كۆچی پێچەوانە بەرەو كەمپ
حكومەت مامەڵەی گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدییەكانی راگرتووە

دهۆك/ 2021/ ژێر خێوەتەكانی كەمپی ئاوارەكانی شاریا فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز

سەرەڕای پێداگری حكومەتی عیراق بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسییەی ئاوارەكان، 800 خێزانی ئێزیدی جارێكی تر لە شنگالەوە بۆ هەرێمی كوردستان گەڕاونەتەوە و بەشێكی زۆریشیان چونەتەوە كەمپەكان، ئەوەش لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە تا ئێستا.

ئەو شەپۆلە لە كۆچی پێچەوانە، هۆكارە سەرەكییەكەی بۆ نا سەقامگیری دۆخی ئەمنی، كەمی خزمەتگوزاریی و نەبونی هەلی كار دەگەڕێننەوە، لە پاڵ چارەسەرنەكردنی كێشەی ئیداریی و كارگێڕییەكان، ئەوە بەپێی وتەی ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە بۆ كەمپ.

خەیری خودێدا خەلەف، هاوڵاتییەكی ئێزیدی، كۆتایی تشرینی دووەمی 2024 دوای 10 ساڵ لە ئاوارەیی، كەمپی مام رەشانی لە پارێزگای دهۆك بەجێهێشت و گەڕایەوە گوندەكەی (خانەسور)، ئەوەش بە ئومێدی دەستپێكردنەوەی ژیانێكی نوێ، بەڵام نیسانی ئەمساڵ جارێكی تر گەڕایەوە بۆ هەمان كەمپ.

"دەرفەتی كار نەبوو، خزمەتگوزاریی كارەبا و تەندروستی بەپێی پێویست نەبوو، گەڕانەوەمان بۆ كەمپ پێ باشتر بوو"، خەیری زیاتر وتی "لە هەموی گرنگتر حكومەت ئەو بڕە پارە و كەلوپەلانەشی پێنەداین كە بڕیاربوو لە پای گەڕانەوەمان وەریبگرین".

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، لە كانونی دووەمی 2024دا هاوكاری دارایی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەكانی لە كەمپەوە بۆ زێدی خۆیان لە ملیۆنێك و 500 هەزار دینارەوە بۆ چوار ملیۆن دینار زیاد كرد، ئەمە جگە لە پێدانی كەرەستەی ناوماڵ و چەندین ئیمتیازاتی تری وەكو دامەزراندن و موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی.

ئەو دەستپێشخەرییە نوێیە بە ئامانجی گەڕانەوەی ئاوارەكان و داخستنی كەمپەكان بوو لە هەرێمی كوردستان، چونكە بەپێی پلانی حكومەت دەبوو لە ناوەڕاستی 2024دا تەواوی كەمپەكان دابخرێن.

خەیری وتی "هەوو مامەڵەكانمان بۆ گەڕانەوە و وەرگرتنی هاوكارییەكان تەواوكرد، بەڵام كاتێك گەڕاینەوە هیچ هاوكارییەكمان پێنەگەیشت".

خەیری باوكی چوار منداڵە، ئەو ماوەیەی لە شنگال بوو، كرێكاری دەكرد، "كارەكەم زۆر قورس بوو، رۆژانە هەشت كاتژمێر بلۆكم باردەكرد، لەپاڵئەوەشدا حكومەت دەستی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانی بۆ ناوچەكە درێژ نەكردبوو، ئێستا لە كەمپی مام رەشان لای ماڵی باوكم دەژیم، رۆژانەش دەچمە كرێكاریی".

بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كانونی دووەمی 2024ەوە تاوكو تەمموزی ئەمساڵ 800 خێزان جارێكی تر ناوچەكانیان لە شنگال چۆڵكردۆتەوە و گەڕاونەتەوە بۆ پارێزگای دهۆك.

پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "لیژنەیەكی تایبەتمان هەیە بۆ پێشوازیكردن لەو خێزانانەی دوبارە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، هەموو چوارشەممەیەك لیژنەكە دادەنیشێت و مامەڵەكانی ئەو خێزانانە وەردەگرێت".

awara.garanawa
دهۆك/ 2025/ گەڕانەوەی ژمارەیەك خێزانی ئاوارەی ئێزیدی بۆ شنگال لە چوارچێوەی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM). فۆتۆ: كەركوك ناو

سەبارەت بەوەی ئایا ئەو خێزانانە جارێكی تر لەنێو كەمپەكاندا نیشتەجێ دەكرێن، پیر دەیان دەیان وتی "هەر خێزانێك لە رێگای بەرنامەی رێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچەوە بگەڕێتەوە بۆ شنگال، فایلی ئاوارەبونی كۆتایی دێت و جارێكی تر مافی ئەوەی نییە لەكەمپ نیشتەجێ‌ بێت، بەڵام ئەوانەی تر كە لە چوارچێوەی وەزارەتی كۆچی عیراق دەگەڕێنەوە شنگال، كاتێك ناوچەكانیان چۆڵدەكەنەوە مافیان هەیە لەكەمپ نیشتەجێ بن یان لە دەرەوە".

بەگشتی تا ئێستا نزیكەی هەزار خێزان لەرێگای رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتییەوە گەڕاونەتەوە شنگال، كە دواین قۆناغیان گەڕانەوەی 370 خێزان بوو لە ناوەڕاستی ئایاری ئەمساڵ.

لەپاڵ حكومەت، رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM) لەڕێی پاكێجێكەوە كاردەكات بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان بۆ گەڕانەوە، پاكێجەكە بریتییە لە هاوكاری ماددیی (بڕەكەی لە نێوان هەزار بۆ هەزار و 700 دۆلارە)، لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی خانوو، دۆزینەوەی دەرفەتی كار و پێدانی پارە بۆ گواستنەوەی ماڵەكانیان، بەڵام بەپێی ئاستی بژێوی خێزانەكان هاوكارییەكان دەگۆڕێت.

حكومەتی عیراق لە تەمموزی 2024ەوە بڕیاریدا بە راگرتنی مامەڵەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، تاوەكو لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو پرسە رێكدەكەون، لەوكاتەوە هیچ خێزانێك نەگەڕاوەتەوە شنگال، تەنیا ئەوانە نەبن كە لە چوارچێوەی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچەوە دەگەڕێنەوە".

پیر دەیان وتی "تائێستا هیچ وادەیەك بۆ وەرگرتنی مامەڵەی ئاوارەكان لەئارادا نییە، ئێمەش نازانین كەی دەكرێتەوە".

لەگەڵئاماژەدان بەوەی ئەوانەی جارێكی تر ئاوارە دەبنەوە، چەند هۆكارێكیان هەیە، لەوانە "ناسەقامگیری ئەمنی و بونی هێزی دانپێدانەنراو لە شنگال، كەمی خزمەتگوزاریی و نەبونی هەلی كار". هەروەها هەندێك هۆكاری تری دیاریكرد لەوانە چارەسەرنەكردنی كێشەی ئیداریی و كارگێڕی بۆ نمونە نەبونی قایمقام و ناچاربونی هاوڵاتیان بەوەی هەر مامەڵەیەكی حكومیان بوێت دەبێت بگەڕێنەوە بۆ پارێزگای دهۆك.

چوارشەممە 13ی ئاب، بەشێك لە خەڵكی شنگال سكاڵای یاساییان دژی عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا تۆماركرد، بەهۆی ئەوەی هەرچەندە ئەنجومەنی پارێزگا قایمقامێكی بۆ شنگال هەڵبژاردووە، بەڵام ئەو ئامادەنییە دەستبەكاربونی بۆ دەربكات.

هێشتا 188 هەزار و 944 ئاوارە لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێن، كە 135 هەزار و 616 ئاوارەیان لە كەمپەكان و دابەشبون بەسەر 27 هەزار و 69 خێزاندا.

ئەسكەندەر محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە پارێزگای دهۆك بە (كەركوك ناو )ی وت "بە بڕیاری وەزارەت وەرگرتنی مامەڵەی ئاوارەكانمان راگرتووە، ئەمەش بە مانای ئەوەی هیچ ئاوارەیەك ناتوانێت بگەڕێتەوە"، جەختیشیكردەوە لەوەی تەواوی پاڵپشتییە داراییەكان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان راگیراون و هەر خێزانێكیش بگەڕێتەوە هیچ هاوكارییەكی پێنادرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT