خەڵكی شنگال داوای ئارامی لە هێزە ئەمنییەكان و حكومەتی خۆجێی نەینەوا دەكەن، چونكە لە دڵەڕاوكێی ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییەی قەزاكەدا دەژین، مانگی رابردوو بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان سوپا و هێزەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، پێنج كەس بە سوكی برینداربون و پێنجی تر دەستگیركران، سوپا چووە ناو شارەوە و چەكی قورس جێگیركرا.
مانگێكە دۆخی شنگال بە ئارامییەكی جێگردا تێناپەڕێت، قەزاكە كە ناوچەیەكی جێناكۆكە بەپێی دەستوری عیراق و زۆرینەی پێكهاتەكەی ئێزیدین، دوو ساڵە قایمقامی نییە، گروپە چەكدارەكانیش لە ململانێی بەردەوامدان بۆ پرسی گرتنەدەستی دۆسیەی ئەمنی.
خدر ئەلیاس، دانیشتوی ناوەندی شنگال وتی "گەڕاینەوە شنگال تا ژیانێكی نوێ دەستپێبكەین، بەڵام دۆخی ئەمنی شنگال جێگیرنەبۆتەوە... روداوەكانی ئەمدواییە بۆتە جێی دڵەڕاوكێ و نیگەرانی ئەو خەڵكەی كە لە ئاوارەییدا گەڕاونەتەوە، كەس ئامادەنییە ئارامی بۆ شنگال بهێنێت".
خدر خۆی لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش لە عیراق لە ئابی 2014دا قەزاكەی بەرەو كەمپەكانی ئاوارەیی لە هەرێمی كوردستان بەجێهێشت و دوای 10 ساڵ گەڕایەوە، وتی "ئارامی لە پێش خزمەتگوزارییەوەیە، بەڵام هێشتا شنگال ئارام نییە".
لە 18ی ئادار، بارگرژی لە نێوان یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) و سوپا لە ناوەندی شنگال دروستبوو، بەهۆیەوە پێنج كەس بە سوكی لە سوپا و هەواڵگری عیراق برینداربون، دواتر سوپا هێز و چەكی قورسی رەوانەی ناوەندی شنگال كرد.
دوای كەمتر لە هەفتەیەك سوپا چەكە قورسەكانی كشاندەوە، بەو مەرجەی لایەنگرانی یەبەشە خێمەی ناڕەزایی لەبەردەم بینای هەواڵگری عیراق لە شنگال بكشێننەوە.
جەلال خەڵەف، پۆستی بەڕێوەبەری كارگێڕی هەیە لە بینای قایمقامیەتی شنگال دەوام دەكات، وتی "هەوڵی زۆر دراوە كە كێشەكانی نێوان یەبەشە و دەزگا ئەمنییەكان چارەسەربكرێن، بەڵام ئەنجامی دڵخۆشكەری نەبووە".

ئەو لەسەر روداوەكە زیاتر قسەی كرد، "لەو پێنج كەسەی دەستگیركراون، یەكێكیان رومانەی پێبووە، ئەوان كەسێكیان رفاندووە و لەوێوە كێشەكە سەریهەڵداوە"، زیاتر وتی "ئەو پێنج كەسە تەقەیان لە هێزە ئەمنییەكان كردووە و بەو هۆیەوە بەڕێوەبەری هەواڵگری شنگال، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیس دووان لەو كەسانە بون كە برینداربون و ئامادەنین لەو پێنج كەسە خۆشبن، ئێستا دەستگیركراوەكان لە بەغدان و كەسوكارییان دەیانەوێت ئازادبكرێن".
یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، لە سەروبەندی كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال لەژێر دەستی چەكدارانی داعش و لە ساڵی 2015دا لە خەڵكی ناوچەكە پێكهێنراوە و لەژێر ركێفی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگالدا كاردەكەن، ئەو ئەنجومەنەش بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێت.
بەڵام بەپێی رێككەوتنی شنگال كە لە كۆتایی ساڵی 2019دا بۆ بەڕێوەبردنی شنگال لە نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان واژۆكرا، دەبێت هەموو هێزەكان لەوانەش یەبەشە لە ناوەندی شنگال بكشێنەوە و پۆلیس دۆسییەی ئەمنی بگرێتە ئەستۆ.
غەزال رەشو، ئەندامێكی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە نامانەوێت شەڕ لەگەڵ سوپای عیراق بكەین، دەمانەوێت بە ئاشتیانە كێشەكان چارەسەر بكرێت، چونكە بونی شەڕ زیان بە خەڵكی تر دەگەیەنێت، ئەوەش پێچەوانەی باوەڕی ئێمەیە...".
وتیشی "بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری ئەو پێنج ئەندامەمان نابین، ئەوەی كە رویدا پیلانێك بوو لایەنێك دەیویست كێشە لە نێوانماندا روبدات بۆ ئەوەی تۆمەت بۆ یەبەشە دروستبكرێت، ئێستاش بە ئاشتی و لەڕێی چالاكی مەدەنییەوە داوای ئازادكردنیان دەكەین"، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی ئەوان ئێستا لەناو شنگال نەماون و لە دەوروبەری شنگالن.
تێڕوانینەكان هەرچییەك بن، هێشتا شار بۆ خدر ئەلیاس و ئاوارە گەڕاوەكانی تر ئارام نییە، ئەو وتی "حكومەت وەكو پێویست هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی شنگال نادات، برادەرانی یەبەشەش بەهەمانشێوە، لەو نێوەندەشدا دواجار هەر خەڵكی مەدەنییە دەبێتە قوربانی... دەبێت كێشەكان لەبنەڕەتەوە چارەسەر بكرێن".
جەلال خەڵەف وتی "ئەم چەند رۆژە شار ئارام بۆتەوە، خەڵك دەچێتە سەر كار و پیشەی خۆی و دەگەڕێتەوە، ئێستا پۆلیس دۆسیەی ئەمنی شار دەپارێزێت".
محەمەد جاسم، سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، كە سەردانی قەزای كردووە بۆ بەدواداچون بۆ كێشەكانی ئەمدواییە، وتی "هەوڵێكی گشتی و باش هەیە بۆ بنبڕكردنی ئەو جۆرە كێشانە، پەیاممان ناردووە بۆ هەموو لایەنەكان كە نابێت دۆخی شنگال بكرێتە ئامرازێك بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان".
گرژییەكانی شنگال لەكاتێكدا هێشتا قایمقامی نوێی شنگال دەستبەكارنەبووە، لەكاتێكدا ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لە تەمموزی 2024دا هەموو سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی پارێزگاكەی هەڵبژارد، لە نێویاندا قایمقامی قەزای شنگال، بەڵام ئەوە پێویستی بە بڕیاری پارێزگار هەیە.
چوارشەممە 9ی نیسان پارێزگاری نەینەوا بڕیاری دەستبەكاربونی بۆ شەش قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لە سنوری پارێزگای نەینەوا دەركرد، بەڵام قایمقامی شنگالی تیانەبووە.
قایمقامی بەوەكالەتی شنگال لە 20ـی نیسانی 2023ـەوە وازی لە پۆستەكەی هێناوە و قەزاكە لە بۆشایی كارگێڕیدایە.

عێدان شێخ كالو، كە خۆی ئێزیدییە و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوایە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە پارێزگاری نەینەوام پرسی ئایا هیچ كێشەیەك هەیە لە دەركردنی بڕیاری دەستبەكاربونی قایمقامی شنگال، بەڵام وتی نا هیچ كێشەیەك نییە، تەنیا هەندێك رێكاریی كارگێڕی ماون".
لە دانیشتنی تەمموزی 2024دا كە تیایدا پۆستی یەكە كارگێڕییەكان یەكلاییكرایەوە، لەكۆی 29 ئەندامی ئەندومەن 13 ئەندامیان بایكۆتی كۆبونەوەكەیان كرد و دانیشتنەكەیان بە نایاسایی ناوبرد، بەڵام دواتر كەیسەكەیان لە دادگا دۆڕاند، ئەوە یەكێك بوو لە هۆكارەكانی دەستبەكارنەبونی قایمقامی شنگال، بەڵام لە ئێستادا كە كەیسەكان لەڕویی یاساییەوە یەكلاییبونەتەوە، دەستبەكارنەبونی قایمقامی شنگال بووە بە پرسیار.
محەمەد جاسم، كە ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، وتی "بونی ئیدارەیەكی گونجاو و دەستبەكاربونی قایمقام، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی و پتەوكردنی دۆخی ئەمنی بەدوادادێت".
وتیشی "گرنگە خەڵكی شنگال بخزێنرێنە ناو ئیدارەی شنگال و هێزە ئەمنییەكانەوە لەوانەش سوپا، دەرفەتی كاریان بۆ بڕخسێنرێت، ئەمە وادەكات ناوچەكە بەرەو ئارامی هەنگاو بنێت".