چەند پەیجێك لە سۆسیال میدیا لەوانەش فەیسبوك و ئینستگرام، هەواڵی توشبونی حەوت پزیشكی دانیان بە نەخۆشی ئایدز لە كەركوك بڵاوكردەوە، یەكێك لە پەیجەكان زیاتر لە دوو هەزار كەس هەواڵەكەیان لایك كردووە، 607 كۆمێنتی بۆ هاتووە و 30 شەیر كراوە.
راستی هەواڵەكە:
ئەرجان رەشید، بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك، لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە جەختیكردەوە لەوەی كە ئەو هەواڵانە بە هیچ شێوەیەك راست نین و وتی "هەموو ئەوانەی بڵاوكراونەتەوە دەنگۆن".
بەشی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، لەسەر ئەو پرسە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە "ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لەبارەی توشبوونی حەوت پزیشكی دان بە نەخۆشی ئایدز لە كەركوك بڵاوكراونەتەوە هیچی راست نین".
هەروەها بە مافی خۆیانی دەزانێت رێكاریی یاسایی بگرنەبەر بەرامبەر بەوانەی دەنگۆ و هەواڵی ناڕاست بڵاودەكەنەوە.