ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان، چیتر مانگانە ئەو بڕە پارەیە وەرناگرن، كە رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكاندا وەك پاڵپشتیی فریاگوزاری دابەشیاندەكرد.
بەرنامەی خۆراكی جیهانی (WFP)، لە سەروبەندی سەرهەڵدانی ئاوارەییەوە بەهۆی هێرشەكانی 2014ـی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش"، مانگانە بڕە پارەیەكی بە هەر هاوڵاتییەكی ئاوارە دەبەخشی، بە ئامانجی روبەڕوبونەوەی برسێتی و دابینكردنی خۆراك.
"دوو هەفتە لەمەوبەر پارەی مانگی ئایارمان وەرگرت، كە هەر كەسێك بڕی 12 هەزار دیناری پێدرا" عەلی مەجحان جردۆ، لە كەمپی كەبەرتوو بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
ئەو بڕە پارەیە مانگانە بۆ هەر كەسێك لە نێوان 10 تا 20 هەزار دیناردایە.
عەلی كە چەند ساڵێكە لە ناحیەی گرعوزێری شنگالەوە ئاوارە بووە، پێشمەرگەیە و دەڵێت ئەو بڕە پارەیە هەرچەندە زۆر نییە، بەڵام لەگەڵ موچەكەیدا كەمێك لە پێداویستییەكانی خێزانەكەی پڕ دەكاتەوە، "ئەگەر نەمێنێت كاریگەری خراپی لەسەر ئاوارەكان دەبێت و رەنگە مانگانە بۆ كڕینی پێداویستی قەرز بكەین".
نەمانی ئەو بڕە پارەیە كاریگەری خراپ لەسەر ئاوارەكان دادەنێت
ئەو هاوكارییە داراییەی ئاوارەكان لە سەرەتای تەمموزی ئەمساڵەوە رادەگیرێت.
دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە دهۆك –سەر بە حكومەتی هەرێمە و سەرپەرشتی كەمپەكانی ئاوارەیی دەكەن- بە (كەركوك ناو)ـی وت "رێكخراوی WFP بڕیاریانداوە مانگی تەمموز ئەو هاوكارییە رابگرن، ئەوەشیان بە ئێمە راگەیاندووە، چونكە بەقسەی ئەوان بڕی پارە و بودجەی بەردەست بەشی هەموو ئاوارەكان ناكات".
له ههرێمی كوردستان زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە هەن و بەشێكیان لە 26 كهمپی پارێزگاكانی دهۆك، هەولێر و سلێمانی دەمێننەوە.
"لە مانگی تەمموزەوە ئەو بڕە پارەیە تەنیا دەدرێتە هەندێك خێزانی زۆر هەژار و كەمدەرامەت بەپێی چەند رێكارێك، لە هەر كەمپێكی ژمارەیەك خێزان دیاریدەكرێن تا هاوكاری بكرێن" دیان جەعفەر دەڵێت هەرچەندە ئەوان داوایانكردووە بەهۆی خراپی باری دارایی ئاوارەكانەوە بۆ هەموان هاوكارییە بەردەوامبێت، بەڵام داواكارییەكەیان رەتكراوەتەوە.
بەپێی ئامارەكانی هەرێمی كوردستان خەرجی رۆژانەی ئاوارە و پەنابەران زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار لەسەر هەرێم و رێكخراوە مرۆییەكان دەكەوێت.
ئاوارەكەی كەمپی كەبەرتوو لە دهۆك دەڵێت باوكی پێنج منداڵە و نەمانی ئەو بڕە پارەی هاوكارییە نەك هەر بۆ ئەو، كە مانگانە بە هەموو ئەندامانی خێزانەكەی دەگەیشتە نزیكەی 100 هەزار دینار، بەڵكو مەترسییە بۆ بژێوی و دابینكردنی خۆراكی هەزاران ئاوارە، بۆیە "داواكارین لایەنی پەیوەندیدار چارەسەری دیكە بدۆزنەوە، یان رێكخراوێكی تر ئەو پارەیە دابینبكات یاخود هاوكاری دیكەی جێگرەوە دابەشبكرێت" عەلی مەجحان وای وت.
رێكخراوەكان هاوكاریی و پرۆژەكانیان بۆ لێقەوماوانی شەڕی ئۆكرانیا دەبەن
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق و بەشێكی تر لە رێكخراوە مرۆییەكان ناوبەناو سەبەی خۆراك و پێداویستی ناوماڵ بەسەر ئاوارەكاندا دابەشدەكەن.
لێپرسراوەكەی فەرمانگەی كۆچ-ـی سەر بە حكومەتی هەرێم دەڵێت ئەوان و دەزگای خێرخوازی بارزانی، پێكەوە گفتوگۆ لەگەڵ رێكخراوەكاندا دەكەن تا هاوكاری بە ئاوارەكان بگەیەنن، بەڵام شەڕی روسیا و ئۆكرانیاش (چەند مانگێكە بەردەوامە و ملیۆنەها كەس بەهۆیەوە ئاوارەبون) كاریگەری هەبووە و رێكخراوەكان هاوكاریی و پرۆژەكانیان بۆ لێقەوماوانی ئۆكرانیا دەبەن.
"یونیسێف لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە چەند كەمپێك پاشەكشێی كردووە و نەماوە لەكاتێكدا سەرقاڵی كاری چاككردنەوە بون، بۆیە پێویستە شوێنەكانیان پڕبكەینەوە، هەروەها رێكخراوی (UNHCR)ـيش مانگی تەمموز لە كەمپەكانی بەردەڕەش و ئاكرێ دەكشێنەوە، كە هەموو ئەوانە بارگرانی زیاتر لەسەر حكومەتی هەرێم دروستدەكەن" بەوتەی دیان جەعفەر.
جگە لە نەینەوا، تەواوی كەمپەكانی دیكەی پارێزگاكانی عیراق داخراون و دانیشتوانەكانیان بۆ زێدی خۆیان گەڕێنراونەتەوە، جگە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان كە بەپێی لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ حكومەتی هەولێر ماونەتەوە و ئاوارەكانیش زۆرینەیان بەپاساوی نەبونی سەقامگیریی ئەمنی و خزمەتگوزاری و وێرانكاریی شەڕ نایانەوێت بگەڕێنەوە.