لە كەركوك، نەینەوا و دیالە تەنیا پێنج كاندیدی سەربەخۆ هەن

كەركوك/ تشرینی یەكەمی 2025/ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە شەقامێكی ناوەندی شار فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

 

لە سەرتاسەری عیراق، تەنیا 22 كاندیدی سەربەخۆ هەوڵی بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمان دەدەن و لەو ژمارەیەش پێنج كاندید دەكەونە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا و دیالە.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، زیاتر لە حەوت هەزار و 700 كاندید دەچنە كێبڕكێی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 و تەنیا 22ـیان لە دەرەوەی حزب و هاوپەیمانییەكاندا، بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری دەكەن.

لە پارێزگای كەركوك، دوو كاندیدی سەربەخۆ هەن، ئەوانیش هەریەك لە هەوری رەزا و غەفران تەمیمی. ئەوەش لە كۆی 251 كاندید، كە چاویان لەسەر مسۆگەركردنی 13 كورسی پشكی پارێزگاكە هەیە، كە كورسییەكیان پشكی كریستیانە.

هەروەها لە سنوری پارێزگای نەینەوا تەنیا یەك كاندیدی سەربەخۆ هەیە كە سەلوا خەلیفە عەبدوڵایە، لە كۆی هەزار و 47 كاندید بۆ بەدەستهێنانی 34 كورسی، كە هەشت كورسی بە كۆتا بۆ ژنان و سێ كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخانكراوە.

لە پارێزگای دیالە دوو كاندید بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری هەڵمەتی هەڵبژاردن دەكەن، هەریەك لە عەبدولرەحمان جبوری و سەید جاسم هەماش، لە كۆی 358 كاندید كە هەوڵی بەدەستهێنانی 12 كورسی پەرلەمان دەدەن.

یاسای بەركاری هەڵبژاردن لە عیراق، لیستی تاكەكەسی جێگیركردووە، كە مەبەست لێی ئەو لیستەیە لە یەك پاڵێوراو پێكدێت و وەك تاكە كەسێك مافی ئەوەی خۆی كاندید بكات. 

ئەوەش لە كاتێكدا دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق (تشرینی یەكەمی 2021) لەو سێ پارێزگایە نزیكەی 100 كاندیدی سەربەخۆ هەبوون و لەسەر ئاستی عیراقیش نزیكەی 40 كاندیدی سەربەخۆ توانییان كورسی پەرلەمان مسۆگەر بكەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT