتیاری عەرەبدا دابەشكراون. هەر بۆیە هەڵوەشاندنەوەشیان بە یاسا دەكرێت، نەك بڕیاری حكومەت و رێككەوتنی سیاسی، بەپێی وتەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

لە ئێستادا پڕۆژە یاسایەك بۆ گەڕاندنەوەى خانوو و زەویی دەستبەسەرداگیراو بۆ خاوەنەکانیان لە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانە، بەڵام ناكۆكی توندی هەردوو پێكهاتەی كورد و سوننەی عەرەب پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكەی پەخستووە.

لە 29ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، شەڕ و دەمەقاڵی لە نێوان ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كورد و سوننە لەناو بینای پەرلەمان دروستبوو، بەهۆیەوە جارێكی تر دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە دواخرا.

دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عیراق ئەوكات جەختیكردەوە لەوەی سوننەکان پێداگربون لەسەر ئەوەی پڕۆژەکە بەو جۆرە پەسەندبكرێت كە لە حکومەتەوە هاتووە.

پڕۆژەكەی حكومەت هەڵوەشاندنەوەی هەشت بڕیار لەخۆدەگرێت، بەڵام لە ئەنجومەنی نوێنەران دەستكاریی كراوە و لانیكەم هەڵوەشاندنەوەی هەشت بڕیاری تری بۆ زیادكراوە.

دارا سێكانیانی دەڵێت پەرلەمان مافی خۆیەتی دەستكاریی پڕۆژە یاساكە بكات، "بەشێوەیەك دەستكاریی كراوە كە زۆرترین زەوی لە سنوری ماددەی 140ی دەستوری عیراق بۆ کورد و تورکمان بگەڕێنێتەوە، لەوانە ئەو بڕیارانەی پەیوەستە بە ناوچەکانی پارێزگای دیالە، دەشتی نەینەوا و سەڵاحەدین، ئەمە لەپاڵ پارێزگای كەركوك".

فەرهاد حەمید وتی "پەنا بۆ هەركەسێك دەبەین ناتوانێت چارەسەری كێشەكەمان بكات".

شێخ غالب، سەرۆك هۆزی ساڵەیی و نیشتەجێی گوندی تەپەسەوز، وتی "جوتیارە عەرەبەكان بە چاوی دۆست سەیرمان ناكەن، هەموو رۆژێك لە مەترسیداین و ئارامیمان تێكدەدەن"، زیاتر وتی "تەنیا پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش چارەسەری ئەم كێشەیە دەكات و رزگارمان دەكات".

لەگەڵئەوەشدا جوتیارانی عەرەب گرێبەستی زەوییەكانیان هەیە بە پشتبەستن بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش هەڵسوکەوت دەکەن.

ساڵی رابردوو لە پارێزگای كەركوك جوتیارانی عەرەب كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان كرد لەسەر پرسی زەوییە كشتوكاڵییەكان، ئه‌حمه‌د غه‌زال، یه‌كێك له‌ شێخه‌كانی هۆزی شه‌ممه‌ر بە (كەركوك ناو)ی وت "به‌ڵگه‌ی فه‌رمی دادگا و كشتوكاڵ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌مان هه‌یه‌، ئه‌و زه‌وییانه‌ موڵكی ئێمەن‌، هی ئه‌مڕۆ و دوێنێ نییه‌، به‌ڵام ئه‌و خێزانه‌ كوردانه‌ی له‌ گونده‌كه‌دان هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان پێنییه‌".

(كەركوك ناو) نەیتوانی لێدوانی لە جوتیارە عەرەبەكانی دوزخورماتوو وەربگرێت، بەڵام ئەوەی هەیە زۆرێك لە جوتیارانی عەرەب لە تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك سكاڵایان كردووە و داوای وەرگرتنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان یان قەرەبوی دەركردنیان دەكەنەوە لە ساڵی 2003.

تەنیا لە ساڵی 2022دا لانیكەم 300 جوتیاری عەرەب لە پارێزگای واست، دیوانییە و ناسرییەوە  تەنیا بۆ تۆماركردنی سكاڵا گەڕاونەتەوە خانەقین و دەیانەوێت قەرەبوی لێسەندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بكرێتەوە، یان زەوییەكانیان پێبدەنەوە.

awaraxanaqeen-1
دیالە/ ئایاری 2022/ ژمارەیەك عەرەبی هاوردە لەبەردەم بنكەیەكی پۆلیسدا لە خانەقین، چاوەڕێی تۆماركردنی سكاڵا دەكەن. فۆتۆ/ ئەمیر خانەقینی

لە قەزای دوزخورماتوو 52 پارچە زەوی كشتوكاڵی كێشەی لەسەرە، هەر پارچەیەك بەپێی وتەی عەلی جەلال، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی دوزخورماتوو لە نێوان 20 بۆ 40 دۆنم زەوی دەبێت.

ساڵی رابردوو جوتیارانی عەرەب بە پشتبەستن بە گرێبەستەكانی سەردەمی بەعس توانیان لەڕێی دادگاوە گرێبەستی شەش پارچە زەوی لە گوندی حلێوە لە دوزخورماتوو نوێبكەنەوە و ئێستا كشتوكاڵی تیادەكەن.

عەلی جەلال وتی "ئێمە ناتوانین لەگەڵ بڕیاری دادگادا هیچ بكەین، ئەوە دادگا بڕیاری لێداوە، بۆیە گرێبەستەكانمان بۆ جوتیارانی عەرەب نوێكردەوە و لە پلانی كشتوكاڵی ئەمساڵ بەناوی ئەوانەوەیە".

فەرمانگەكانی كشتوكاڵ بە شێوەیەكی گشتی ئامادەنین هیچ گرێبەستێكی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە پارێزگاكانی ناوچەی جێناكۆك نوێبكەنەوە، بەڵام ئەوانەی سكاڵایان كردووە و بردۆتیانەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوانە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT