ئارەزوو بە منداڵی پێنجەمی دوگیانە، هەركاتێك هەست بە كێشەیەكی تەندروستی بكات یاخود پێویستیی بە رێنمایی هەبێت، پێویستە دەیان كیلۆمەتر رێگا ببڕێت تا پزیشكی پسپۆڕ ببینێت، چونكە لە زێدی خۆی ئەو خزمەتگوزارییەی دەستناكەوێت.
ئارەزوو ناوی خوازراوی ژنێكی نیشتەجێی ناحیەی تەكیەی كاكەمەند-ـی خۆرئاوای سلێمانییە، تەمەنی 38 ساڵە و چوار منداڵی هەیە، دوای چوار مانگ لە دوگیانی ئەوكات كارتی كوتانی بۆ بنكەی تەندروستی ناحیەكەی بۆ كراوە، ئەوەش تەنیا كوتان و هەندێك خزمەتگوزاری سەرەتایی تەندروستی نەك بینینی پزیشكی پسپۆڕ.
"لێرە (تەكیە) کاتێک ژنێک هەست دەکات کە دووگیانە، راستەوخۆ دەبێت لە چەمچەماڵ و سلێمانی سەردانی دکتۆری پسپۆڕ دەکەن، لەبەرئەوەی لە تەکیە، دکتۆری پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون دانانیشێت" ئەو ژنە وای وت، دەڵێت لە بنكە تەندروستییەكەی تەكیە ژوری تایبەت بە ژنانی دوگیان و پێدانی رێنمایی نییە، تەنیا بۆ كوتانی خۆیان و منداڵ سەردان دەكەن.
ئەوەش لە كاتێكدیە هەموو ژنێكی دوگیان، مافی ئەوەی هەیە بەوردیی چاودێریی تەندروستی بکرێت و مافەکانیان لە نەخۆشخانەکان وەربگرن، لە نێویاندا پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پێویستی تەندروستی و پێدانی زانیاریی دروست، وەكو وەرگرتنی چارەسەر، پشکنینی بەردەوام، رێنمایی رێكخستنی خۆراك و زۆر شتی تر.
رێزان فەرید، سەرۆکی یاریدەدەریی پزیشکیی لە یەکەی زایندەیی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی تەندروستیی ناوشار و دەرەوەی شار لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی نایشارێتەوە كە لە هەندێک لە بنکەکانی دەرەوەی شار پێدانی زانیاری دەربارەی رێكخستنی خێزان و تەندروستی ژنانی دوگیان نییە، "ئەوەش بەداخەوە بەهۆی نەبوونی پزیشكی پسپۆڕ لەو شوێنانەدا".
ژنانی تەكیە دەبێت بۆ سەردانیكردنی پزیشكی پسپۆڕ بچنە چەمچەماڵ و سلێمانی
رێزان ئەوەش دەڵێت هەر دایکێک کاتێک دەزانێت دوگیانە، پێویستە بەزویی سەردانی نزیکترین مەڵبەندی تەندروستی بکات، تا زانیارییەكانی تۆمار بكرێت، وەكو زانیاری خێزانی و ئەو جۆرە نەخۆشییانەی لە خێزانەکەدا هەیە، بەتایبەتیی بۆماوەییەكان، لەگەڵ زانینی كێش، فشاری خوێن، شەكرە و هەندێك پشكنینی بۆ دەكرێت، پاشان هەموو سێ مانگ جارێک و سەردانە خولییەکانیش هەموو مانگێک جارێک دەبێت، بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیی دایک و كۆرپەلە.
ئەو رێكار و خزمەتگوزارییانە لە هەموو بنكە و ناوەندێكی تەندروستی، بە تایبەت لە بنكەكانی دەرەوەی ناوشار یان ناوچەی دورەدەست بەشێكی بەردەست نییە.
پەیمان حەسەن (28 ساڵ)، لە گوندەکانی دەوروبەری تەکیە نیشتەجێیە، دوو منداڵی هەیە و پێشتر بۆ ئاگاداربوون لە تەندروستی خۆیی و منداڵەکەی سەردانی بەشی چاودێریی ژنانی دوگیانی مەڵبەندی تەندوستیی تەکیەی كردووە، وتی "ئێستا منداڵەکەم تەمەنی سێ مانگە، لە کاتی لە دایکبونیەوە تەنیا بۆ کوتانەکان دەیبەمەوە بۆ تەکیە، ئەگەرنا بۆ ئاگاداربوون لە خۆم و منداڵەکەم لە سلێمانی و چەمچەماڵ سەردانی پزیشكی پسپۆڕ دەکەین".
تەكیە لەروی ئیدارییەوە سەر بە قەزای چەمچەماڵە، ئەو قەزایە ژمارەی دانیشتوانی نزیكدەبێتەوە لە 200 هەزار كەس، بەڵام دیارنییە ژمارەی منداڵ لەو قەزایە و ناحیەكانی چەندە، تەنیا ئاماری پارێزگای سلێمانی هەیە، بەپێی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە ساڵی رابردوودا 30 هەزار و 65 منداڵ لە دایك بوون.
بەیان حەمزە، لە بەشی چاودێری ژنانی دوگیان كاردەكات، كە سەر بە مەڵبەندی تەندروستی ناحیەی تەكیەی كاكەمەندە، دەڵێت ماوەی دوو مانگێك دەبێت، تەنیا رۆژێك لە هەفتەیەكدا تەرخانكراوە بۆ ئامادەبونی پزیشكی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون، لە پێناو هاوكاریكردنی ئەو ژنانەی دەیانەوێت زانیاری بە تایبەت دەربارەی ماف و تەندروستی زایندەیی وەربگرن.
ئێستا لە بەشێكی بنكە تەندروستییەكاندا بەشی رێکخستنی خێزان هەیە
لە بنكەی تەندروستی تەكیە ناو و زانیاری ژنانی دوگیان تۆماردەكرێت، وەكو بەیان رونیكردەوە، تۆماركردنەكە دوای ئەوەدێت ژنانی دوگیان خۆیان پشكنینی سۆنەری پزیشكی پسپۆڕ ئامادە دەكەن، "ئەو ژنانەی لای ئێمە کارتیان بۆ پڕدەکرێتەوە لە دوای پێنج مانگی دووگیانییانەوە، کاتێک دێنە ئێرە کوتانیان بۆ دەکەین. هەروەها ژوورێکی تایبەتمان بۆ کوکردنەوەی ژنانی دووگیان نییە، بەڵام تەنها زانیارییان پێدەدەین".
ئەو بنكە تەندروستییەی تەكیە رۆژانە نزیكەی 25 ژنی دوگیان سەردانی دەكەن و ماوەیەكە كەمە پزیشكی بۆ دانراوە و تەنیا چوارشەممان دەوام دەكات.
سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی تەندروستیی ناوشار و دەرەوەی شار رونیكردەوە ژنانی دوگیان، لە دوای چوار مانگییەوە كوتانیان بۆ دەكرێت، واتە بە كۆی ماوەی دوگیانی دووجار كوتانی هەیە، دوای لە دایكبونی منداڵەكەی سێ كوتانی تری هەیە، بەزۆریش لە مەڵبەندە تەندروستییەكانی ناوشار سۆنەر بۆ ژنان دەكرێت و لەوێ رێنمایی پێویستیان پێدەدرێت.
ئەو رێنماییانە لە سێ مانگی سەرەتادا، زیاتر باسی خواردنی تەندروست، پشودان و دوورکەوتنەوەیە لە نیگەرانیی، لەگەڵ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ نەخۆشیی، پاشان بۆ مانگەكانی دواتر جەخت لە گرنگی شیرپێدانی سروشتی دەكرێتەوە، بۆ سێ مانگی كۆتاییش دەربارەی لە دایكبونی منداڵەكەی زانیاری پێدەدرێت.
رێزان فەرید دەڵێت دوای لە دایكبونی منداڵ، ژنان دوو سەردانی گرنگی بۆ مەڵبەندی تەندروستی هەیە، تا پشكنینەكانی بۆ بكرێتەوە، لەوێ جارێكی دیكە رێنمایی و زانیاری دەربارەی تەندروستی خۆیی و كۆرپەلە پێدەدرێت.
"ئێستا لە بەشێكی بنكە تەندروستییەكاندا بەشی رێکخستنی خێزان هەیە، بۆ زانیاریی زایندەیی بە دایکان، رێنمایی دەكرێن منداڵی دیكەیان نەبێت منداڵەکەی تەمەنی نەبێتە دووساڵ"، وەك رێزان باسیكرد، ئەوەش لە پێناو تەندروستی دایك و كۆرپەلەدایە.
لە پارێزگای سلێمانی، یەكەی چاودێری دایكانی دووگیان و كۆرپەلە، لە 74 بنكە و مەڵبەندی تەندروستی هەیە، كە 53ـیان لەناوشار و 21 بنكەیان لە قەزا و ناحییە و گوندەكاندا هەن، مانگانە سێ هەزار ژن لە خزمەتگوزارییەكانی سودمەنددەبن، بەپێی ئامارێكی هۆبەی پتەوکردنی تەندروستی سلێمانی بۆ (كەركوك ناو).