هیچ ئاوارەیەكی كریستیانی لە كەمپەكانی دهۆك نییە، نزیكەی نیوەیان بەرەو دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە و ئەوانەشی ماونەتەوە لە گەڕەك و ناوچە جیاوازەكانی ئەو پارێزگایەدا دەژین، كەمترینیان بۆ زێدی خۆیان گەڕاونەتەوە.
بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو)، لەناو 16 كەمپەكەی ئاوارەكانی دهۆك، هیچ خێزانێكی كریستیانی نەماوە و زۆرینەی دانیشتوانی ئەو كەمپانە ئێزیدین.
كلارا ئیلیا، بەرێوەبەری كەمپی داودی لە قەزای ئامێدی –زیاتر لە دوو هەزار و 500 خێزانی لەو كەمپەدایە- بە (كەركوك ناو)ـی وت "110 خێزانی كریستیانی نەینەوا لە كەمپەكەی ئێمەبون و دوای رزگاربوونی ناوچەكانیان لە دەشتی نەینەوا (لە كۆتاییەكانی 2017) لە كەمپ نەمان و رۆیشتن".
داعش دوای دەستبەسەرداگرتنیی زۆرینەی ناوچەكانی پارێزگای نەینەوا؛ سێ بژاردەی خستە بەردەم كریستیانەکان ئەوانیش بوون بە ئیسلام، پێدانی جزیە یان بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان، بۆیە زۆرینه به ناچاری ئاوارهبون.
زۆرینەی كریستیانەكان سەرەتای ئاوارەیی لەو كەرەڤانانەدا نیشتەجێبون كە كڵێسا بۆیانی دانابوو
"بەپێچەوانەی ئاوارەكانی دیكەوە، زۆرینەی كریستیانەكان لەو كەرەڤانانەدا نیشتەجێبون كە پێشتر كڵێسا بۆیانی دانا، بەشێكیشیان لە شوقە و كرێدا مانەوە" ئەبلحەد حەنا (68 ساڵ) وای وت، ئەو خۆی ئاوارەیە و لە شوقەیەكی شاری دهۆك بە كرێ نیشتەجێیە.
حەنا باوكی چوار منداڵە و لە بەرتڵڵەی دەشتی نەینەواوە رویكردۆتە دهۆك، بەڵام نیازی گەڕانەوەی نییە، "ناوچەكەمان لەروی ئەمنییەوە سەقامگیر نییە و بێ كێشە نییە، بۆیە كاتێك دەگەڕێینەوە كە گرەنتی ئەوە هەبێت ئاوارە نەبینەوە".
بهپێی ئامارهكانی ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان، دهیان ههزار خانهوادهی كریستیان هێشتا نهگهڕاونهتهوه زێدی خۆیان و له ئاوارهییدا دهژین، جگه لهوهی ههزاران خێزانی تر – تهنیا له نهینهوا زیاتر له 24 ههزار خێزان- بهرهو وڵاتانی تر كۆچیانكردووه.
لینوس عودیشۆ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە پێكهاتەی كریستیان بە (كەركوك ناو)ـی وت لە سەرەتای شەڕی داعشەوە تا كۆتایی شەڕ، نزیكەی نۆ هەزار خێزانی كریستیانی ئاوارەی دهۆك بون و زۆرینەش هەر ئەوكات لە كڵێسا و گوند و ناوچە كریستیانییەكانی دیكەدا، نیشتەجێبون، بەشێكی كەمیان چونە ناو كەمپەوە.
"بە گشتی سەدا 40 بۆ سەدا 45ـی كریستیانە ئاوارەكانی موسڵ و دەشتی نەینەوا بۆ دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە".
عودیشۆ دەڵێت كریستیانەكانی حەمدانییە و بەرتڵڵە لە دەشتی نەینەوا، سەدا 50ـیان گەڕاونەتەوە، سەدا 40ـیان چونەتە دەرەوەی وڵات، بەشێكیان لە هەولێر و دهۆك ماونەتەوە، هەروەها كریستیانەكانی تلكێف سەدا 80 بۆ 90ـیان كۆچیان كردووە و ئەوانیتریان لە دهۆك دەژین.
لە بارەی كریستیانی تلسقۆفەوە دەڵێت سەدا 60ـیان گەڕاونەتەوە و بەشێكیان لە دهۆكن و لە كریستیانەكانی ناوەندی موسڵیش زۆرینە بەرەو دەرەوەی وڵات رۆیشتون.
ئەوەش لە كاتێكدایە لێپرسراوان و پیاوانی ئایینی كریستیان بەردەوام داوای گەڕانەوەی كریستیانەكان دەكەن لە نێویاندا پاپای ڤاتیكان، لە كاتی سەردانەكەیدا بۆ عیراق و لەناو كڵێسایەكی موسڵ تكای لە ئاوارەكانی كریستیانی كرد، بگەڕێنەوە و ناوچەكانیان ئاوەدانبكەنەوە.
سەدا 40 بۆ سەدا 45ـی كریستیانی ئاوارە بۆ دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە
"تائێستا نۆ جار ماڵەكەم گواستۆتەوە، سەرەتا لە گوندی دێرە بوین لە زاخۆ، دواتر بەرەو ناوەندی دهۆك، ئینجا هەر چەند مانگ جارێك دەچوینە خانویەكی دیكەی كرێ، بەوشێوەیە ژیانمان بەڕێكرد و نەچوینە كەمپەوە" كبرائیل شەمعون لحدو (66 ساڵ)، لە بارەی ژیانی ئاوارەییەوە وادەڵێت، كە ئێستا لە گوندی سێجێ-ـی دهۆك جێگیر بووە.
ئەو لە كریستیانەكانی شنگالە و هەشت ساڵ لەمەوبەر ئاوارە بووە، دەڵێت تەنیا لەو خێزانانەی ئەو دەیانناسێت، نیوەیان بەرەو دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە و نایانەوێت بگەڕێنەوە، "كڵێسا و خانوەكانیان وێران بون، بارودۆخی ئەمنی و نەبونی خزمەتگوزاری رێگەنادات بگەڕێینەوە".
نزیكەی 100 خێزانی كریستیانی لە شنگال نیشتەجێ بون و سێ كڵێسایان هەبوو كە داعش لەگەڵ80 كڵێسا و شوێنی ئایینی كریستیانی نەینەوادا تەقاندیەوە و هێشتا زۆرینهیان نۆژهننهكراونهتهوه.
سەباح سەبری شەمعون، نوێنەری كریستیانەكانی شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "تەنیا 65 خێزانی كریستیانی شنگال رویانكردە دهۆك و زۆرینەش لای كەسوكار یان لە كڵێسا و گوندەكانی شارەكەدا نیشتەجێبون نەك كەمپ"، ئەوەشی رونكردەوە هیچ كریستیانێك نەگەڕاوەتەوە بۆ شنگال، "نیوەیان چونەتە دەرەوەی وڵات و ئەوانیتر لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەژین.
ئاوارەی كریستیان سەدا 7ـی كۆی 664 هەزار ئاوارەی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن كە سەدا 42ـی ئاوارەكان دەكەونەتە دهۆك و لە كۆی ئاوارەكانیش سەدا 40یان خەڵكی نەینەوان.
دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران لە دهۆك - سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان - بە (كەركوك ناو)ـی وت "هیچ ئاوارەیەكی كریستیان لە كەمپەكانی سنوری پارێزگای دهۆك نەماون و ئەوانەی ئێستا لە كەمپ دەژین زۆرینەیان ئێزیدین و خەڵكی قەزای شنگال و دەوروبەرین".
بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری (كەركوك ناو)، تەنیا لە تەمموزی ئەمساڵدا، لە قەزای حەمدانیەی دەشتی نەینەواوە 30 خێزانی كریستیانی بەرەو شارەكانی هەرێمی كوردستان جارێكیتر ئاوارە بون.
كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، ئاداری ئەمساڵ لە ئامارێكدا بڵاویكردەوە، ژمارەی كریستیانەكان بۆ 250 هەزار كەس كەمبۆتەوە كە زۆرینە لە هەرێمی كوردستانن، لەكاتێكدا پێش ساڵی 2003 دەگەیشتنە ملیۆن و نیوێك.
جگە لە نەینەوا، تەواوی كەمپەكانی دیكەی پارێزگاكانی عیراق داخراون و دانیشتوانەكانیان بۆ زێدی خۆیان گەڕێنراونەتەوە، جگە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان كە بەپێی لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ حكومەتی هەولێر ماونەتەوە و ئاوارەكانیش زۆرینەیان بەپاساوی نەبونی سەقامگیریی ئەمنی و خزمەتگوزاری و وێرانكاریی شەڕ نایانەوێت بگەڕێنەوە.