سەدا 35ـی ئاوارەكانی شنگال گەڕاونەتەوە
هەولێر و بەغداد: كەس بە زۆر لە كەمپەكاندا دەرناكەین

دهۆك/ 2021/ كەمپی ئاوارەكانی شاریا كە دانیشتوانەكەی ئێزیدین فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

عیدۆ خەڵەف دەمێكە بە نیازی گەڕانەوەیە؛ بەڵام نایانەوێت بە زۆر و بەبێ خواستی خۆی لە كەمپەكەیدا بكرێتە دەرەوە، تا ئەوكاتەی خزمەتگوزاری و سەقامگیری شنگال بەدڵی ئەوی لێدێت.

حكومەتی فیدراڵی عیراق، لە چوارچێوەی كارنامەكەیدا دەیەوێت هەرچی كەمپی ئاوارەیی هەیە دایبخات، بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بەوهۆیەوە زیاد لەجارێك لێپرسراوانی بەغداد و هەولێر دەربارەی ئەو پرۆسەیە تۆمەتی جیاوازیان روبەڕوی یەكتریی كردۆتەوە.

"بەشێكی زۆری خزمەتگوزارییەكان ماون جێبەجێبكرێن، لەهەمووشی گرنگتر بۆ ئێمە پرسی ئیداریی و سەربازییە كە بەهەڵپەسێراوی ماونەتەوە، تا ئەوانەش چارەسەر نەكرێن، ناگەڕێینەوە" عیدۆ خەڵەف بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

ئەو هاوڵاتییە خەڵكی شنگالە و زیاتر لە هەشت ساڵە لە كەمپێكی ئاوارەیی سنوری دهۆك نیشتەجێیە.

26 كەمپی ئاوارەی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان هەن بەڵام هیچ كەمپێك لە پارێزگاكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی نەماون و هەمویان داخراون.

"هیچ ئاوارەیەك حەزناكەت لە هەرێمی كوردستان بمێنێتەوە، هەر چاومان لە گەڕانەوەیە، بەڵام لێتان ناشارمەوە كە خەریكە گەڕانەوەمان دەبێتە خەون، وا گەیشتە زیاتر لە هەشت ساڵ لەكاتێكدا دەمانوت چەند مانگێگە و كۆتاییدێت".

عیدو خەڵەف وتی "دڵتەنگ دەبین كاتێك لێپرسراوان دەڵێن دەبێت ئاوارەكان بگەرێنەوە، هەستدەكەین بە زۆر دەمانگەڕێننەوە بۆ شنگال، ئەوەش خواستی ئێمە نییە".

هەستدەكەین بە زۆر دەمانگەڕێننەوە بۆ شنگال، ئەوەش خواستی ئێمە نییە

لە كۆی زیاتر لە 664 هەزار ئاوارەی هەرێمی كوردستان، زۆرینەی خەڵكی نەینەوا بە تایبەت قەزای شنگال-ــن و سەدا 30ـیان ئێزیدین. جگە لەوەش تائێستا چارەنوسی زیاتر لە دوو هەزار و 600 ئێزیدی رفێنراو لەلایەن داعشەوە نادیارە.

پیر دیان جەعفەر، بەرێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دهۆك –سەرپەرشتی كەمپەكانی دهۆك دەكەن- بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە هەشت ساڵی رابردودا سەدا 30 تا سەدا 35ـی ئاوارەكانی شنگال گەڕاونەتەوە، .. ئەگەر ئاوارەكان هاوكاری بكرێن و كێشەكانی قەزاكە لەروی سیاسی و ئیداری و سەربازییەوە چارەسەر بكرێن، رەنگە رێژەی گەڕانەوە بۆ كۆتایی ئەمساڵ بگاتە سەدا 40".

16 كەمپی ئاوارە لە دهۆك هەن، كە زیاتر لە 26 هەزار خێزانیان تێدایە و لە دەرەوەی كەمپەكانی هەمان پارێزگا زیاتر لە 38 هەزار خێزانی ئاوارە هەن.

"گەرانەوەی ئاوارەكان زۆر سستە، بۆ نمونە هەفتەی رابردوو تەنیا 40 خێزان گەڕاونەتەوە و هەفتە هەیە هیچ خێزانێك ناگەڕێتەوە، لەبەر كەمی خزمەتگوزاری و ئاوەداننەكردنەوەی شنگال و چارەسەرنەكردنی كێشەكان" لێپرسراوەكەی حكومەتی هەرێم جەختیشیكردەوە "یەك خێزانی ئاوارە بە زۆر ناگەڕێنینەوە بۆ شنگال، تا لێرەبن ئێمە خزمەتیان دەكەین، هەر ئاوارەیەكیش بگەڕێتەوە ئازادە و رێگری لێناكەین" بەوتەی پیر دیان جەعفەر.

ئەوەش لە كاتێكدایە مانگی رابردوو وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بە رێگریی لە گەڕانەوەی ئاوارەكان تۆمەتباركرد.

awara dhouk  (1)
دهۆك/ 2021/ ژێر خێوەتەكانی كەمپی ئاوارەكانی شاریا فۆتۆ: كەركوك ناو

ئیڤان فائق جابرۆ، وەزیری كۆچ، نیسانی ئەمساڵ لە دوو بەرنامەی تەلەفزیۆنیی كەناڵی رەشید و عیراقییەدا وتی، داخستنی كەمپەكانی ئاوارەیی بۆتە دۆسیەیەكی سیاسی، لەكاتێكدا ئەگەر ئیرادەی راستەقینە هەبێت دەتوانرێت دابخرێت و دانیشتوانەكەی بگەڕێنرێنەوە، "ئێمە هیچ دەسەڵاتێكمان بەسەر كەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا نییە... بەردەوام باسی ئەوەدەكەن میوانداری ئاوارەكانیان كردووە، بۆ ئەوە سوپاسیان دەكەین بەڵام نابێت دەرگا بەڕوی میواندا دابخرێت" وەك ئاماژەیەك بۆ رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەكان.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، هەر لە مانگی نیساندا وەڵامی وەزیری كۆچی دایەوە و لە راگەیەندراوێكدا جەختیكردەوە "هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بە پلەی یەكەم، بوونی كۆمەڵێك هێزی نایاساییە لە دەڤەری شنگال و جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنامەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵە لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال".

جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال، لە خاڵێكی بەرنامەی حكومەتی عیراقیدا جێگیركراوە، بە ئامانجی سەقامگیری لە قەزاكە و ناوچەكەدا، ئەو رێككەوتنە ساڵی 2020 واژۆكرا لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم، تا ئیدارەیەكی نوێ بۆ قەزاكە پێكبهێنرێت، دوبارە ئاوەدانبكرێتەوە و دۆسیەی ئەمنی رێكبخرێتەوە، بەجۆرێك هێزەكانی نزیك لە پەكەكە شنگال بەجێبهێڵن، بەڵام ئەو رێككەوتنە تائێستا جێبەجێنەكراوە و له‌ شنگال زیاتر له‌ هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن.

قەزای شنگال نزیكەی شەش ساڵە دوو ئیدارەی خۆجێیی هەیە؛ یەكێكیان لە ناوەندی قەزاكەدان و ئەویتر ئاوارەی پارێزگای دهۆك بون، جگه‌ له‌و دوو ئیداره‌یەش، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری دیموكراتی، كه‌ لایه‌نه‌كانی نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) خاوه‌ندارێتی ده‌كه‌ن وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شنگال، له‌ قه‌زاكه‌دا ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌.

سەرجون فیادور حەنا، بەرێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدانین ئاوارەكان بەزۆر بگەڕێنرێنەوە و هیچ بڕیارێكی لەم شێوەیەش دەرنەكراوە، تەنیا گەڕانەوەی ئارەزومەندانە هەیە و ئێمە كارئاسانییان بۆ دەكەین".

داخستنی كەمپەكان بە زۆر نییە و تا ئاوارە هەبێت ئێمە خزمەتیان دەكەین

هەر خێزانێكی ئاوارە بۆ گەڕانەوە پێویستە مامەڵەكانی رادەستی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی سەر بە هەرێم بكات، دواتر لە فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق پشتگیری بۆ دەكرێت و نوسراوێكی پێدەدرێت بۆ وەرگرتنی بڕی ملیۆنێك و 500 هەزار دینار وەك هاوكاری گەڕانەوە.

"هیچ كەمپێك لە دهۆك و ناوچەكانی تر داناخەین، هەر كاتێك ئاوارە لە كەمپ نەما ئەوكات دادەخرێت، بەڵام داخستنی كەمپەكان بە زۆر نییە و تا ئاوارە هەبێت ئێمە خزمەتیان دەكەین" لێپرسراوەكەی حكومەتی عیراق وای وت.

بەپێی ئامارەكانی حكومەتی فیدراڵی تائێستا زیاتر لە 55 كەمپ داخراون، كە دواترینیان كەمپی جدعەی 5 بوو لە نەینەوا و لە نیسانی ئەمساڵدا ئاوارەی تێدا نەما.

شەریف سلێمان، سەرۆكی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە پەرلەمانی عیراق بە (كەركوك ناو)ـی وت "وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران هەنگاوی جددی و باشی نەناوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان، تەنیا قسەیە كە دەڵێن ئێمە وا دەكەین و پشتگیری و هاوكاری ئاوارەكان دەكەین، بەڵام بەكردەیی نییە".

پێشیوایە قایلكردنی ئاوارەكان بۆ گەڕانەوە و چارەسەری ئەو بارودۆخەی لە نەینەوا هەیە؛ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی واژۆكراوی هەولێر و بەغدایە دەربارەی شنگال.

grdbwnawa
نەینەوا/ نیسانی 2021/ گردبونەوەیەكی ناڕەزایی خەڵكی گوندی سیبا شێخ خدری شنگال دژی نەبونی خزمەتگوزاری فۆتۆ: كەركوك ناو

بەپێی بەدواداچونی پێشتری (كەركوك ناو) لە كەمپەكانیشدا سەدان خێزان بە دەست نەبونی هاوكاری، كەمی ئاوی خواردنەوە و خراپی خۆراكی دابەشكراوی حكومەتی عیراقییەوە دەناڵێنن.

عەلی عومەر گەعبۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری ئاوارەكان و رێكخراوەكان بە (كەركوك ناو )ـی وت "هیچ هەنگاوێكی كردەیی رەسمی نییە بۆ داخستنی كەمپەكانی پارێزگای دهۆك و هیچ بە ئێمە نەگەیشتووە".

گەعبۆ دەڵێت "رێكارەكانی گەڕانەوەی ئاوارەكان قورس نین"، دەچنە فەرمانگەكانی كۆچ یان ئیدارەی كەمپ و لەوێ نوسراوی گەڕانەوەیان بۆ دەكرێت، هەموو مامەڵەكانی گەڕانەوە "بەبێ دواكەوتن و لە ماوەیەكی كەمدا راییدەكرێن".

شەش ملیۆن هاوڵاتی بەهۆی شەڕی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی عیراق (2014-2017) ئاوارەبون، بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM) تائێستا زیاتر لە ملیۆنێك هاوڵاتی لە ئاوارەییدا دەژین، بە ئاوارەكانی ناو كەمپەكانی هەرێمی كوردستان و ئەوانەی دوای گەڕانەوە لە ناوچەكانی خۆشیاندا شوێنی مانەوەی هەمیشەییان نەماوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT