ئاوارەكان بە پێنج مەرج دەگەڕێنەوە
عیراق دەیەوێت لە شەش مانگدا هەموو كەمپەكان دابخات

دهۆك/ كانونی دوەمی 2023/ دوو منداڵ لە كەمپێكی ئاوارەكان لە قەزای شێخان یاری دووگۆڵی دەكەن فۆتۆ: دلڤین رەشید

دلڤین رەشید – نەینەوا

ئاوارەكانی شنگال بە چەند مەرجێك بۆ زێدی خۆیان دەگەڕێنەوە، لە نێویاندا سەقامگیری ئەمنیی و قەرەبوكردنەوە، ئەوەش لە وەڵامی هەنگاوەكانی عیراق كە دەیەوێت لە شەش مانگدا تەواوی كەمپەكان دابخات، هەرچەندە لێپرسراوانی ئیداریی و حكومیی بە زەحمەتی دەزانن.

بەپێی بڕگەیەكی بەرنامەی كاری حكومەتی فیدراڵی عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، كە كۆتایی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو متمانەی پەرلەمانی وەرگرت، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا تەواوی ئاوارەكان بگەڕێنرێنەوە، ئەوەش زیاتر لە ملیۆنێك هاوڵاتی دەگرێتەوە كە هێشتا ئاوارەن. -ئاماری رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM)-.

لە دوایین كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا، 29ـی كانونی یەكەمی 2022 ئیڤان جابرۆ، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق جەختیكردەوە "دۆسیەی ئاوارەكان لە عیراق لە شەش مانگدا كۆتاییدێت بەپێی بەرنامەی حكومەت"، بۆ ئەوەش هەماهەنگییان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە و زەمینەسازی دەكەن، وەك سایتی وەزارەتەكەی بڵاویكردۆتەوە.

رەوشی شنگال زۆر خراپە، نەبونی خزمەتگوزاری و هەبونی هێز لەناوشار بەربەستن لەبەردەم گەڕانەوەماندا

تەنیا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە هەن، بەپێی ئاماری رەسمی، كە بەشێكیان لە 26 كەمپدا نیشتەجێن و لە كۆی ئاوارەكانیش سەدا 30ـیان ئێزیدین و زۆرینە خەڵكی قەزای شنگالن.

"ئێمە ئامادەین بگەڕێینەوە بۆ شنگال، بەڵام رەوشی شنگال زۆر خراپە، نەبونی خزمەتگوزاری و هەبونی هێز لەناوشار بەربەستن لەبەردەم گەڕانەوەماندا" بەفرێ عەلی بەشار (24 ساڵ)، ئاوارەی شنگال لە كەمپی خانكێی دهۆك بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

لە ئایاری 2022ـدا بەهۆی بارگرژی چەكدارییەوە لە شنگال هەزاران خێزان جارێكیتر ئاوارەی كەمپ بونەوە. له‌ قه‌زای شنگال زیاتر له‌ هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن و هەندێكیان لەچوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوادان، كە سەرەكیترینیان سوپایە.

hez-snjar
نه‌ینه‌وا/ 2020/ هێزی چه‌كداری سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵی عیراق له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

بەفرێ خەڵكی كۆمەڵگەی دووگرێی شنگالە، داوای قەرەبوكردنەوە و خزمەتگوزاری دەكات تا بتوانن بگەڕێنەوە، جگە لە ئارامی و سەقامگیری ئەمنی، "دەمانەوێت لە ژیانی كەمپ رزگارمان ببێت بەڵام ئەگەر رەوشەكە ئارام نەبێت، ئەوا ژیانی ئاوارەییمان پێباشترە".

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو) داواكاریی و مەرجەكانی ئاوارە بۆ گەڕانەوە بەشێكیان هاوشێوەن و سەرەكیترینیان بریتین لە قەرەبوكردنەوەی زیانەكانی شەڕ، دابینكردنی خزمەتگوزاری، نەهێشتنی فرەهێزی و پاراستنی سەقامگیری، دیاریكردنی چارەنوسی رفێنراوان و یەكلاكردنەوەی دۆسیەی ئیدارەدانی ناوچەكانیان.

"ئەگەر حكومەتی عیراق بیەوێت كاربكات بۆ شنگال ئەوا بە كەمتر لە شەش مانگ خەڵك دەگەڕێنەوە، بەڵام بڕواناكەم لەو ماوەیەدا هەنگاوی پێویست بنرێت، هەرچەندە سەدا 99ـی ئاوارەكانی شنگال دەیانەوێت بگەڕێنەوە" داود زندینی (36 ساڵ)، خەڵكی گرعوزێر و ئاوارەی كەمپی كەبەرتوو لە دهۆك وای وت.

لە پارێزگای دهۆك زیاتر لە 65 هەزار خێزانی ئاوارە هەن؛ لەو ژمارەیە نزیكەی 27 هەزار خێزانیان لە 16 كەمپدا نیشتەجێ بون.

زۆر زەحمەتە لە شەش مانگدا ئاوارەكان بگەڕێنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان

"پێش هەر هەنگاوێك داوای گەڕانەوەی دیل و رفێنراوەكانمان دەكەین، دەمانەوێت هێزێكی تایبەت لە خەڵكی شنگال بۆ پاراستنی قەزاكە پێكبهێنرێت و قەرەبوی خەڵكیش بكرێتەوە تا هەموان بگەڕێنەوە" بەوتەی زندینی، كە دەڵێت خانوەكەی بە تەواوی روخاوە.

قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌ و زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ئێزیدین، لە 3ـی ئابی 2014، داعش دەستیبەسەرداگرت ‌و هه‌زاران كه‌س له‌و پێكهاته‌یه روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەیی بونەوە، تا لە 13ـی تشرینی دووەمی 2015 قه‌زاكه‌ كۆنتڕۆڵكرایەوه.

نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەكالەت بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "زۆر زەحمەتە لە شەش مانگدا ئاوارەكان بگەڕێنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان لەكاتێكدا بارودۆخی شنگال ئاڵۆزە و سەدا 90ـی ئاوارەكان ناتوانن بگەڕێنەوە، چونكە هێشتا خانوەكانیان نۆژەن و ئاوەدان نەكراوەتەوە، ئارامی شنگال سەقامگیر نییە، ململانێی سیاسی هەیە و فڕۆكەی بیانی بە ئاسمانی قەزاكەدا دەسوڕێتەوە و ترسی لەناو خەڵكدا دروستكردووە".

photo1672747888
دهۆك/ كانونی دوەمی 2023/ كەمپێكی ئاوارەكان لە قەزای شێخان فۆتۆ: دلڤین رەشید

لە شنگال دوو ئیدارە هەیە؛ یەكێكیان لە دهۆك دەوام دەكەن و ئەویتر لەناو قەزاكەدان، جگە لە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری كە بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هەژماردەكرێن.

نایف دەڵێت تائێستا هیچ ئامادەكارییەك نەكراوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و دەبێت حكومەتی عیراق قەرەبوی خەڵك بكات تا ژیانی ئاسایی لە ناوچەكانی خۆیاندا دەستپێبكەنەوە.

جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال، لە خاڵێكی بەرنامەی حكومەتی عیراقیدا جێگیركراوە، بە ئامانجی سەقامگیری لە قەزاكە و ناوچەكەدا، ئەو رێككەوتنە ساڵی 2020 واژۆكرا لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم، بۆ رێكخستنەوەی دۆسیەكانی ئیدارەدان و ئەمنی و خزمەتگوزاری بەڵام تائێستا جێبەجێنەكراوە.

"هەموی خەڵكی شنگال ئامادەن بگەڕێنەوە، بەڵام لەبەر فرەهێزی چەكداریی و وێرانكارییەكانی شەڕ لە ناوچەكانیاندا ناتوانن" تەلال هەسكانی (34 ساڵ) وای وت، ئەو كە خەڵكی سنوێی شنگالە، خانوەكەی بە تەواوی روخاوە و هێشتا لە كەمپی شاریا نیشتەجێیە، نیگەرانە تائێستا چارەنوسی ئیدارەدانی قەزاكەیان یەكلانەبۆتەوە، یەك ئیدارەی یەكگرتووی نییە و بارودۆخی ئەمنی لەبار نییە، "بۆیە داوای جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال و قەرەبووكردنەوە دەكەین" تەلال بۆ (كەركوك ناو) وادەڵێت.

تائێستا هیچ میكانیزمێكمان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان نییە

حكومەتی عیراق لە سەرەتای دەستبەكاربونیدا وردبینی ئەمنی هەڵگرت بە ئامانجی هاندانی ئاوارەكان بۆ گەڕانەوە و لە كۆتایی ساڵی رابردوشدا بڕیاریدا بە تاپۆكردنی دەیان ناحیە و كۆمەڵگەی نیشتەجێبونی قەزای شنگال، كە نزیكەی 50 هەزار خێزان لێی سودمەند دەبن.

ئەسكەندەر محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "راستە بەرنامەی گەڕانەوەی ئاوارەكان لە شەش مانگدا هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە كەی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە ئێمە تائێستا هیچ میكانیزمێكمان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان نییە".

ئەوەش لەكاتێكدا بەپێی هەواڵێكی وەزارەتی كۆچ، كە كانونی یەكەمی 2022 بڵاویكردۆتەوە، لە چوارچێوەی بەرنامەیەكدا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆتایی بە دۆسیەی ئاوارەكان دەهێنن و كەمپەكان دادەخەن، بەبێ ئەوەی وردەكاریی زیاتر بخەنەڕوو.

لێپرسراوەكەی ئەو وەزارەتە لە دهۆكیش رونیكردەوە "ئێمە ناتوانین بە زۆر كەس بگەڕێنێنەوە، هەر ئاوارەیەك ئازادە بگەڕێتەوە یان نا، خەڵكیش بەبێ قەرەبوكردنەوەی ناگەڕێنەوە، دەكرێت جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان بۆ شنگال ببێتە هاندانی ئاوارەكان بۆ گەڕانەوە" ئەسكەندەر محەمەد ئەمین، وای وت.

snjar-2022-4
نەینەوا/ ئایاری 2022/ گروپێك لە گەنجانی ئێزیدی لە ناوەڕاستی شنگال كۆبونەتەوە دژی ناسەقامگیری و كێشەكانی قەزاكە فۆتۆ:تایبەت بە كەركوك ناو

جگە لە نەینەوا، تەواوی كەمپەكانی دیكەی پارێزگاكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عیراق داخراون و دانیشتوانەكانیان بۆ زێدی خۆیان گەڕێنراونەتەوە.

دیان پیر جەعفەر، لێپرسراوی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران لە دهۆك –سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان- بە (كەركوك ناو)ـی وت "زۆر زەحمەتە لەو ماوەیەی دیاریكراوە ئاوارەكان بگەڕێنەوە، چونكە هێشتا ئارامی لە شنگال بەرقەرار نییە و حكومەتی هەرێمیش زۆر لە كەس ناكات بۆ گەڕانەوە، هەر كەسێك ئازادە لە مانەوە یان گەڕانەوە، ئەركی ئێمەیە خزمەتیان بكەین"، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت هەماهەنگی باش بۆ دۆسیەی ئاوارەكان لەنێوان حكومەتی نوێی عیراق و هەرێمی كوردستاندا هەیە.

ئەو هیواخوازە لەگەڵ حكومەتی بەغدا كار بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال بكەن و هەوڵ دابینكردنی پێداویستی ئاوارە بدرێت، بەوپێیەی رێكخراوەكانی هاریكاری ئاوارە گرێبەستی كاركردنیان كۆتایی هاتووە.

بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری (كەركوك ناو)؛ ئاوارەكانی كەمپ لە بارودۆخی "خراپ"ـدا دەژین، بەوپێیەی سەدان خێزان بە دەست نەبونی هاوكاری، كەمی ئاوی خواردنەوە و خراپی خۆراكی دابەشكراوی حكومەتی عیراقییەوە دەناڵێنن، جگە لە سەختی سەرمای زستان و مەترسی روداوەكانی ئاگركەوتنەوە لە هاویناندا.

لە عیراق و هەرێمی كوردستان شەش ملیۆن هاوڵاتی لە ساڵانی (2014-2017) بەهۆی شەڕی چەكدارانی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش) ئاوارەبون و نزیكەی پێنج ملیۆن هاوڵاتی بۆ زێدی خۆیان گەڕاونەتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT