"كوالێتی خۆراكەكان خراپە یان خۆراكی بەسەرچویان تێدایە"

ئاوارەكان خۆراكەكەی بەغدا ناخۆن

دهۆك/ 2022/ دابەشكردنی خۆراك و ماددەی پاككەرەوە بەسەر ئاوارەی كەمپەكاندا فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق

عەمار عەزیز – دهۆك

سەعدە ئەلیاس بە درێژایی حەوت مانگی رابردوو تەنیا دووجار خۆراكی لە حكومەتیی عیراق وەرگرتووە، بەڵام هیچیانی بەكارنەهێناوە، هەندێكیانی هەرزانفرۆش كردووە و ئەوانیی دیكەی فڕێداوە.

ئەو ژنە لە كاتێكدا سێ منداڵیی هەیە و بژێوی رۆژانەیان لەسەر كرێكاری هاوسەرەكەیەتی، زۆر پێویستیی بەو خۆراكە هەیە كە حكومەت بە چەند مانگ جارێك بەسەریاندا دابەشی دەكات، بەڵام بە ناچاری دەستبەرداری دەبێت و بە نرخێكی گرانتر لە بازاڕەكاندا خۆراك دەكڕێتەوە.

"دوایین بەشە خۆراك لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا وەرمانگرت، بەڵام خۆراكەكان بەسەرچوو بون، بۆیە نەمانتوانی هیچیان بەكاربهێنین و لە دەرەوە ئەرزاقمان كڕی" سەعدە ئەلیاس بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

بەوتەی سەعدە، كە هەشت ساڵە لە كەمپی خانكێی دهۆك نیشتەجێیە، هیچ كاتێك نەبووە خۆراكی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق شیاوی خواردن بێت، "یان بەسەرچووە و فڕێیدەدەین یان بەهۆی خراپی زۆری جۆرەكەیەوە بە نرخێكی هەرزان دەیفرۆشینەوە".

پێمسەیرە، ئایا بیرناكەنەوە كە ئەم ئەرزاقە دەدرێت بە منداڵ و كەسانی بە تەمەن و رەنگە توشی دەیان نەخۆشییان بكات

خۆراكی مانگی ئایاری حكومەتی بەغدا بۆ ئاوارەكانی كەمپ پێكهاتووە لە پێنج كیلۆ برنج، سێ دەبە زەیت، سێ كیس ئارد، دۆشاوی تەماتە، فاسۆلیا، نۆك، نیسك، شەكر و چا.

"پێمسەیرە، ئایا ئەو كەسانە بیرناكەنەوە كە ئەم ئەرزاقە دەدرێت بە منداڵ و كەسانی بە تەمەن و رەنگە توشی دەیان نەخۆشییان بكات" سەعدە بە نیگەرانییەوە داوای لە حكومەتی فیدراڵیی كرد چارەسەری یەكجاریی ئەو كێشەیەیان بۆ بكات.

بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو)، لە هەموو كەمپەكانی پارێزگای دهۆك ناڕەزایی بەرانبەر بەو خۆراكە هەیە كە حكومەتی عیراق بەسەر ئاوارەكاندا دابەشی دەكات.

پیر عەلو كەچەل، بەرێوەبەری كەمپی خانكێ‌ -ئەو كەمپە لە قەزای سێمێلی دهۆكە و زیاتر لە 14 هەزار ئاوارەی تێدایە- بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە دوای بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە (لە ناوەڕاستی 2020ـەوە) كۆالێتی خۆراكەكە زۆر گۆڕاوە و باش نییە، پێشتر وانەبوو، ئاوارەكان ناڕەزاییەكانیان ئاڕاستەی ئێمە دەكەن و ئێمەش دەیگەیەنینە سەروی خۆمان".

camp-18
دهۆك/ 2019/ كەمپی كەبەرتوو كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئێزیدین فۆتۆ: عەمار عەزیز

هەر خێزانێكی ئاوارە یەك كۆبۆنی خۆراك یان زیاتری هەیە؛ بە هەر كۆبۆنێك یەك كارتۆن خۆراك و یەك كارتۆن ماددەی پاككەرەوەیان پێدەدرێت، كە لە سەرەتای 2022ـەوە تائێستا دووجار دابەشكراوە.

"خۆراكی بەسەرچوو بەسەر ئاوارەكاندا دابەشنەكراوە، بەڵام كۆالێتی باش نییە و بە كەڵكی خواردن نایەت، ئەوەش لە هەموو كەمپەكاندا هەر وایە" بەوتەی بەڕێوەبەری كەمپی خانكێ، هەرچەندە سەعدە ئەلیاس، ئاوارەی هەمان كەمپ جەحتیكردەوە لەوەی خۆراكەكە بەسەرچووە. –سەعدە خۆراكەكانی لانەمابوو وەك بەڵگەی بەسەرچونی نیشانی پەیامنێری (كەركوك ناو)ـی بدات-.

خراپی جۆری خۆراكەكەی حكومەتی عیراق لە كاتێكدایە، هاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش بۆ ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان كەمبۆتەوە یان راگیراوە، لە نێویاندا بەرنامەی خۆراكی جیهانی (WFP) لەمساڵدا بڕیاریاندا بە راگرتنی ئەو هاوكارییە داراییەی مانگانە بە ئاوارەی كەمپەكانیان دەبەخشی.

فەیسەڵ عەلی، ئاوارەی كەمپی چەممشكۆ بە (كەركوك ناو)ـی وت "جۆری ئەو ماددە خۆراكییانەی وەریدەگرین زۆر خراپن، من كە وەرمگرت بەكارمنەهێنا، لە دەرەوە كارتۆنێكم بە 10 هەزار دینار فرۆشت لەكاتێكدا ماددەكانی ناو كارتۆنە خۆراكەكە نرخی رەنگە بایی 50 دۆلار بێت".

كەمپی چەممشكۆ لە قەزای زاخۆیە و زیاتر لە 21 هەزار ئاوارەی تێدایە.

زەیتەكەی زۆر بۆنی ناخۆشە، فاسۆلیاكەی هەرچەندە بیكۆڵێنە هەر رەقە، برنجەكەی دەنكی زۆر وەردە و لەكاتی لێنانیدا ورد دەبێت

"خۆراكەكە بەسەر نەچووە، بەڵام شیاو نییە بۆ خواردن، زەیتەكەی زۆر بۆنی ناخۆشە، فاسۆلیاكەی هەرچەندە بیكۆڵێنە هەر رەقە، نۆكەكەی نەكڵۆكە، برنجەكەی دەنكی زۆر وەردە و لەكاتی لێنانیدا ورد دەبێت، ماددەكانی دیكەش هەروا خراپ و بێكەڵكن" بەوتەی فەیسەڵ كە دەڵێت ماددەكانی پاككەرەوە لە "خراپترین" جۆرەكانی بازاڕە و بەكاریناهێنن، بە ناڕەزاییەوە وتی "ئێمەی ئاوارە هەژارین وهەر شتێكی خراپ و بێ‌ كوالێتی بێت بە ئێمەی دەدەن".

پەیامنێری (كەركوك ناو) بۆ بەدواداچونی زیاتر لەسەر كۆالێتی خۆراكی ئاوارەكان پرسیاری لە ژمارەیەك كڕیاری خۆراك و دوكانی فرۆشتنی وشكە كرد.

فارس بریام گەمور، خۆی ئاوارەیە لە كەمپی چەممشكۆ و زیاتر لە پێنج ساڵە خۆراك و ماددەی پاككەرەوە لە ئاوارەكان دەكڕێتەوە، تا دواتر بە قازانجێكی كەم لە بازاڕەكاندا بیفرۆشێتەوە، ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو خۆراكەی ئاوارەكان وەریدەگرن چەند ساڵێكە هەرئاوا كوالێتی خراپە و سەدا 80ـی ئاوارەكان هێندەی من گەڕاوم و دەیزانم ئەو خۆراكە ناخۆن و دەیفرۆشنەوە".

لەكاتی دابەشكردنی ئەو كارتۆنە خۆراكەی حكومەتدا، فارس رۆژانە نزیكەی 60 كارتۆن دەكڕێتەوە كە خەڵك دەیفرۆشنەوە، ئەوەش بە نرخی 10 تا 12 هەزار دینار بۆ هەر كارتۆنێك خۆراك كە دواتر هەر كارتۆنێكی لە بازاڕەكانی دەرەوەی كەمپ، بە نزیكەی 14 هەزار دینار دەفرۆشێتەوە.

xorak awara dhuk 2022 (2)
دهۆك/ 2022/ چاوەڕوانی ئاوارەی كەمپ بۆ وەرگرتنی بەشە خۆراكی حكومەتی عیراق فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق

"خۆراكەكە بەسەرچوو نییە بەڵام بە كەڵكی خواردن نایەت هێندە خراپە، لە خۆراكی مانگی ئایاردا زەیتەكە زۆر بۆنی ناخۆش بوو، چایەكەی نە رەنگی هەبوو نە تام، فاسۆلیای نەكڵۆك و برنجی ورد و ناخۆش و خراپ دابەشكرابوو" فارس وادەڵێت.

له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە هەن و بەشێكیان لە 26 كه‌مپی پارێزگاكانی دهۆك، هەولێر و سلێمانی دەمێننەوە.

دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە دهۆك –سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە- بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەپێی بەدواداچونی ئێمە، خۆراكەكە بەسەرچوو نییە بەڵام كوالێتییان خراپە، تەنیا لە كەمپی خانكێ تائێستا دووجار دابەشكردنی خۆراكمان رەتكردۆتەوە لەسەر خراپی كوالێتییەكەی".

ئەو دەڵێت لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی رێككەوتون پێش دابەشكردنی خۆراكی حكومەتی عیراق، پێشتر پشكنینی بۆ بكەن و ئەگەر جۆرەكانیی باش نەبن، ئەوا رێگە بە دابەشكردنی نادەن.

خۆراكەكە بەسەرچوو نییە بەڵام بە كەڵكی خواردن نایەت هێندە خراپە

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق ناڕەزایی هاوڵاتیانی ئاوارەی پێگەیشتووە و بەڵێنیداوە لە دابەشكردنی خۆراكی مانگەكانی داهاتوودا چارەسەری ئەو كێشەیە بكات.

ئەسكەندەر محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە پارێزگای دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "راستە كوالێتیی خۆراكەكان بەرز نین، بەڵام هەمان ئەو جۆرە خۆراكە مانگانە بەسەر هاوڵاتیانی عیراقدا دابەشدەكرێت و شیاوە بۆ خواردن، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارە بۆ وەجبەی داهاتوو وەزارەت جۆری خۆراكەكان بۆ باشتر بگۆڕێت".

هەروەها رەتیكردەوە هیچ جۆرە خۆراكێكی بەسەرچوو بە سەر ئاوارەكاندا دابەشكرابێت و دەڵێت هەمویان پێشتر پشكنینیان بۆ كراوە.

بەپێی بەڵێنی وەزارەت بڕیارە لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا بەشە خۆراكی نوێ بەسەر ئاوارەی كەمپەكاندا دابەشبكرێت.

جگە لە نەینەوا، تەواوی كەمپەكانی دیكەی پارێزگاكانی عیراق داخراون و دانیشتوانەكانیان بۆ زێدی خۆیان گەڕێنراونەتەوە، جگە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان كە بەپێی لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ حكومەتی هەولێر ماونەتەوە و ئاوارەكانیش زۆرینەیان بەپاساوی نەبونی سەقامگیریی ئەمنی و خزمەتگوزاری و وێرانكاریی شەڕ نایانەوێت بگەڕێنەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT