ململانێی سیاسی و كێشەی تەكنیكی
راگەیاندنی 7000 پلەی وەزیفی لە كەركوك دواخستووە

كەركوك/16ی كانونی یەكەمی 2020/ خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ داواكردنی راگەیاندنی ناوی دامەزرێنراوان فۆتۆ: كەركوك

لەیلا ئەحمەد

ئیدارەی پارێزگاری كەركوك نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت لە راگەیاندنی حەوت هەزار و 304 پلەی وەزیفی بەشێوەی گرێبەست بۆ پارێزگاكە، ئەوەش بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكان لە پشكپشكێنەی نەتەوەیی بۆ دامەزراندنەكە و هەندێك گرفتی تەكنیكی.

ئەو حەوت هەزار و 304 پلە وەزیفییە بەپێی یاسا بودجەی عیراق بەر پارێزگای كەركوك كەوتووە، بەڵام ساڵێكە لە بێنەوبەردەی نێوان پێكهێنەرانی حكومەتی خۆجێی كەركوكدا ماوەتەوە.

سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لە دیوانی پارێزگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "كێشەی گەورەی بەردەم دامەزراندنەكە ناكۆكی سیاسییە لەسەر دابەشكاریی پلە وەزیفییەكان بەسەر ناوچە و نەتەوەكاندا، ناكۆكییەكی تر ئەوەیە هێشتا هەندێك گرفتی تەكنیكی ماوە و چارەسەرنەكراوە بۆ راگەیاندنی پڕكردنەوەی فۆرمی ئەلكترۆنی دامەزراندنەكە".

"پێكهاتەی عەرەبی داوا دەكەن لەو ژمارەیە هەزار پلەی وەزیفی بۆ قەزای حەویجە بێت، بەڵام لایەنی كوردی ئەوە رەتدەكەنەوە"، زیاتر وتی "بەپێی دابەشكاریی و داوای لایەنی عەرەبی بێت ناوەندی كەركوك تەنیا لەسەدا 32ی كۆی دامەزراندنی پارێزگاكەی بەردەكەوێت، بەڵام  لایەنی كوردی بەو دابەشكارییە رازی نەبون، چونكە ژمارەی دانیشتووانی ناوەند زۆرە"، سەرچاوەكەی (كەركوك ناو) وایوت. ئەو  لەبەرئەوەی مافی لێدوانی لەسەر پرسی دامەزراندنەكە نییە، بۆیە داوایكرد ناوی نەهێنرێت.

زیاتر لە جارێك رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك جەختیكردۆتەوە و بەڵێنیداوە لەوەی لە نزیكترن كاتدا دامەزراندنەكە رادەگەیەنێت، تەنانەت لە یەكێك لە چاوپێكەوتنەكانیدا بە رۆژنامەنوسانی وت "حەزەكەن سبەی رایدەگەیەنم".

هەروەها محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە یەكەم چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانیدا دوای دەستبەكاربونی لەو پۆستە، لە ئابی 2024دا بە (كەركوك ناو)ی وت "دانانی میكانیزمێك بۆ دامەزراندنی ئەو 7000 پلەی وەزیفییە لە پێشینەی كارەكانی ئەنجومەن دەبێت"، ئەوكات وتی "لە رۆژانی نزیكی ئایندەدا پرۆسەی دامەزراندن بە گرێبەست دەستپێدەكات، كە رۆڵی دەبێت لە كەمكردنەوەی ئەو بارگرانییەی لەسەر شانی گەنجانی دەرچووی زانكۆ و پەیمانگەكان هەیە، نوسراوێكی رەسمی بۆ پارێزگا دەنێرین تا رێكارەكانی ئەو پرۆسەیە دەستپێبكات".

سەرچاوەكەی  (كەركوك ناو) لە دیوانی پارێزگا وتی "رێبوار تەها چەندجارێك هەوڵیداوە لایەنەكان لەیەكتر نزیك بكاتەوە بۆ رێككەوتن، بەڵام ئەوە پێویستی بە تەوافقی سیاسی هەیە و هێشتا ئەو تەوافقە دروستنەبووە... بەپێی داواكارییەكان بێت چارەسەری قورسە".

زیاتر وتی "بەمنزیكانە هیچ ئومێدێك نییە بۆ راگەیاندنی دامەرزاندن بە گرێبەست".

نەشئەت شاهوێز، سەرۆكی فراكسیۆنی كەركوك هێز و ئیرادەمانە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە كانونی دووەمی ئەمساڵ بە (كەركوك ناو)ی وت "یەکێک لەو هۆکارانەی کە تائێستا پلاتفۆرمەكان كارا نەبون و دامەزراندنەكە بە ئۆنڵاین كارا نییە، ئەوەیە کە رێکكەوتن لەسەر دابەشكاریی دامەزراندنەكە لە نێوان پێكهاتەكاندا نەكراوە... ئەم پرسە بەڕاستی ئاڵۆزە".

زیاتر وتی "وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک ئەو دابەشکارییەی كە لە حكومەتی پێشودا كراوە قبوڵیناكەین، چونکە دابەشکارییەکە واكرابوو كە هەموو دامەزراندنەكە بۆ یەك نەتەوە بوو".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT