17 هەزار گرێبەستەكەی نەینەوا هەرای ناوەتەوە: ژنان دەبن بە پێشنوێژ؟

نەینەوا/ 2018/ دیمەنێكی شاری موسڵ لە كەناری روباری دیجلەوە فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز – نەینەوا

ئەحمەد عەبد رەبە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا سورە لەسەر ئەوەی ناوی زیاتر لە 50 ژن وەكو پێشنوێژی مزگەوت لە لیستی دامەزراندنی 17 هەزار گرێبەستی پارێزگاكەیدایە، لە كاتێكدا ئیدارەی شار رەتیدەكاتەوە و وەقفی سونی خۆی لێ بێبەریدەكات.

قسەكانی ئەو ئەندامەكەی ئەنجومەن، چەند رۆژێك لەمەوبەر هات لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، تیایدا جگە لە دۆسیەی ژنانی پێشنوێژ، باسی چەندین "گەندەڵی و یاریكردن بە ناوی دامەزرێنراوان و دۆسیەی دیكەی كرد"، وەكو ناڕەزاییەك دەربارەی رێكارەكانی دامەزراندنی 17 هەزار كەس لە نەینەوا.

دامەزراندنی 17 هەزار كەس، لە چوارچێوەی بودجەی سێ ساڵی عیراقدایە و بە شێوەی گرێبەستە، لە ئەیلولی ساڵی رابردودا فۆڕمی ئەلیكترۆنی بۆ راگەیەندرا، لە سەرەتای ئەمساڵدا ناوی دامەزرێنراوان بڵاوكرایەوە و لە سەرەتای ئایاری 2025ـدا پارێزگار فەرمانی دەستبەكاربوونی بۆ دەركردن.

ئەحمەد عەبد رەبە لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی چەندین كەس هەن، ناویان لە كاتی راگەیاندنی تۆماری دامەزرێنراواندا هەبووە و دواتر لە لیستی ئەوانەی فەرمانی دەستبەكاربونیان دەرچووە، ناوەكانیان دیارنەماوە، هەروەها جەختیكردەوە "دەستكارییەكی زۆر لە پرۆسەی دامەزراندنی 17 هەزار پلە وەزیفییەكەی نەینەوادا كراوە".

یەكێك لەو دۆسیە نامۆیەی بەلای ئەندامەكەی ئەنجومەنەوە لە لیستی دامەزرێنراوانی گرێبەستدا هەبووە، وەك ئەو وتی "قەت بیستووتانە ژن بە سیفەتی پێشنوێژی مزگەوت دابمەزرێت، ئەمە لە هیچ ئایینێكدا روینەداوە، بەڵام لە نەینەوا زیاتر لە 50 ژن بۆ ئەو وەزیفەیە دامەزرێنراون"، زیاد لە جارێكیش باسی لەوەكرد، سەروو 700 تانەی دەربارەی دامەزراندنەكە بۆ رەوانە كراوە.

دۆسیەی دامەزراندنی ژنان بە پێشنوێژ، كە تائێستا لە عیراق نەبووە، بە خێرایی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنی و بوو بە بابەتی تەنز.

وەقفی سونە لە نەینەوا، هەرزوو رونكردنەوەیەكی لە پەیجی فەرمی خۆی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، ناوەكانیان لە دیوانی پارێزگاوە بەوشێوەیە رەوانەی ئەوان كراوە، "ئێمە هیچ رۆڵێكمان لە لیستی ناوەكان و ناونیشانە وەزیفییەكاندا نەبووە".

یوسف محەمەد، سەرۆكی وەقفی سونە لە نەینەوا بۆ (كەركوك ناو) جارێكیتر جەختیكردەوە لەو رونكردنەوەیەی هەیانبووە، وتی هیچی دیكەیان نییە، "ناوەكان لە دیوانی پارێزگاوە بۆ ئێمە هاتووە و لای ئێمەوە دەرنەچووە".

بەپێی لیستێكی ناوی دامەزرێنراون كە دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، لە 20 ناوی میلاكی وەقفی سونی، كە بە ناونیشانی وەزیفی جیاوازن، سێ كەسیان لە رەگەزی مێ و یەكێكیان بە ناونیشانی "ئیمامی پێنجەم" و دوانەكەی دیكە بە ناونیشانی "حرفی یەكەم" ناویان هاتووە.

رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری كارگێڕی بۆ (كەركوك ناو) رەتیكردەوە زیاتر لە 50 ژن بە پێشنوێژ دامەزرابن، بەڵام دڵنیاش نەبوو، "زانیاری تەواوم لەسەر ئەم بابەتە نییە، ئەوەندی من بزانم شتی وانییە و دەنگۆكە راست نییە".

لەگەڵ ئەوەشدا، جەختیكردەوە كۆی پرۆسەی دامەزراندنی 17 هەزار گرێبەستەكەی نەینەوا، "بەشێوەیەكی رێكوپێك بووە، بەپێی رێژەی دانیشتووان دابەشكراوە و چەند پێوەرێك لەبەرچاو گیراون".

گرێبەستەكانی نەینەوا، هەشت هەزاری بۆ پەروەردەی نەینەوا بووە، هەشت هەزاری بۆ فەرمانگەكانی دیكە و دیوانی پارێزگا، لە نێویاندا 52 پلە بۆ فڕۆكەخانە، هەروەها هەزار گرێبەست پشكی شنگال بووە.

ئەحمەد كیكی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "دامەزراندنی 50 ژن بەناونیشانی ئیمام یاخود پێشنوێژ  بۆ مزگەوتەكانی سنوری نەینەوا جارێ‌ تەنیا دەنگۆیە، هێشتا هیچ شتێكی رەسمی نییە"، جەختیكردەوە هەر تێبینیی و دۆسیەیەكی "نایاسایی و نادروست" لەبارەی پرۆسەكەوە هەبێت، ئەوا بەدواداچوونی بۆ دەكەن.

17 گرێبەستەكەی نەینەوا، لە ماوەیەكی دورودرێژ لە گفتوگۆ و مشتومڕی ئیدارەی پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگادا تێپەڕی، هەروەك چۆن لە پارێزگاكانی دیكەش، دامەزراندنی گرێبەست بەپێی بودجەی سێ ساڵی، لە هەندێكیاندا هێشتا جێی ناكۆكی و ململانێی توندە، لە نێویاندا دیالە و كەركوك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT