"زەنگی تەلەفونی باوكم لێیدا، لەوكاتەی هەمووان چاوەڕێ بوین چایەكی عەسری پێكەوە بخۆینەوە، گوێمان لێبوو لە تەلەفونەكە ناوی من هات"، ئاوات شاهین كچە دەرچویەكی زانكۆیە لە هەولێر، زیاتر وتی " توشی شۆك بوم كە ناوی خۆم بیست، یەك دووجار تەئكیدی لە باوكم دەكردەوە و دەیگوت ئەوە كچی تۆیە؟ لۆ چەند چركەیەك بەڕاستی ترسام، هەموو فیلمی ژیانی خۆم هاتەوە بەرچاوی".
ئاوات شاهین، لە ترسی كاردانەوەی حزب ناوی خوازراوی بۆ ئەم راپۆرتە بەكارهێنا، زیاتر وتی "زۆر ترسام، گۆتم قابیلە قسەکم کردبی! بەقورئان ئەو رۆژی تێچووبم ئەوڕۆیە".
زەنگی تەلەفۆنی ناوچە و كۆمیتە، كە دوو ئۆرگانی رێكخستنەكانی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان (پارتی و یەكێتین)، هاوڵاتیانیان هەراسانكردووە، لەڕێی تەلەفونەوە كە ئان و ساتیان بۆ نییە، داوای دەنگیان لێدەكەن.
كۆمیتە و ناوچە، لق و مەڵبەند، كە پێكهێنەری رێكخستنەكانی ئەو دوو حزبەن، هەموو زانیارییە كەسییەكانی زۆرینەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، یان دەنگدەرانیان دەستكەوتووە، بۆ نمونە ژمارەی كارتی دەنگدان، كارتی نیشتیمانی، لەكام بنكە و ناوەند دەنگدەدات، لەگەڵ ژمارەی ئەو ئەندامانەی خێزان كە مافی دەنگدانیان هەیە.
ئەوە كە لەگەڵ بانگەشەی هەڵبژاردندا چڕبۆتەوە و زیاتر موچەخۆران دەكاتە ئامانج، لای هاوڵاتییان وەك چاوسوركردنەوە دەبینرێت بۆ ناچاركردنیان بە دەنگدان بەو كاندیدەی كۆمیتە و ناوچەكانی یەكێتی و پارتی بۆ دەنگدەران دیاریدەكەن، ئەمەش پێچەوانەی رێساو رێنماییەكانی كۆمسیۆنە و بە پێشێلكاریی "زەق" ناودەبرێت.
ئاوات شاهین وتی "ئەو كەسەی تەلەفۆنی كرد خۆی ناساند و ناوی حزبەكەی وت، وتی پێویستە دەنگمان پێبدەن، من لەوكاتەدا ئاهێكم هاتەوەبەر و بابم تەلەفۆنەکەی داخست".
ئەو كەسەی تەلەفۆنی كرد خۆی ناساند و ناوی حزبەكەی وت، وتی پێویستە دەنگمان پێبدەن
بەپێی بەدواداچونی (کەرکوک ناو) دۆخەکە گشتگیرە و لە تەواوی هەرێمی كوردستان ئەم حاڵەتە دوبارە دەبێتەوە.
گەنجێکی دیکە لە شاری کۆیە بە (کەرکوک ناو)ی وت كە لە کۆمیتەوە تەلەفۆنی بۆ کراوە و داوایان لێکردووە کە دەنگ بە یەکێتی بدات، هاوکات یەکێکی دیکە لە قەزای ئاکرێ کە لە یەکەمەکانی زانکۆیە دەڵێت "لە ناوچەی پارتی تەلەفۆنیان بۆ كردم کە دەبێت دەنگیان پێبدەم، نازانم چۆن دەزانن من لە كوێ دەنگدەدەم و ژمارەی كارتەكەم چەندە".
ئەو پێشێلكارییە زەمینەی پێشتری هەیە، بەر لە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن زۆرینەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان داوایانلێكراوە كۆپی كارتی دەنگدان و كارتی نیشتیمانی و ناوەندی دەنگدانیان، لەگەڵ ژمارەی كارتی دەنگدانی خانەوادەكانیان و ژمارەی مۆبایلەكانیان رادەستی فەرمانگەكانیان بكەن، لەكاتێكدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەڵێت "ئەوە پێشێلكارییە"و ماف دەدات بە هاوڵاتیان سكاڵای یاسایی بكەن.
ئەڤین خەلیل، كە ناوی خوازراوی مامۆستایەكی گرێبەستی شاری سلێمانییە، وتی "تائێستا سێجار تەلەفونم بۆ كراوە، ناوی حزبەكە و كاندیدەكەم پێدەڵێن و ژمارەی كارتی دەنگدانەكە و شوێنی دەنگدانەكەشم پێدەڵێن"، ئەڤین وتی "من ئەو زانیارییانەم داوە بە بەڕێوەبەرەكەم، كاتی خۆی بە بەڕێوەبەرەكەم وت بۆچیتە؟ وتی حكومەت داوای دەكات، بەڵام دەركەوت حزب پێیان كردووە".
بەڕێوەبەرەكەی ئەڤین لە رێكخستنەكانی حزبێكی حاكم لە سلێمانی كاردەكات، ئەوەش گومانی ئەوەی دروستكردووە كە لەو رێیەوە زانیارییەكان بۆ حزب بردرابێت.
ئەڤین زیاتر وتی "تەنانەت داوایانكرد ژمارەی كارتی دەنگدانی هاوسەرەكەمیان بۆ بنێرم، منیش وتم ونی كردووە".
تەنانەت داوایانكرد ژمارەی كارتی دەنگدانی هاوسەرەكەمیان بۆ بنێرم، منیش وتم ونی كردووە
لە راپۆرتی دووەمی تۆڕی شەمش – رێكخراوی ناحكومییە و چاودێری هەلبژاردنەكان دەكات-، ئاماژە بەو حاڵەتە كراوە و وەك پێشێلكارییەكی "زەق" وێنای كراوە.
لەپاڵ چەند جۆرێكی تری پێشیلكاریی لە نێویاندا، "دڕاندن و شێواندنی پۆستەری کاندیدەکان، توندئاژۆیی و وتاری رقەبەری و یەکتر تۆمەتبارکردن تاوەکو دەگات بە تەخوین و زمانی زبر، لەگەڵ بەکارهێنانی موڵک و ماڵی دەوڵەت، کڕینی دەنگی دەنگدەران و بەکارهێنانی ناوەندە ئاینییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن".
هۆگر چەتۆ، سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەڵێ راستە، بەشێک لە هاوڵاتییان پەیوەندییان بە تۆڕی شەمس-ەوە کردووە و لەسەر پەیوەندی پێوەکردنیان لە رێكخستنەكانی حزبەوە، ئەمەش پێشێلکارییەکی زۆر زەقە و دەستبردنە بۆ زانیاریی کەسی".
"ئەمەی رودەدات بەکارهێنانی داتا و زانیاریی حکومەتە و لای هەموو کەسێک نییە، هەروەها پێشێلکردنی مافی کەسییە کە ژمارە تەلەفۆن و زانیارییەکانت بێ پرسی تۆ بە کەسانی دیکە دراوە، هەروەها تەلەفۆنکردن و شێوازی پرسیارەکەش، ئەمانە هەر هەمووی پێشێلکاریین".
بەپێی بەدواداچونی تۆڕی شەمش، ئۆفیسی سەرەكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان زانیاریی و داتاكانی داوە بە ئۆفیسی پارێزگاكان، بۆ ئەوەی پەیوەندی بەو كەسانەوە بكەن كە كارتی بایۆمەتری دەنگدانیان تەواوكردووە و هێشتا وەریاننەگرتۆتەوە، "پێدەچێت بەشێكی داتاكان لەوێوە دزەی كردبێت بۆ حزبەكان".
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەوان داتاكانیان تەنیا بە دەوڵەتداوە، بەڵام هۆگر چەتۆ وتی "خۆ دەوڵەتیش لە هەرێمی كوردستان هەر لەو دوو حزبە سەرەكییە، یەكێتی و پارتی پێكدێت".
بەپێی رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، بردنی داتاكان لە دەوڵەتەوە بۆ حزب، تەلەفونكردن بۆ فەرمانبەران و گواستنەوەی زانیاریی كەسی بۆ حزب پێشێلكاریین. لەوكاتەوەی بانگەشەش دەستیپێكردووە تا 4ی تشرینی دووەم ئێستا 550 پێشێلكاریی جۆراوجۆر لە هەموو عیراق تۆماركراوە.
نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەرێمی کوردستانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە (كەركوك ناو)ی وت "كۆمسیۆن هیچ داتایەكی بە حزب نەداوە، بەڵام دەكرێت زانیاریی و داتاكان لەو ئەپڵیكەیشنەوە دزەی كردبێت كە كۆمسیۆن بۆ ئۆفیسی پارێزگاكانی داناوە، تاوەكو لە ئۆفیس و بنكەكانەوە ئەو هاوڵاتیان ئاگاداربكرێنەوە كە كارتی بایۆمەتری دەنگدانیان تەواوكردووە و بچن وەریبگرنەوە".
دەكرێت زانیاریی و داتاكان لەو ئەپڵیكەیشنەوە دزەی كردبێت كە كۆمسیۆن بۆ ئۆفیسی پارێزگاكانی داناوە
بۆیە وتی "دوای ناڕەزایی دەنگدەران، ئەپڵیكەیشنەكەمان راگرت".
نەبەرد عومەر، زیاتر وتی "بە هەموو حزبەکانمان وتووە کە تەلەفۆن بۆ دەنگدەران نەکەن جگە لە کادیر و لایەنگرانی خۆتان، ئەگەرچی تەلەفۆن کردنەکە نا یاساییە، بەڵام کۆمسیۆن ناتوانێت رێکار بگرێتەبەر ئەگەر دەنگدەران سکاڵا لەلای کۆمسیۆن تۆمار نەکەن، تەنانەت تەلەفون بۆ خۆشم كراوە كە دەنگ بەكام كاندید بدەم"، بەبێ ئەوەی ئەو حزبە ئاشكرابكات.
لەگەڵئەوەشدا، لە سەرەتای بانگەشەوە، حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان، ناڕەزایی لە وەرگرتنی كارتی دەنگدان و ژمارەی سەر كارتەكانی دەنگدان لە فەرمانبەران دەردەبڕن.
لای خۆیەوە، سەرۆك تۆڕی شەمس، دەڵێت "لەگەڵ کۆمسیۆن کۆبونەوەمان کردووە و لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کۆمسیۆن پێکهاتووە، بەڵام ئەوان خۆیان دەزانن بەشێكی ئەم زانیارییانە لە ئۆفیسی شارەکانی کۆمسیۆن دراوە بە حزبەکان، دەنگدەران لەسەر ئەم پرسە دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن".
بەپێی داتاكانی كۆمسیۆن تائێستا هیچ دەنگدەرێك سكاڵای لەو شێوەیەی نەكردووە.
ئەڤین خەلیل وتی "سكاڵاش بكەم سودی نییە، رەنگە ناچاربم ژمارەكەم بگۆڕم، نامەوێت لە كۆمیتە و لق بێت".