سه‌رۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم:
خه‌ڵكی بێگانه‌ هێنراونه‌ته‌ كه‌ركوك

هەولێر/ ئابی 2022/ فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان فۆتۆ: فەرمان سادق

كه‌ركوك ناو

فەهمی بورهان، سه‌رۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئاشكرای ده‌كات، كه‌ به‌پێی ئاماره‌كانی ئه‌وان "خه‌ڵكی بێگانه‌ هێنراونه‌ته‌ كه‌ركوك" و جێگیركراون، ئه‌وه‌ش له‌ دوای سه‌رژمێری گشتی عیراق كه‌ له‌ ساڵی 2024دا به‌ڕێوه‌چوو.

فه‌همی بورهان، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ (كه‌ركوك ناو)، وتی "ئێمە بەهیچ جۆرێک نیازی دژایەتیکردنی برا عەرەب و برا تورکمانەکانمان نییە، به‌ڵام راستییه‌ك هه‌یه نابێت لێی بێده‌نگ بین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ناکرێت لەسەر حسابی کوردی كه‌ركوك، خەڵکی بێگانە بە شارەکە بهێنرێتە ئه‌و شاره‌وه‌".

زیاتر وتی "لە ڕاستیدا من ئامارێکم لەبەردەستدایه‌ په‌یوه‌ست به‌ هێنان و جێگیركردنی خه‌ڵكی بێگانه‌ به‌ شاره‌كه‌، بەڵام نامەوێت جارێ ئه‌و ئاماره‌ بخه‌مه‌ڕوو، ته‌نیا ده‌مه‌وێت بڵێم كه‌ركوك له‌دوای سه‌رژمێری 2024 زیادبونێكی مه‌ترسیداری هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش به‌راورد به‌ هه‌موو شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عیراق".

به‌پێی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق، خاوه‌ندارێتی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی جێناكۆك له‌ڕێی هەر سێ قۆناغی (ئاساییکردنەوە، سەرژمێریی و دواتر راپرسی) یه‌كلاییده‌كرێته‌وه‌.

له‌ قۆناغی ئاساییكردنه‌وه‌دا هه‌موو ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌ خه‌ڵكی پارێزگاكه‌ نین و به‌ هاورده‌ ناوده‌برێن، ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ شوێنی خۆیان و ئاواره‌كانی سه‌رده‌می حزبی به‌عسیش كه‌ له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێ بون بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك ده‌گه‌رێنرێنه‌وه‌، هه‌ردولاش قه‌ره‌بوده‌كرێنه‌وه‌.

فه‌همی وتی "رێگریكردن له‌ هێنانی خه‌ڵكی بێگانه‌ به‌ شاره‌كه‌ و نیشته‌جێكردنیان، دژی پێكه‌وه‌ژیان و برایه‌تی نێوان كورد، عه‌ره‌ب و توركمان نییه‌، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كێشه‌یه‌ك ده‌هێنێته‌ كه‌ركوكه‌وه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا‌ پێشێلكارییه‌كی ده‌ستورییه‌، بۆیه‌ ئه‌م کێشەیە دەبێت چارەسەر بکرێت".

رێگریكردن له‌ هێنانی خه‌ڵكی بێگانه‌ به‌ شاره‌كه‌ و نیشته‌جێكردنیان، دژی پێكه‌وه‌ژیان و برایه‌تی نێوان كورد، عه‌ره‌ب و توركمان نییه‌

ده‌ستوری عیراق، کۆتایی ساڵی 2007ی دیاریکردبوو بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌كه‌، به‌ڵام له‌و واده‌یه‌ ته‌نانه‌ت نه‌تونرا قۆناغی یه‌كه‌میش جێبه‌جێبكرێت، كه‌ قۆناغی ئاساییكردنه‌وه‌یه‌. بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی ساڵی 2019 جه‌ختیكردەوە له‌ كارابونی مادده‌ی 140ی ده‌ستور تا ئه‌وكاته‌ی ته‌واوی رێكاره‌كانی په‌یوه‌ست به‌و مادده‌یه‌ جێبه‌جێده‌كرێن.

فه‌همی بورهان وتی "هەموو مرۆڤێك کە ناسنامەی عیراقی هەبوو، مافی جێگیربونی هەیە لەو شارە و وەکو چۆن لە هەموو شارەکانی تریش ئەم مافه‌یان هەیە... به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك رووده‌دات پێشێلكاریی‌ ده‌ستورییه‌، چونكه‌ كه‌ركوك و خانه‌قین و ناوچه‌كانی تر به‌پێی ده‌ستور تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ كه‌ر‌كوك روده‌دات ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ بۆ داهاتووی ناسنامه‌ی كوردستانیبوونی شاره‌كه‌.. ئه‌م زبادیونه‌ له‌م چه‌ند ماوه‌یه‌ی رابردودا زۆر زیاتر بووه‌، کار ئاسانییان بۆ دەکرێت و گه‌ڕه‌كی نوێ-ش دروستبووه‌".

له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ پرسێكی ده‌ستورییه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستور، به‌ڵام ئه‌و ماددەیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ كارنامەی حكومەتی نوێی عیراق بە سەرۆكایەتی عەلی زەیدی باسنەكراوە، كە یەكێكە لە دۆسیە هەڵپه‌سێردراوە درێژخایەنەكانی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان.

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئه‌وكات لە راگەیەندراوێكدا جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی لە كارنامەی چوارساڵی داهاتووی زەیدی كە چوار بەشە، "هیچ روبەرێكی بۆ کێشە دەستورییەكانی خەڵکی کوردستان  تێدا نییە"، وتیشی "سەركردایەتی كورد و حكومەتی هەرێم كەمتر لەوەی لە مادەی (140)ی فەرامۆشکراودا هاتووە ڕازی نابین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT