(كەركوك ناو)، رۆژنامەنوسەكانی ئاشنای ماف و تەندروستی زایندەیی دەكات

سلێمانی/ ئایاری 2025/ راهێنانی كەركوك ناو دەربارەی ماف و تەندروستی زایندەیی فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

دەزگای میدیایی (كەركوك ناو)، گۆڕانكارییە نوێیەكانی پەیوەست بە كاری میدیایی و لە نێویاندا روماڵكردن لە چوارچێوەی ماف و تەندروستی زایندەیی، بۆ پەیامنێر و رۆژنامەنوسانی روندەكاتەوە، وەكو بەشێك لە پلانی داهاتووی كاركردن.

لە راهێنانێكی سی رۆژەدا، 27 بۆ 29ـی ئایاری 2025 لە سلێمانی، پەیامنێر و ستافی (كەركوك ناو) پێكەوە كۆبوونەوە بۆ تاوتوێی چەند تەوەرێكی میدیایی، بە دیاریكراوی ماف و تەندروستی زایندەیی، كە وەكو بەشێك لە پرۆسەی مەسارونا كاری لەسەر دەكات.

"یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان بەوردی خول لەسەر رۆماڵكردنی پرسەكانی بابەتی تەندروستی و زایندەیی و كاریگەری گۆڕانی ئاووهەوا لەسەر زایندەیی ببینین، فێری زانیاری نوێتر بوین و پێداچونەوەیەكیش بوو بەو زانیارییانەی پێشتر دەمانزانی" لەیلا ئەحمەد، پەیامنێری (كەركوك ناو) لە دیالە و بەشداربووی راهێنانەكە، وای وت.

KIRKUKNOW 2025 (1)-1
سلێمانی/ ئایاری 2025/ بەشێك لە چالاكییەكانی راهێنانی كەركوك ناو فۆتۆ: كەركوك ناو

لەیلا دەڵێت زانیارییان وەرگرتووە چۆن بەشێوەیەكی نوێ، پرۆفیشناڵ و وردتر لەچاو پێشوو، بابەتییانە رۆماڵی تەندروستی و زایندەیی بكەن، لە نێویاندا خستنەڕوی لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوا لەسەر ئافرەتانی دوگیان بەشێوەیەكی زانستی، "پێشتر هیچ خولێكم دەربارەی كاریگەری گۆڕانی ئاووهەوا لەسەر زایندەیی نەبینیووە، ئێستا دەتوانین گۆشەی بابەت دیاری بكەین و فكرەی كارمان هەبێت و بەشێوەیەكی باش و زانستی كاری لەسەر بكەین".

كارنامەی راهێنانەكە بریتی بوو لە ناوەڕۆكی ماف و تەندروستی زایندەیی (SRHR)، گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا و پەیوەست بە تەندروستی، گۆڕانكاریی و پێشكەوتنەكانی سەردەم لە بواری كاری میدیایی بە تایبەت ژیری دەستكرد و گواستنەوە بۆ ژینگەیی دیجیتاڵی، لەگەڵ پێداچوونەوە بە بنەما و پرەنسیپەكانی كاركردن لە (كەركوك ناو).

ئەحمەد بلە، پەیامنێری (كەركوك ناو) لە نەینەوا و بەشداربوی راهێنانەكە وتی "راهێنانێكی نایاب بوو لە ڕوی ناوەڕۆك ئەو زانیارییانەی راهێنەرەكان بە بەشداربوانیان گەیاند، چونكە بابەتی ماف و تەندروستی زایندەیی دۆسیەیەكە شایەنی ئەوەیە چاودێری و بەدواداچونی بۆ بكرێت".

KIRKUKNOW 2025 (2)
سلێمانی/ ئایاری 2025/ بەشێك لە رۆژنامەنوسان و پەیامنێرانی كەركوك ناو فۆتۆ: كەركوك ناو

بلە دەڵێت هەر لەو راهێنانەدا زانیارییان وەرگرت، چۆن بیرۆكە و گۆشەی رۆژنامەوانی دیاریبكەن بۆ روماڵی دۆسیە و كێشەكانی پەیوەست بە ماف و تەندروستی زایندەیی، هاوكات ببنە بەشێك لەو هۆشیارییەی پێویستە كۆمەڵگە دەربارەی تەندروستی خۆیان و وەچەخستنەوە هەیانبێت، "بە هیواین ئەم راهێنانانە بەردەوام بون بۆ تیشك خستنە سەر ئەو دۆسیەیانەی گرنگی گەورەیان بۆ كۆمەڵگە هەیە".

پێشتر و لە نیسانی ئەمساڵدا، (كەركوك ناو) راهێنانێكی دیكەی بۆ ژمارەیەك لە رۆژنامەنوسانی دامەزراوە و دەزگا میدیاییە جیاوازەكان هەبوو دەربارەی ماف و تەندروستی زایندەیی و پەیوەست بە لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوا.

پرۆژەی مەسارونا، كە (كەركوك ناو) هاوبەشێكی سەرەكییە تیایدا، ئەركی سەرەكی بریتییە لە چاودێری جێبەجێكردنی ستراتیژی نیشتیمانی بۆ رێكخستنی خێزان لە عیراق لەگەڵ ئامادەكردنی چەندین بابەتی رۆژنامەوانی و بەدواداچوون دەربارەی خزمەتگوزارییەكانی ماف و تەندروستی زایندەیی، ئینفۆگرافیك، ڤیدیۆ زانیاری، راستكردنەوەی زانیاری هەڵە و هەواڵی ناڕاست، سیمیناری هۆشیاری و چاوپێكەوتن.

KIRKUKNOW 2025 (18)KIRKUKNOW 2025 (6)KIRKUKNOW 2025 (11)KIRKUKNOW 2025 (14)KIRKUKNOW 2025 (27)KIRKUKNOW 2025 (13)KIRKUKNOW 2025 (12)





  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT