روو لە كلینیكی تایبەت دەكەن

ژنانی دوگیان "متمانەیان" بە چاودێری تەندروستی حكومی نییە

دیالە/ 2025/ بەشی تایبەت لە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین كە خزمەتگوزارییەكانی بە پارەیە لە نێویاندا نەشتەرگەری منداڵبوون فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – دیالە

كلینیكەكانی پزیشكی ژنان و منداڵبوون لە خانەقین، دەمەوئێواران جمەی دێت لە ژنانی دوگیان كە بۆ چاودێری تەندروستی خۆیان و كۆرپەلەكانیان چەند كاتژمێرێك نۆرە دەگرن، لە كاتێكدا "هەمان خزمەتگوزاری" لە نەخۆشخانە حكومییەكاندا بێبەرانبەر هەیە.

"زۆربەی ژنانی دوگیان متمانەیان بە كەرتی گشتی نییە، بۆیە پەنا دەبن بۆ كیلنیكی تایبەت و نەخۆشخانەی تایبەت" شادان محەمەد (22 ساڵ) وای وت، ئەویش یەكێكە لەو ژنانە چەند هەفتەیەك لەمەوبەر و لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی منداڵەكەی لە دایكبووە.

لە خانەقین شەقامی پزیشكان هەیە، كە پڕە لە كلینیكی تایبەت، لە نێویاندا چەندین پزیشكی تایبەت بە ژنان و منداڵبوون هەن، بە ئەستەم كلینیكێكیان هەیە چەندین كەس لە نۆرەدا نەبن بۆ بینینی پزیشك.

شادان، كە دایكی دوو منداڵە و لە خانەقین نیشتەجێیە، بۆ منداڵبوون چۆتە سلێمانی، چونكە زیاتر متمانەی بە خزمەتگوزارییەكانی ئەوێ هەیە، "لێرە (لە خانەقین) ناچار دەكرێیت روبكەیتە نەخۆشخانەی تایبەت"، ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت نەشتەرگەری منداڵبوون لە نەخۆشخانەی حكومی "سەرئێشە" و بێنەوبەردەی زۆری هەیە، زۆركات دەبێت نەخۆشی یەكێك لە پزیشكەكان بێت و لە كلینیكی تایبەتی سەردانی بكات، بۆ ئەوەی دواتر لە حكومی نەشتەرگەری بۆ بكات.

"زۆرینەی رەهای ژنانی دوگیان بۆ چاودێریكردنی كۆرپەلە و تەندروستی خۆیان رودەكەنە كلینیكی تایبەت، چونكە بەشێوازێكی باش و ورد چاودێری دەكرێیت و رێنمایی دەكرێیت، بەڵام لە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین هەمان پزیشك بە خێرایی و پەلە پشكنینەكان دەكات"، نیگەرانی ئەوەش بوو، زۆربەی پشكنین و شیكارییەكان لە نەخۆشخانەی حكومی نییە.

لە خانەقین ناچار دەكرێیت روبكەیتە نەخۆشخانەی تایبەت

ئەوەش لە كاتێكدایە دەوڵەت بەرپرسیارە لە دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانی پەیوەست بە ژنانی دوگیان و منداڵبوون و كۆرپەلە لە چوارچێوەی رێكخستنی خێزاندا، وەكو بەشێك لە پاكێجی تەندروستی دوگیانی، بەپێی پێوەرەكانی كواڵیتی جیهانی و بێبەرانبەر.

بەرپرسیارێتییەكەی دەوڵەت بەشێكە لە ستراتيژی نیشتیمانی بۆ رێكخستنی خێزان و ماوەی -دوورى- نێوان منداڵبوون بۆ ساڵانی 2021 – 2025، كە حكومەتی فیدراڵی عیراق جێبەجێیدەكات.

شوان شاكر، بەرێوبەری نەخۆشخانەی گشتی خانەقین بە (كەركوك ناو)ـی وت "سەرجەم ئاسانكاریی و خزمەتگوزارییەكی پێویست بۆ ژنانی دوگیان پێشكەشدەكرێت، لە بنكەكانی تەندروستی چاودێری تەندروستی ژنانی دوگیان هەیە لە پێش و لە پاش منداڵبوون، هەروەها لە پاش منداڵبوون ئەگەر ژنەكە بیەوێت حەبی رێگریكردن لە منداڵبونی پێشكەشدەكرێت لە پێناو جێبەجێكردنی بەرنامەی رێكخستنی خێزان".

رێكخستنی خێزان وەكو لە ستراتیژییەكەی عیراقدا كاری لەسەر دەكرێـت، ئامانجی ئەوەیە تا ماوەی نێوان منداڵبوون زیاتر بكات، لانیكەم دوو بۆ سێ ساڵ، ئەوەش لەرێی فەراهەمكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و هۆكارەكانی رێگری لە دوگیانی، بۆ باشكردنی تەندروستی دایكان و منداڵان، كەمكردنەوەی رێژەی مردن، بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری پەروەردەیی و تەندروستی باشتر.

"زۆربەی دایك و باوكەكان، لە پێناو پاراستنی كۆرپەلەكەیان رودەكەنە كلینیكە تایبەتەكان، چونكە هەمان ئەو پزیشكانە كە لە نەخۆشخانە نەخۆش دەبینین و لە كلینیكەكان دەیانبینین، زۆر جیاوازە رەفتار و مامەڵەكردنیان،... بە گشتی پزیشكەكان هانی نەخۆش دەدەن سەردانی كلینیكە تایبەتییەكانیان بكەن" بەوتەی راژان ماجد.

راژان لە ناوەڕاستی بیستەكانی تەمەنیدایە و باوكی منداڵێكە، دەڵێت هەر خێزانێك كە  ئافرەتێكی دوگیانیان هەبێت لە خانەقین، پێویستە مانگانە 100 بۆ 150 هەزار دینار تەرخانبكەن بۆ سەردانیكردنی پزیشك، كڕینی دەرمان و پشكنین.

XANAQI TANDRUSTI 2025 (2)
دیالە/ 2025/ باڵەخانەی نەخۆشخانەی گشتی خانەقین فۆتۆ: كەركوك ناو

تەنیا بینینی پزیشك بارگرانی نییە لەسەر هاوڵاتیان، كە نرخی هەر سەردانێك بەپێی پسپۆڕی و ئەزمونی پزیشكەكە لە پێنج هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تا 25 هەزار دینار، بەڵكو هەموو كەرەستە و دەرمانێكی پزیشكی پێویستە بە نرخی بازرگانی و لە دەرمانخانەكان بیكڕن.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خانەقین، دانبەوەدادەنێت پێشتر لە نەخۆشخانەی گشتی "بەشێك لە پزیشكەكان نەخۆشەكانی دوگیان-ـیان دەگواستەوە بۆ نەخۆشخانەی تایبەت تا نەشتەرگەرییان بۆ بكرێت، بەڵام پاش ئەوەی زانیمان حاڵەتی لەوجۆرە هەیە و دوای دەستبەكاربوونم وەكو بەڕێوەبەر، نەمهێشتووە یاری بە نەخۆشەكان بكرێت".

هەر ژنێكی دوگیان، پێویستە لە ماوەی نۆ مانگی دوگیانییەكەیدا و دواتریش بەردەوام و بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو سەردانی پزیشك بكات، بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستی خۆیی و كۆرپەلە.

شادان محەمەد وتی "پزیشكەكانی كەرتی گشتی، لە كۆتا هەفتەكانی دوگیانیدا ژنان توشی ترساندن و توقاندن دەكەن، بە جۆرێك كە ناچاربیت روبكەیتە كەرتی تایبەت، یان بەشی تایبەت لە نەخۆشخانەی گشتی، چونكە بەشێك لە تێچوی نەشتەرگەری بۆ ئەوانە"، ئەو نمونەیەكی هێنایەوە، لەكاتی لە دایكبونی هەردوو منداڵەكەیدا پێیانوتووە رێژەی ئاوی ناوسكی زۆر بووە و بەوهۆیەوە مەترسی لەسەر ژیانی خۆیی و كۆرپەلەكە هەیە، بەبێ ئەوەی لێی دڵنیاببێتەوە، "لەوكاتەدا ژنان هەست بە مەترسی دەكەن و بەبێ گوێدانە تێچوی نەشتەرگەری، بەدوای شوێنێكی متمانەپێكراودا دەگەڕێن تا نەشتەرگەری بكەن".

ساڵانێكە كلینیكی رێكخستنی خێزان لە نەخۆشخانەی خانەقین كراوەتەوە، بۆ پێدانی هۆشیاری و رێنمایی دەربارەی تەندروستی گشتی، دوگیانیی و دوری نێوان منداڵبون، بەڵام ئەو ژنانەی سەردانی دەكەن لە پەنجەكانی دەست تێناپەڕن.

بۆچونێك دروستبووە كەرتی گشتی هیچ خزمەتگوزارییەكی پزیشكی پێشكەشناكات، بەڵام ئەم بۆچونە هەڵەیە

ڕاژان ماجد بۆ نەشتەرگەری منداڵبوون هاوسەرەكەی بردۆتە نەخۆشخانەی حكومی، بەڵام بۆ بەشی تایبەت، كە بە پارەیە، "خزمەتگوزارییەكانی باشە..." بەپێچەوانەوەی بەشی گشتی كە بێبەرانبەرە.

ئەو باسی كێشەیەكی دیكەی كرد، ئەویش جیاوازییە لە نرخی دەرمان و پشكنینە پزیشكییەكاندا، نرخ لە دەرمانخانەكاندا جیاوازییان سەدا 30 تا سەدا 70ـیە، "جارێكیان دەرمانێكم بۆ هاوسەرم كڕی كە دوگیان بوو بە 43 هەزار دینار و هەمان دەرمان لە شوێنێكی تر بە 25 هەزار دینار كڕیم".

لە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین سێ بەش و جۆری جیاوازی منداڵبوون هەیە، یەكەمیان بریتییە لە منداڵبونی سروشتی، دوەمیان نەشتەری منداڵبونە بەبێبەرانبەر و هەروەها بەشێكی تایبەت بە نەشتەرگەری منداڵبون هەیە تێچوی لە نێوان 450 تا 650 هەزار دیناردایە.

شوان شاكر دەڵێت "پزیشك بڕیاردەدات لە چۆنیەتی لە دایكبوونی منداڵ بە سروشتی یان نەشتەرگەری، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی زۆربەی ژنانی دوگیان خواستیان لەسەر نەشتەرگەرییە".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خانەقین پێیوایە سەرباری دابینكردنی خزمەتگوزاری بەپێی توانا، بەڵام خەڵك خواستی هەیە روبكاتە كلینیكی تایبەت، چونكە بۆچونێك دروستبووە كەرتی گشتی هیچ خزمەتگوزارییەكی پزیشكی پێشكەشناكات، "لە ڕاستیدا ئەم بۆچونە هەڵەیە".

ساڵی رابردوو 898 نەشتەرگەری منداڵبوون لە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین كراوە، لەگەڵ تۆماركردنی 341 حاڵەتی منداڵبوونی سروشتی، بەپێی ئامارێكی رەسمی نەخۆشخانەكە بۆ (كەركوك ناو)، بەڵام نەخۆشخانەی كەرتی تایبەت لەبارەی ئاماری منداڵبوون بە نەشتەرگەری ئامادەنەبون هیچ زانیارییەك ئاشكرابكەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT