ئیتر دەرهێنانی كارتی نیشتیمانی بە نۆرە نییە

نەینەوا/ 2024/ نۆرەی هاوڵاتیان بۆ راییكردنی مامەڵەی كارتی نیشتیمانی لە شێخان فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

عەمار عەزیز

ئیدارەی قەزای شێخان لە پارێزگای نەینەوا كێشەی سەرەگرتنی دەرهێنانی كارتی نیشتیمانی چارەسەر كرد، ئەوەش دوای كردنەوەی بنكەیەكی نوێ، كە رۆژانە زیاتر لە 100 كارتی نیشتیمانی بۆ هاوڵاتیان دەردەهێنێت.

كردنەوەی بنكەكە لە كاتێكدایە پێشتر (كەركوك ناو) لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە كە هاوڵاتیان بە ئاسانی دەستیان بە دەرهێنانی كارتی نیشتیمانی ناگات و پێویستە چاوەڕێی سەرەیەكی دورودرێژ بكەیت كە هەندێكجار 40 هەزار كەس لە پێشیانەوە ناوی خۆیان نوسیوە.

زیاد بەرزنجی، لە راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای شێخان بە (كەركوك ناو )ی وت "دوای هەوڵێكی زۆری قایمقامیەتی قەزای شیخان و نوێنەری قەزاكە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە 23ی شوباتی رابردوو ئەو بنكە نوێیە لەناو بینای قایمقامیەتی شێخان كرایەوە، رۆژانە پێشوازی لە فەرمانبەران، هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی ئاسایی دەكات".

فەلاح حەسەن ، موختاری  دوو گەڕەكی ناوەندی شێخانە بە (كەركوك ناو )ی وت "كردنەوەی ئەو بنكەیە كاریگەری خۆی هەبووە لە كەمكردنەوەی ئەو قەرەباڵغییەی كە پێشتر لەسەر فەرمانگەكە هەبوو... ئێستا لە جیاتی ئەوەی هەموو هاوڵاتییان بچنە فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی، دەتوانن بەشێكیان بچنە ناو بینای قایمقامیەت بۆ دەرهێنانی كارتی نیشتیمانی".

فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی شێخان لە ساڵی 2022ـەوە دەستبەكاربووە، ئەوەی وایكردووە فەرمانگەكاتی كارتی نیشتیمانی لە هەندێك ناوچە قەرەباڵغ بن، بڕیاری وەزارەتی ناوخۆیە بۆ راگرتنی مامەڵەكردن بە پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامە، چونكە لە ئێستادا تەنیا پشت بە كارتی نیشتیمانی دەبەسترێت.

هەر مامەڵەیەكی كارتی نیشتیمانی بۆ یەك هاوڵاتی، زیاتر لە نیو كاتژمێری دەوێت ئەگەر قەرەباڵغی و پشێوی نەبێت و هێڵی ئینتەرنێت خاو نەبێت یاخود نەپچڕێت، بەوپێیەی زانیاری وردی كەسیی و پەنجەمۆر و سكانی چاو وەردەگرێت، راستەوخۆ زانیارییەكان بۆ ناوەندی سەرەكی لە بەغدا دەگوازێتەوە، دواتر و پرۆسەی چاپكردنی كارتەكە و گەڕانەوەی نزیكەی هەفتەیەك یان زیاتری پێدەچێت.

فەلاح حەسەن وتی "ئێستا مامەڵەی هاوڵاتیان بە باشی بەرێوەدەچێت، یەكێك لە كێشەكان ئەوەیە، دەستپێكردنی دەرهێنانی كارتی نیشتیمانی لە شێخان درەنگ كەوت".

 شێخان قەزایەكی سەر بە پارێزگای نەینەوایە، بەڵام لەڕوی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دهۆكە، ژمارەی دانیشتووانەكەی بەپێی خەمڵاندنەكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان زیاتر لە 172 هەزار كەسە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT