كریستیانی نه‌ینه‌وا
به‌ ئومێدن سه‌ردانی پاپا ژیانی ئاساییان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌

نه‌ینه‌وا، 12ی نیسانی 2020، رێوره‌سمی جه‌ژنی قیامه‌ له‌ تلسقۆف ته‌نیا كه‌سانی ئایینی ئاماده‌ی مه‌راسیمه‌كه‌ن فۆتۆ: ڤیكتۆر حه‌كیم

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

كریستیانی نه‌ینه‌وا، به‌ ئومێدی ئه‌وه‌وه‌ن سه‌ردانه‌كه‌ی پاپا ئه‌و سه‌قامگیریی و ژیانه‌ ئاساییه‌یان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌، كه‌ شه‌ش ساڵه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌ییدا چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن.

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان له‌ سه‌ردانێكی چه‌ند رۆژیدا بۆ عیراق (5 – 8ی ئاداری 2021)، ده‌چێته‌ پێنج پارێزگا له‌ نێویاندا نه‌ینه‌وا و چاوی به‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كریستیانه‌كانیش ده‌كه‌وێت.

"دڵنیام دوای سەردانی پاپا رێژەیەکی باش لە ئاوارە کریستیانەکان دەگەرێنەوە بۆ موسڵ" براید عادل، لێپرسراوی گشتی کڵێساكانی سریانی ئارسۆدۆکس لە موسڵ وای وت.

ئه‌و ده‌ڵێت سه‌ردانه‌كه‌ مایه‌ی خێر و خۆشییه‌ بۆ گه‌لانی عیراق و به‌ تایبه‌ت كریستیانه‌كان، "چونكه‌ پاڵپشتی و ئیرادەیەکی بەهێز بۆ ئاوارەکان دروستدەکات تا بگەڕێنەوە و ژیانی ئاسایی ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.

له‌ دوایین قۆناغی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كاندا، به‌وته‌ی براید عادل، 70 خێزانی كریستیانی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و پرۆسه‌كه‌ش به‌رده‌وامه‌.

papa (3)
نه‌ینه‌وا، شوباتی 2021، هه‌ڵواسینی دروشم و وێنه‌ و ئاڵا وه‌ك ئاماده‌كاری بۆ پێشوازی پاپا له‌ قه‌ره‌قوش فۆتۆ: راگه‌یاندنی كڵێسای قه‌ره‌قوش

به‌پێی ئاماره‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، ده‌یان هه‌زار خانه‌واده‌ی كریستیان هێشتا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدی خۆیان و له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌زاران خێزانی تر – ته‌نیا له‌ نه‌ینه‌وا زیاتر له‌ 24 هه‌زار خێزان- به‌ره‌و وڵاتانی تر كۆچیانكردووه‌.

له‌ كۆی زیاتر له‌ 671 هه‌زار ئاواره‌ی نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان سه‌دا 7یان‌ كریستیانن.

"به‌ ئومێدین و دڵنیاشم سه‌ردانی پاپا كاریگه‌ری زۆر دروستده‌كات و هانی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كریستیانه‌كان ده‌دات تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ و ژیانێكی نوێ ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌" مونیر نیعمەت وای وت.

مونیر كریستیانێكی دانیشوی موسڵه‌ و له‌ 2018ـه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا له‌ شوقه‌یه‌كدایه‌ به‌ كرێی مانگانه‌ی 100 دۆلار چونكه‌ خانوه‌كانی كه‌ داعش روخاندنی، نه‌یتوانیووه‌ نۆژه‌نی بكاته‌وه‌.

"موسڵ له‌روی ئیمنییه‌وه‌ باش بووه‌ و كه‌س ئازاری ئێمه‌ نادات، له‌ جه‌ژن و بۆنه‌كاندا ده‌چینه‌ كڵێسا و نوێژ ده‌كه‌ین" ئه‌و داواكاری له‌حكومه‌ت هه‌بوو تا هاوكاری بكرێن بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ و دوباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی داعش وێرانی كرد.

داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014 دا كاتێك موسڵی كۆنتڕۆڵكرد؛ سێ‌ بژارده‌ی خستە بەردەم کریستیانەکان ئەوانیش ئیسلامبون، پێدانی جزیە یان بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان، بۆیە زۆرینه‌ به‌ ناچاری ئاواره‌بون.

camp-kabartoo
دهۆك، 2019، كه‌مپی كه‌به‌رتوو كه‌ زۆرینه‌ی دانيشتوانه‌كه‌ی خه‌ڵكی نه‌ینه‌وان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌لی هومه‌ر گه‌عبۆ، جێگیری پارێزگاری موسڵ بۆ كاروباری ئاواره‌كان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌م ماوه‌یه‌دا (بێ ئه‌وه‌ی ماوه‌كه‌ دیاریبكات) زیاتر له‌ 70 خێزانی كریستیانی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ناوه‌ندی شاری موسڵ و پرۆسه‌كه‌شدا به‌رده‌وامه".

ئه‌و ده‌ڵێت "هەموو ئاسانکارییەک ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌"، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كریستیانه‌كانی گرنگی تایبه‌تی به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌ چونكه‌ "پێكهاته‌یه‌كی ره‌سه‌ن و گرنگی سنوره‌كه‌ن".

ئایینی مه‌سیحی، دووه‌م گه‌وره‌ترین ئایینه‌ له‌ عیراق دوای ئیسلام، به‌پێی ده‌ستوری عیراق دانیپێدانراوه‌ و زمانیشیان پارێزراوه‌، كه‌ سریانییه‌  وه‌ك له‌ ده‌ستوردا هاتووه‌.

له‌ نه‌وه‌كانی سه‌ده‌ی رابردودا، ژماره‌ی كریستیانه‌كانی عیراق له‌ ملیۆنێك و 500 هه‌زار كه‌س زیاتر بون، واتە نزیكه‌ی له ‌سه‌دا سێی دانیشتوان بون؛ تا شه‌ڕی هاوپه‌یمانان و كۆتایی حوكمڕانی به‌عس له‌ 2003دا، هێشتا ده‌وروبه‌ری 800 هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ له‌ وڵاتدا مابون.

هاوڵاتیانی كریستیان، كه‌ ژماره‌یان بۆ كه‌متر له‌ نیوه‌ كه‌مبۆته‌وه‌ و گه‌یشتۆته‌ 500 هه‌زار که‌س، زۆرینه‌ له‌ ناوچه‌كانی دهۆك، نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك، هه‌ولێر و به‌غدا نیشته‌جێن. (به‌پێی ئامارێك كه‌ کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریاکی کلدانه‌کان له‌ عیراق و جیهان ساڵی 2019 به‌ كه‌ركوك ناو-ی داوه).

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT