ئێزیدییەکانی نەینەوا؛ یەک لیست نین، بەڵام چاویان لەسەر کورسی زیاترە

دهۆك/ 8ی تشرینی یەكەمی 2021/ دەنگدانی ئاوارەكان لە كەمپی شاریا. فۆتۆ: عەمار عەزیز

عەمار عەزیز - نەینەوا

ئێزیدییەكان جگە لە کورسییەکانی سیستمی كۆتا، چاویان لە بەدەستهێنانی كورسی زیاترە لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، تا لەو رێیەوە لە حكومەتی خۆجێی ئەو پارێزگایە رۆڵیان هەبێت، بەڵام گرفتێكی بەردەمیان ئەوەیە بە پەرتەوازیی و لە چوارچێوەی چەندین لیست و هاوپەیمانێتی جیاواز و دژ بەیەكدا دەچنە ناو هەڵبژاردنی داهاتووەوە.

بەپێی یاسا ئێزیدییەكان یەك كورسی كۆتایان هەیە لە كۆی 29 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكە، ئەوەش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كە بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەم بەڕێوەبچێت.

بۆ ئەو تاكە كورسییە، چوار كاندید لە كێبڕكێدان، بەڵام لە چوارچێوەی لیست و هاوپەیمانێتی تردا ئێزیدییەكان 25 كاندیدی دیكەیان هەیە، زۆرینەیان لە چوارچێوەی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستاندان.

مەناف حەسەن، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە نەینەوا، وتی "ئێمە 18 كاندیدمان لە سنوری قەزای شنگالدا هەیە و زۆرینەیان ئێزیدین... ئێمە حزبێكین گرنگی بە پێكهاتە ئاینیی و نەتەوەییەكان دەدەین، هەر بۆیە ئەوانیش دەیانەوێت لەگەڵ ئێمەدا بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكەن".

بەرلەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە بڕیاری پەرلەمانی عیراق لە كۆتایی ساڵی 2019دا كۆتایی بە كارەكانیان بهێنرێت، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ئێزیدی بوو لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان.

زۆرینەی ئێزیدییەكان لە قەزای شنگال، كه‌ ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی خۆرئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وایە‌ دەژین، قەزاكە لە 3ـی ئابی 2014دا كەوتە دەست داعش و بەهۆیەوە هه‌زاران كه‌س له‌و پێكهاته‌یه روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەیی بونەوە. بەشێكی تری ئێزیدییەكان لە شێخان، باشیك و ناوچەكانی تری دەشتی نەینەوا دەژین.

awara.dangdan
نەینەوا/ 10ی تشرینی یەكەم. دەنگدەرێكی ئێزیدی لە شنگال. فۆتۆ: كەركوك ناو

حزبی پێشکەوتنی ئێزیدیی - زیاتر لە شنگال چالاكن -، یەكێكن لەو لایەنانەی چاویان لەوەیە لەڕێی كورسی كۆتاوە بگەنە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا.

سەعد بەتوش، سەرۆكی حزبی پێشكەوتن بە (كەركوك ناو)ی وت "تەنیا بەیەك كاندید بەشداریی دەكەین، ئەو كاندیدەش بۆ كورسی كۆتایە، سیستمە تازەكەی هەڵبژاردن بۆ كورسی كۆتا خراپە و لە بەرژەوەندی پێكهاتەكاندا نییە، بۆ نمونە وەكو ئێزیدییەكان تەنیا یەك كورسی كۆتامان هەیە".

سیستمە تازەكەی هەڵبژاردن بۆ كورسی كۆتا خراپە

بونی كاندیدی جیاوازی ئێزیدی لە لیست و هاوپەیمانێتی جۆراوجۆر و یەكنەگرتویی ئەو پێكهاتە ئایینییە، كاریگەریی لەسەر دابەشبونی دەنگەكانیان هەیە، وەك عومەر ساڵح، سەرۆکى دەستەی عەشائیرى لە شنگال – حزبێكی ئێزیدیە-، بە (کەرکوک ناو)ى وت "ئێمە لەگەڵ یەكگرتویی دەنگی ئێزیدییەكاندا بوین، لەڕاستیدا بەر لەكۆتاییهاتنی وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانێتییەكان هەوڵی زۆرمان لەگەڵ لایەنە ئێزیدییەكان و ئەو حزبانەش دا كە ئێزیدییەكان تیایاندا خۆیان كاندید كردووە، لەوانەش پارتی و یەكێتی، بەڵام ناكۆكی نێوانیان وایكرد هەوڵەکە سەركەوتوو نەبێت".

"ئامانجمان ئەوە بوو دەنگى ئێزیدییەکان پەرت و بڵاو نەبێت و كاریگەرتر بێت"، عومەر ساڵح، زیاتر وتی "بەداخەوە وەكو هەموو جارێك نەمانتوانی یەكگرتووبین".

ژمارەیەك لە ئێزیدییەكان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ئەهالی نەینەوا خۆیان كاندید كردووە، ئەو هاوپەیمانێتییە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان تیادا بەشدارە. هەروەها دەستەی عەشائیرى لە شنگال هەر لەم هاوپەیمانێتییەدان.

بەداخەوە وەكو هەموو جارێك نەمانتوانی یەكگرتووبین

سەرۆكی حزبی پێشكەوتنی ئێزیدی دەڵێت بونی ئاوارەیەكی زۆری ئێزیدی لە دهۆك وایكردووە ئەوان تەنیا هەوڵی كورسی كۆتا بدەن، وەك ئەو دەڵێت "سەروی 70 لەسەدی دەنگى ئێزیدییەکانی شنگال لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستانە و زۆرینەی ئەو دەنگانەش بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانە".

awara dhouk  (2)
دهۆك/ 2019/ كەمپی كەبەرتوو كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئێزیدین فۆتۆ: عەمار عەزیز

لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا لە ساڵی 2021دا پارتی دیموكرات هەرسێ كورسییەكەی بازنەی شنگالی بردەوە و هەرسێ كاندیدەكەش ئێزیدی بون.

لە ئەنجومەنی پێشوی پارێزگای نەینەوا ئێزیدییەكان هەشت كورسیان لە چوارچێوەی لیست و هاوپەیمانی جیاوازدا هەبوو، بەڵام سەعد بەتوش، سەرۆكی حزبی پێشكەوتن ترسی هەیە بەهۆی پەرتەوازەیی و دابەشبونی دەنگی ئێزیدییەكان، كورسییەكانیان بۆ سێ كورسی كەمبكات.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2021دا لە بازنەی شنگال 270 هەزار دەنگدەر هەبون، بەڵام تەنیا 60 هەزار كەس دەنگیاندا، بەپێی ئاماری دەستەی هەڵبژاردنی حزبی پێشكەوتنی ئێزیدی.

داود جوندى، لێپرسراوی رێکخستنەکانى یەکێتى لە شنگال، دەڵێت دابەشبونی دەنگ و پەرتەوازەیی، تەنیا ئێزیدییەكانی نەگرتۆتەوە، بەڵكو بۆتە سروشتی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان لە پارێزگاكە و تەنانەت لە هەموو عیراقیش. "بۆیە دروستكردنی لیستێكی هاوبەشی ئێزیدییەكانیش مەحاڵ بوو".

مەشعەل نەواف (24ساڵ) دانیشتوی ناحیەی سنونێ لە شنگال، وتی "ئەم دابەشبونە لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە، بوینەتە چەند حزب و گروپێك و روئیای هاوبەشمان نییە"، زیاتر وتی كە ئەو لایەنانە بەرژوەندی خۆیان و حزبەكانیشیان خستۆتە پێش بەرژەوەندی ئایینی.

بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن، هەموو پارێزگای نەینەوا یەك بازنەیە، لەو حاڵەتەشدا كاندیدی ئێزیدی دەتوانێت هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی ناوچەكانی تری پارێزگاكە بدات و بەپێچەوانەشەوە.

ژماره‌ی كورسییه‌كانی ئەنجومەنی پارێزگای نه‌ینه‌وا بەپێی یاساكە ده‌بێته 29 كورسی ئەوەش بۆ زیاتر له‌ سێ ملیۆن و 800 هه‌زار كه‌س، كورسییەكان سیانیان بۆ كۆتای پێكهاتەكانی كریستیان، ئێزیدی و شه‌به‌ك تەرخانكراوە.

پەرتەوازەیی ئێزیدییەكان بۆ هەڵبژاردن لەكاتێكدایە، سەرەڕای ئەوەی لە 13ـی تشرینی دووەمی 2015ەوە قه‌زای شنگال‌ لەدەستی داعش دەرهێنراوە و كۆنترۆڵكراوەتەوە، بەڵام هێشتا تەنیا لەسەدا 35ی ئاوارەكان كە زۆرینەی هەرە زۆریان ئێزیدین گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەگشتی ئێزیدیەیكان چاویان لەوەیە لە حكومەتی خۆجێی داهاتودا ئەم گرفتە چارەسەر بكرێت.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2021ـی عیراقدا، 120 هەزار و 120 دەنگدەری ئاوارە لە سەرانسەری وڵاتدا مافی دەنگدانیان هەبوو، كە زۆرینەیان لە دهۆك بون، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق بۆ (كەركوك ناو).

لە كۆی زیاتر لە 664 هەزار ئاوارەی هەرێمی كوردستان، زۆرینەیان خەڵكی نەینەوا بە تایبەت قەزای شنگال-ــن و سەدا 30ـیان ئێزیدین. جگە لەوەش تائێستا چارەنوسی زیاتر لە دوو هەزار و 600 ئێزیدی رفێنراو لەلایەن داعشەوە نادیارە.

خودێدا کرتو، ئاوارەیەكی كەمپی كەبەرتوو لە پارێزگای دهۆك، وتی "هەرچۆنێك بەشداریی هەڵبژاردنەكە دەكەن با بیكەن، بۆ ئێمە گرنگە بمانگەڕێننەوە بۆ شنگال و دۆخی قەزاكە ئارام ببێتەوە"، زیاتر وتی "داوا دەكەین تەنیا بەڵێن و بەڵێنكاریی نەبێت وەك ئەوەی پێشتر بینیومانن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT