یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پڕۆژەی پەناوەری راگەیاند، كە خۆی دەبینێتەوە لە دابینكردنی هێڵی گەرم و پارێزەری خۆبەخش بۆ ئەو ژنانەی روبەڕوی توندوتیژی خێزانی و ئەلكترۆنی دەبنەوە.
پڕۆژەكە لە یەكەم رۆژی 16 رۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر راگەیەنرا، ئەوەش لە چوارچێوەی كارەكانی پەیمانگەی ئامێزی خێزان بۆ پرسەکانی خێزان - ئەو پەیمانگەیە یەكێكە لە پڕۆژەکانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان".
لیا سەیفەدین، ئەندامی سکرتاریەت و بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بە (کەرکوک ناو)ی وت "پەیمانگەی ئامێزی خێزانی، ئۆفیسی لە هەموو شارەکانی کوردستاندا هەیە، لەڕێی پڕۆژەی پەناوەرەوە ژنان دەتوانن پەیوەندی بەهێڵی گەرمی رێكخراوەكەوە بكەن و کەیسەکانیان لەگەڵ پارێزەری خۆبەخشی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی دەگوازرێتەوە، لەوێ ئیشی لەسەر دەکرێت و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت".
ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی كە كەیسەكانیان بۆ دەگوازرێتەوە، سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
ژنان دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی (07502008179)ەوە بكەن، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی پەناوەر و لەو رێیەوە ئەگەر پێویستیان بە پارێزەر بوو، بەشێوەی خۆبەخش پارێزەریان بۆ دابیندەكرێت.
لیا سەیفەدین، وتی "دەتوانم بڵێم، ئەوەی پەیمانگەی ئامێزی خێزانی ئەنجامی دەدات، کەناڵێکی دیکەی پەیوەندییە لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی توندوتیژییان بەرانبەر ئەنجامدەدرێت، پەیوەندییەکی زۆر باشیشی لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە"، لیا زیاتر وتی "بەشێکی دیکەی کاری پەیمانگەکە چارەسەر و ئاشتەوایی خێزانییە".
بەپێی توێژینەوەیەكی یەكێتی ئافرەتاتی كوردستان، كە رێكخراوێكی داكۆكیكارە لە پرسەكانی ژنان و سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەربڵاوترین جۆری ئەو توندوتیژیانەی بەرانبەر بە ئافرەتان ئەنجامدەدرێت توندوتیژی ئەلكترۆنییە.
لیا سەیفەدین، وتی "ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجامی ئەو توندوتیژییە رادەگەیەنین".
بەپێی ئامارێكی رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان (WOLA)لە ساڵی رابردودا و لە هەرێمی كوردستان، 13 هەزار و 17 حاڵەتی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان تۆماركراوە، 226 سكاڵاش بەهۆی توندوتیژی ئەلكترۆنییەوە تۆماركراون.
لەسەدا 21ی ژنانی عیراق روبەڕوی توندوتیژی ئەلكترۆنی بونەتەوە، ئەوەش بەپێی توێژینەوەیەكی رێكخراوی ژنانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و لەسەدا 43یان زیاتر لە جارێك و بەشێوەی جیاواز تووشی ئەو حاڵەتە بونەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە لەسەدا 31ی پیاوانیش نایشارنەوە كە توندوتیژییان ئەنجامداوە.