كەمبونەوەی كورسییەكی كورد لە بازنەی كەركوك، سەریكێشا بۆ یەكتر تۆمەتباركردن و هێرشی میدیایی لێپرسراوانی یەكێتی و پارتی لەو پارێزگایە، بەگشتی هەردولا دەیانەوێت ئۆباڵی ئەو شكستە بخەنەپاڵ یەكتر.
بەپێی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كە دووشەممە 17ی تشرینی دووەم ئەنجامەكانی راگەیاند، كورد تەنیا پێنج كورسی لە پارێزگای كەركوك بەدەستهێنا، ئەوەش لە كۆی 13 كورسی، بەو ئەنجامە كورد كورسییەكی هەڵبژاردنی پێشوی لەدەستدا، ئەوەش بۆ یەكەمین جارە لە دوای روخانی رژێمی بەعس رودەدات.
ئەنجامەكە بەگشتی شوكهێنەر بوو بۆ كورد، لە بەرامبەردا پێكهاتەی عەرەب بۆ یەكەمجارە لە دوای ساڵی 2005 بتوانێت پێنج كورسی بەدەستبهێنێت.
ئاسۆ مامەند، لێپرسراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە كەركوك، لە بەشێكی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، وتی "بەشێك لە دەنگدەرانی پارتی لە شاری كەركوك دەنگیان بە كۆتای مەسیحی داوە، ئەوەش وایكردووە ژمارەیەكی زۆری دەنگەكانی ئەو حزبە بفەوتێت".
ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی پارتی بەو هۆیەوە تەنیا یەك كورسی پەرلەمانی بردۆتەوە و نەیتوانیوە كورسی دووەمی پەرلەمان مسۆگەر بكات، لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنی رابردوو خاوەنی دوو كورسی پەرلەمانی بوو.
ئاسۆ مامەند، هۆكارێكی تری دیاریكرد كە پەیوەندیدارە بە كەمبونەوەی دەنگی كورد لە كەركوك و جارێكی تر پارتی تۆمەتباركرد بەوەی "دەنگدەرێكی زۆر" نەیانتوانیوە لە بازگەی شێراوەوە بگەنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.
ئەوەش لەكاتێكدا بازگەی شێراوە زیاتر لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدایە و یەكێتی پێیوایە ئەو حزبە نەیتوانیوە كارئاسانی بۆ هاوڵاتیان بكات بۆ ئەوەی بەئاسانی بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە بۆ كەركوك.
كورد لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمدا، بە پێنج لیستی جیا بەشدارییان كرد و 253 هەزار و 44 دەنگیان بەدەستهێنا، بەڵام تەنیا یەكێتی بە 178 هەزار و 845 دەنگ و پارتی بە 59 هەزار و 374 دەنگ كورسیی پەرلەمانیان بەدەستهێنا.
لە بەرامبەردا عەرەب كە بە حەوت لیست بەشداربوون، 235 هەزار و 155 دەنگیان بەدەستهێنا و سێ لیستیان توانیان پێنج كورسی پەرلەمانی ببەنەوە.
شاخەوان عەبدوڵا، تاكە كاندیدی سەركەوتوی پارتی لە بازنەی كەركوك، وەڵامێكی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی ئاسۆ مامەندی دایەوە و وتی "وەک هەمیشە ئامانج تەنیا چەواشەکردنی خەڵکی کەرکوک و شاردنەوەی راستییەکان بوو".
ئەو وتی "من تەحەدا دەكەم و دەتوانن شریتی دەنگدەرانی كەركوك رابكێشن، بزانن كام دەنگدەری كەركوكی پارتی دەنگی بە كۆتای كریستیان داوە، ئەگەر وابێت ئێمە چۆن 10 هەزار دەنگمان زیاد دەكات"، زیاتر وتی "راستە قەرەباڵغی لە بازگەكان بۆ دەنگدەرانی كەركوك دروستبوو، بەڵام دواجار خەڵک هات و رێژەیەکی کەم گەڕانەوە، بەڵام خۆ رێگای چەمچەماڵ و سلێمانی دانەخرابوو، فەرموو ئاماری گەڕاوەكانی ئەو سنورە بخەنەڕوو، بزانە چەند هەزار دەنگدەر نەهاتونەتەوە، ئەوكات دەردەكەوێت هۆكارەكە شتێكی ترە نەك قەرەباڵغی".
قسەكردن لەسەر دەنگدەرانی كەركوك لە سلێمانی و هەولێر لەكاتێكدایە، بەپێی ئاماری ژوری هەڵبژاردنی یەكێتی لانیكەم 97 هەزار دەنگدەری كەركوك لەو دوو پارێزگایە نیشتەجێن و بەپێی رێكارەكانی كۆمسیۆن دەبوو بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە كەركوك.
شاخەوان عەبدوڵا، هاوكات، نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، مانگانە ئاسۆ مامەند ئەوەندەی "پارەی بەشێوەی شەخسی بە هەندێك دەزگا داوە تایبەت بۆ شكاندنی پارتی و كاندیدەكانی، نیو ئەوەندە خەریکی هۆشیارکردنەوەی خەڵک بوایە و كاری لەسەر مەترسییەكانی بەشدارینەكردنی كورد بكردایە، دڵنیام خەڵك بە بە پیادەش روی لە كەركوك دەكرد".
بەڵام ئاسۆ مامەند، وتی "هێشتا كورد بە دەنگ زۆرینەی پارێزگاكە پێكدەهێنێت، چونكە كورد لەسەدا 41، عەرەب لەسەدا 38 و توركمان لەسەدا 16ی دەنگدەرانی كەركوك پێكدەهێنن".