"رێكخستنی خێزان" لە خانەقین نەبۆتە بـاو

ئەم وێنەیە لە 26ی ئاداری 2025 لە ماڵپەڕی Unsplash وەرگیراوە. فۆتۆ: Sandy Millar

لەیلا ئەحمەد – دیالە

ساڵانێكە كلینیكی رێكخستنی خێزان لە نەخۆشخانەی خانەقین كراوەتەوە، بۆ پێدانی هۆشیاری و رێنمایی دەربارەی تەندروستی گشتی، دوگیانیی و دوری نێوان منداڵبون، بەڵام ئەو ژنانەی سەردانی دەكەن لە پەنجەكانی دەست تێناپەڕن، بەوتەی دكتۆر شوان شاكر.

شوان شاكر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەیە و دەڵێت ئەو كلینیكەی كراوەتەوە، بەشێك نییە لە پلانی ستراتیژی عیراق بۆ رێكخستنی خێزان و پاراستنی دووری نێوان منداڵبوون، بەڵكو دەستپێشخەری خۆیانە تا خزمەتگوزاری پێویست و هۆشیاری پێشكەش بە ژنان و خێزانەكانی خانەقین بكەن.

حكومەتی فیدراڵی عیراق، ستراتيژی نیشتیمانی بۆ رێكخستنی خێزان و ماوەی -دوورى- نێوان منداڵبوون بۆ ساڵانی 2020 – 2025 هەیە و ئێستا لە كۆتاییەكانی جێبەجێكردنیدایە، تا ماوەی نێوان منداڵبوون زیاتر بكات، لانیكەم دوو بۆ سێ ساڵ، ئەوەش لەرێی فەراهەمكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و هۆكارەكانی رێگری لە دوگیانی، بە ئامانجی رێكخستنەوەی خێزان.

پرۆژەكە لە كۆتایی 2020ـدا راگەیەندرا، بە سەرپەرشتی وەزارەتی تەندروستی عیراق و هەماهەنگی لەگەڵ سندوقى نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نیشتەجێكردن (UNFPA)، وەكو نەخشەرێگایەك بۆ باشكردنی تەندروستی دایكان و منداڵان، كەمكردنەوەی رێژەی مردن، بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوام كە عیراق واژۆی كردووە.

بەڕێوبەری نەخۆشخانەی خانەقین بە (كەركوك ناو)ـی وت "ستراتیژی نیشتیمانی عیراق بۆ رێكخستنی خێزان لە ئەرزی واقيعدا جێبەجێناكرێت، بەڵام ئێمە بۆ خۆمان لە نەخۆشخانەكەمان كلینكێكمان هەیە بەناوی رێكخستنی خێزان، ئەو ژنانەی سەردانمان دەكەن و ناویان تۆمار دەكەین، مانگانەش بێ بەرانبەر دەرمانیان پێدەدەین".

نامەوێت منداڵی زۆرم ببێت، كە نەتوانم بەباشی بەخێویان بكەم

حكومەتی عیراق لە وادەی راگەیاندنی ئەو ستراتیژییەوە، لەڕێی میدیا و سۆشیال میدیاوە، هانی هاوڵاتیان دەدات ماوەی نێوان منداڵبوون بكەن بە دوو بۆ سێ ساڵ. بەوپێیەی هێشتا رێژەی وەچەخستنەوە لە عیراق لە بەرزترین رێژەكانی ناوچەكەیە.

ئاڤان ئیسماعیل (30 ساڵ)، لە خانەقین نیشتەجێیە و دایكی دوو منداڵە، تەمەنی یەكێكیان سێ ساڵ و پێنج مانگە، ئەویتر بچوكترە و تەمەنی چەند رۆژێكە، لەگەڵ هاوسەرەكەیدا رێككەوتن خۆیان پێكهاتەی خێزانەكەیان رێكبخەن، لە نێویاندا پاراستنی دووری نێوان منداڵبوون، بۆ ئەوەش پلانێكیان هەیە، "نامەوێت منداڵی زۆرم ببێت، كە زۆر و بۆر بێت و نەتوانم بەباشی بەخێویان بكەم، چونكە باری ئابوریمان باش نییە" ئەو شەشی ئامادەیی تەواو كردووە و كابانی ماڵە، هاوسەرەكەیشی لە ریزەكانی پێشمەرگەدایە.

رێكخستنەوەی خێزان و پلانی منداڵبوون، ئاڤان و هاوسەرەكەی دایانناوە بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێكی تەندروستی رێنماییان بكات، كاتێكیش هەوڵیانداوە، دەستیان نەگەیشتووە بە خزمەتگوزاری دەربارەی دوگیانی و خێزان، "چەندێك سەردانی نەخۆشخانە و تەنانەت عیادەش دەكەم، یەك كارمەند هۆشیاری پێنەداوم و بڵێت خێزانەكەت ڕێكبخەرەوە و دوو بۆ سێ ساڵ جارێك منداڵ بهێنە".

ئاڤان ئاگاداری ستراتیژییەكەی عیراق بۆ رێكخستنەوەی خێزان نییە، نەك هەر ئەو، دەڵێت هیچ ژن یان خێزانێكی دەوروبەری یاخود لە خانەوادەكەی ئاگاداری نین، بە دڵنیاییشەوە دەڵێت هیچ كاتێك رێنمایی یان هۆشیاری دەربارەی رێكخستنی خێزان پێنەدراوە، "هەر كەسێك خۆی هۆشیار بێت دەتوانێت خێزانەكەی رێكبخاتەوە و ئەوەشی نەیزانێت ئەوا هەموو ساڵێك منداڵێك دەهێنێتە دنیاوە و دواتر ناتوانێت بەخێوی بكات" ئاڤان ئیسماعیل وای وت.

xanaqi naxishxana 2025
ديالە/ 2025/ نەخۆشخانەی گشتی خانەقین فۆتۆ: راگەیاندنی نەخۆشخانەكە

وەك لە كۆی ستراتیژییە پێنج ساڵییەكەدا زیاتر لە جارێك جەختی لێكراوەتەوە؛ لە ئامانجە سەرەكییەكانی رێكخستنی خێزان و پاراستنی ماوەی نێوان منداڵبوون، بە دوو یان سێ ساڵ، هۆكارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، پاراستنی ژیانی دایك و كۆرپەلە، فەراهەمكردنی خزمەتگوزاری گونجاوتر تەندروستی و خوێندن و پەروەردەی باشتر بۆ منداڵان.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خانەقین دەڵێت هۆشیاری تەندروستی لە عیراق لاوازە و خەڵكیش هۆشیاری ئەوەی نییە تا سەردانی كلینیكەكەیان بكات، "تا لای ئێمە كار بۆ رێكخستنەوەی خێزانەكانیان بكەن و دووری نێوان منداڵبوون بپارێزن، ئەو ژنانەی دێنە كلینكەكەمان لەپەنجەی دەست تێناپەڕن و تائێستا نزیكەی 20 ژن سودمەندبوون".

وەكو دكتۆر شوان شاكر رونیكردەوە بەشێكی دیكەیان هەیە بەناوی دامەزراوەی تەندروستی، كە ئەركی پێدانی هۆشیاریی و رێنماییە بە ژنانی دووگیان، بە ئامانجی پاراستنی دووری نێوان منداڵبوون و تەندروستی دایكان و خۆپارێزی لە نەخۆشییە وەرزییەكان، "دژی ڕێگری لە منداڵبونین، بە تایبەت دواكەوتنی منداڵی یەكەم، تا ئەو دایكە توشی نەخۆشی یان تەمەنیان گەورە بوو بتوانن منداڵێكیان هەبێت، بەڵام بۆ منداڵی دووەم و سێیەم و چوارەم هۆشیاری دوری نێوان منداڵ و ڕێكخستنی خێزانیان پێدەدەین".

ئەگەر دوری ماوەی نێوان منداڵبوون بكرێت تەنیا بە دوو ساڵ، ئەوا رێژەی مردنی منداڵی تەمەن یەك بۆ چوار ساڵ سەدا 21 و رێژەی مردنی منداڵی ساوا سەدا 10 كەمدەبێتەوە، وەك لە ناوەڕۆكی ستراتیژییەكەدا ئاماژەی پێكراوە.

سیمیناری هۆشیاری دەربارەی رێكخستنی خێزان و ماوەی نێوان منداڵبوون بۆ ژنانی دوگیان رێكدەخەین

موسەنا خاڵس، یاریدەدەری پزیشكە لە بنكەی تەندروستی جەبارە -سەر بە ناحیەی جەلەولا لە قەزای خانەقین- بە (كەركوك ناو)ـی وت، لە بنكەكەیاندا ستراتیژی نیشتیمانی بۆ رێكخستنی خێزان جێبەجێدەكرێت، كارمەندی تایبەتیان هەیە بۆ هۆشیاری، لە گەڕەك و كۆڵانەكانیشدا بە پۆستەر یان لەڕێی سیمینارەوە هۆشیاری رێكخستنی خێزان و مەودای دوری نێوان منداڵبوون بە ژنان و پیاوان دەگەینن.

"ئەو ژنانەی دووگیانن، دوو مانگ جارێك سیمیناری هۆشیارییان بۆ رێكدەخەین دەربارەی رێكخستنی خێزان و مەودای دوری نێوان منداڵبوون،... بەڵام زۆربەی ژنان دانیشتوانی گوندەكانن بۆیە هۆشیارییەكانمان سودێكی باشی نەبووە و منداڵی زۆر دەخەنەوە" بەوتەی موسەنا خاڵس.

لە ساڵی رابردوودا هەزار و 194 منداڵ لە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین لە دایكبوون، لەو ژمارەیەك شەش كۆرپەلە مردوون و هیچ دایكێكیش لە كاتی منداڵبووندا گیانی لەدەستنەداوە. بەپێی ئامارێكی رەسمی بۆ (كەركوك ناو).

دكتۆر شوان شاكر داواكارە دایكان سەردانی نەخۆشخانە بكەن و كوتان وەربگرن، هەموو پشكنینێكی تر بكەن، تا بەدووربن لە منداڵی نەخۆش و شێواو، چونكە نەخۆشییەكانی پەیوەست بە كۆرپەلە زۆربوون، بەوپێیەی دایكەكان بەبێ رێنمایی پزیشك و تەندروستی دەرمان دەكڕن و دەیخۆن، "بەڕاستی ستراتیژی نیشتیمانی عیراق بۆ رێكخستنی خێزان زۆر گرنگە پەرەی پێبدرێت تا خێزانی عیراقی ڕێكبخەینەوە و ماوەی نێوان منداڵبون دووساڵ بێت باشترە بۆ منداڵ و دایك و ئابوری و نیشتەجێبونیش".

ستراتیژی رێكخستنی خێزان و ماوەی نێوان منداڵبوون وەك لە بنەماكانیدا جەختی لێكراوەتەوە، دەوڵەت لایەنی بەرپرسی یەكەمە تیایدا، لەڕێی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی رێكخستنی خێزان وەكو بەشێك لە پاكێجی تەندروستی دوگیانی بەپێی پێوەرەكانی كواڵیتی جیهانی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT