پێنج هەزار نەمامی هەنار بۆ شنگال و 74 نەمامی هەنجیریش بۆ هەڵەبجە

شنگال/ ئاداری 2025/ لەكاتی چاندنی قەڵەم دارەكان لە ماڵی پێكەوەژیان. فۆتۆ: لەیس حسێن

لەیس حسێن

ژمارەیەك چالاكوان و رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی 5000 نەمامی هەناری هەڵەبجە دەبەن بۆ شنگال، وەك ئاماژەیەك بۆ ژمارەی قوربانیانی کارەساتی هەڵەبجە، بە پێچەوانەشەوە 74 نەمامی هەنجیری شنگال دەبرێت بۆ هەڵەبجە، كە ژمارەی ئەو فەرمانانەیە كە لە مێژودا "بەسەر ئێزیدییەكاندا سەپێنراوە".

ئەم هەنگاوە ژینگەییە كە گوزارشتە لە گیانی هاوپشتی و برایەتی نێوان شارەکانی عیراق و ئایینە جیاوازەكان، بیرۆكەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو رێكخراوی شنروێ لە هەڵەبجە و ماڵی پێكەوەژیان لە شنگال، كۆمەڵێك چالاكوان و گەنج بە خۆبەخشی هەڵمەتەكەیان دەستپێكردووە.

میرزا دینایی، بەڕێوەبەرى ماڵى پێکەوە ژیان لە شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەستپێشخەرییەكە پەیامێکە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە کاری هاوبەشی نێوان شارە جیاجیاکانی عیراق توانای هێنانەدی گۆڕانکاریی ئەرێنی هەیە، نەک تەنیا لە باشترکردنی ژینگەکەمان، بەڵکو لە بەرزکردنەوەی یەکڕیزیی و هاوکاری نێوان پێکهاتەکانی گەلی عیراق".

ماڵی پێكەوەژیان ناوەندێكی روشنبیری، کۆمەڵایەتیی و مینبەرێكی گشتىیە بۆ گەنجانی ناوچەكە بە هەموو پیكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی.

میرزا دینایی جەختیكردەوە "ئەم ئاڵوگۆڕە ژینگەییەی نێوان هەردوو شارەکە مانایەکی زیاتری هەیە لە چاندنی نەمام، دەربڕینی یەکڕیزیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییە مێژوویی و ژینگەییانەی کە توشی بون، ئەمە پشتڕاستی دەکاتەوە کە چالاکی بە کۆمەڵ توانای دروستکردنی کاریگەرییەکی بەردەوامی هەیە کە سودی بۆ نەوەکانی داهاتوو هەبێت".

هەینی رابردوو 7ی ئادار، ئەندامانی رێكخراوی شنروێی كاكەیی 5000 قەڵەم داری هەناریان بردە ماڵی پێكەوەژیان لە ناحیەی سنونێ لە شنگال، وەك رەمزی 5000 قوربانی كیمیابارانی هەڵەبجە دوای ئەوەی لە ساڵی 1988دا بە بڕیاری حزبی بەعسی روخاو شارەكە كیمیاباران كرا.

Hanar2
شنگال/ ئاداری 2025/ لەكاتی چاندنی قەڵەم دارەكان لە ماڵی پێكەوەژیان. فۆتۆ: لەیس حسێن

رەنگین سەلام، ئەندامی بۆردی رێكخراوی شنروێی كاكەیی، وتی "لەو پێنج هەزار قەڵەم داری هەنارە 1600 دانەیان بەسەر جوتیارانی ناوچەكەدا دابەشكران، بۆ ئەوەی لەگەڵ گەشەكردن و چەكەرەكردنیدا بیچێنن، ئەوانی تریش لە ماڵی پێكەوژەیان لەژێر خانوی پلاستیكیدا چێنرا تاوەكو دەبنە نەمام".

وتیشی "لە بەرامبەردا چالاكوانانی شنگال بڕیاریاندا بۆ ساڵی داهاتوو 74 نەمامی هەنجیر رەوانەی هەڵەبجە بكەن، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو فەرمانانەی كە لە مێژودا دژ بە كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان دراون".

قەڵەم هەنارەكان، لە باخەكانی گوندی هەوارە كۆن و هاوار لە هەڵەبجە و دەشتی شارەزور ئامادەكراون، "هەڵبژاردنی قەڵەم هەناری سێ ژینگەی جیاواز بۆ ئەوەیە زۆرترین نەمامیان لەگەڵ ژینگەی شنگالدا بگونجێت و سەوزبن"، رەنگین وایوت.

رەجەب کاکەیی، چالاکوانی مەدەنی، كە رۆژی 7ی ئادار بۆ ئەو دەستپێشخەرییە ئامادەبوو، وتی "ئێمە تەنیا نەمام ناچێنین، هیوا لە دڵماندا دەچێنین و ئەم نەمامانە نەک تەنها نوێنەرایەتی هاودەنگی لەگەڵ لێقەوماوانی کارەساتی هەڵەبجە دەکەن، بەڵکو هێمای خۆڕاگری و هاودەنگییە لە بەرامبەر ئەو ئاڵەنگارییە ژینگەییانەی كە روبەڕوی وڵاتەکەمان بۆتەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT