ئەسکەندەر محەمەدئەمین، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کۆچ و کۆچبەران لە دهۆک، ئاوارەبونەوەی 450 خێزانی ناحیەی سنونێ سەر بە قەزای شنگال رادەگەیەنێت، ئەوەش بەهۆی بارگرژیی و شەڕی نێوان سوپای عیراق و ئاسایشی ئێزیدخان سەر بە یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە).
بەرەبەیانى ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئایار و لە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا، هێزێکى سوپای عیراق هێرشیكردە سەر دوو خاڵى ئاسایشى ئێزیدخان لە ناحیەی سنونێ لە شنگال، بەهۆیەوە شەڕ لە نێوان هەردولا دروستبوو، كە بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەكی ئەمنی و حكومی بۆ (كەركوك ناو) لە سنورەكە، سەربازێكی سوپای عیراق كوژراوە و 12ی تر برینداربون، لەگەڵ كوژرانی شەڕڤانێكی ئاسایشێكی ئێزیدخان و برینداربونی یەكێكی تر.
ئەسکەندەر محەمەدئەمین، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کۆچ و کۆچبەران لە دهۆک – سەر بە حكومەتی عیراقە -، بە (كەركوك ناو)ی وت "تا ئێوارەی ئەمڕۆ 2ی ئایار، بەهۆی ئەو شەڕەوە 450 خێزان لە سنوری ناحیەی سنونێ-وە جارێكی تر ئاوارەی پارێزگای دهۆك بونەتەوە لە هەرێمی كوردستان".
"ئەو خێزانانە دواى تەواوبونى رێکارە یاسایى و ئیدارییەكان و تۆمارکردنى ناوەکانیان، لە کەمپەکانى سنورى پارێزگاى دهۆک جێگیر دەکرێن"، ئەسكەندەر محەمەدئەمین زیاتر وتی "لە کەمپ شوێن هەیە، بەڵام ئەوان ئازادن لەکەمپ نیشتەجێ دەبن، یان لە دەرەوەی كەمپ، ئەوەی گرنگە ئێمە هەموو پێداویستییەكانیان بۆ دابیندەكەین".
ئەو خێزانانە دواى تەواوبونى رێکارە یاسایى و ئیدارییەكان و تۆمارکردنى ناوەکانیان، لە کەمپەکانى سنورى پارێزگاى دهۆک جێگیر دەکرێن
ئەوەش لەكاتێكدایە زۆرینەی ئەوانەی ئێستا ئاوارەبون، ساڵانێك لە كەمپەكانی دهۆك نیشتەجێ بون، بەهۆی هێرشی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، لە ئابی 2014دا.
خودێدا چوکی، بەڕێوەبەرى ناحیەى سنونێ بە (کەرکوک ناو)ی وت "سەدان خێزان لە گوندەکانى سنورى ناحیەى سنونێ ئاوارەبون، بەشێکیان ئاوارەى پارێزگاى دهۆک بون و بەشێکى تریان رویان لە ناوەندى شنگال كردووە و چونەتە لاى خزم و کەسوکاریان".
لەبارەی دۆخی ئێستای ناوچەكەوە، بەڕێوەبەرى ناحیەى سنونێ جەختیكردەوە "ئێستا دۆخى ناوچەکە ئارامە، بەڵام نازانین سبەى چ شتێكی نوێ رودەدات، پێمانوایە ئەمە پلانێکى هاوبەشی تورکیا و عیراق و پارتی دیموكراتی كوردستانە و پێكەوە دەیانەوێت رێككەوتنەكەی خۆیان جێبەجێبكەن".
له تشرینی یهكهمی 2020دا ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان رێككەوتنی شنگالیان واژۆكرد، بۆ رێكخستنهوهی كاروباری ئیداری، ئهمنیی و ئاوهدانی قهزاكه و بڕیاریاندا دۆسیهی ئهمنی ناوهندی شار بهدهست پۆلیسی ناوخۆیی و دهزگای ئاسایشی نیشتمانی و ههواڵگرییهوه بێت، له دهوروبهری شارهكهش هێزه چهكدارهكانی سهر به حكومهتی فیدراڵی جێگیربن و هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستانیش هیچ رۆڵێكیان لە قەزاكەدا نەبێت و بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت ناوچەكە بەجێبهێڵن.
بەڵام یەبەشە و ئاسایشی ئێزیدخان كە دوو هێزی نزیكن لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و لە دوای دەركردنی داعش لە شنگال لە ساڵی 2015ەوە ئیدارەی قەزای شنگال دەدەن و زۆربەی هەرە زۆری چەكدارەكانیان ئێزیدین، رەتیدەكەنەوە قەزای شنگال بەجێبهێڵن و لە مانگی نیسانی رابردودا سێجار روبەڕوی سوپای عیراق بونەوە و ئامادەنەبون بازگە و خاڵە سەربازییەكانیان رادەستبكەن.
ئەو دوو هێزە بڕیار لە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال وەردەگرن، ئەو ئەنجومەنەش لەلایەن ژمارەیەك لایەنی ئێزیدیی و عەرەبی و پێكهاتەكانی تری شنگال دامەزراوە و به نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه) ههژماردهكرێت، هەر ئەوانیش ئێستا بەبێ دانپێدانانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، ئیدارەی بەشێك لە قەزاكە دەدەن.
خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوى ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری لە ناحیەی سنونێ، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەر لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپاى عیراق هێرشیکردە سەر دوو خاڵى سەربازى ئاسایشى ئێزیدخان لە سنورى ناحیەی سنونێ، ئەوان ویستیان ئەو دوو خاڵ كۆنترۆڵبكەن و ئاسایشی ئێزیدخانیش روبەڕویان بۆوە".
"شەڕ تا ئێوارە بەردەوام بوو، شەڕڤانێکى ئێمە و سەربازێكی سوپای عیراقی كوژران، لەگەڵ برینداربونی شەڕڤانێكی ئێمە و 12ی سەربازی سوپا"، خودێدا وای وت.
شەڕ تا ئێوارە بەردەوام بوو
خودێدا وتی "تادێت سوپاى عیراق هێزى زیاتر رەوانەى شنگال دەکات، ئەمڕۆ یەكەیەكی نوێی سوپا رەوانەى شنگال کرا، چەكی قورسیان پێبوو، 20 زریپۆش و 40 هەمەری سەربازی هاتونەتە ناوچەكە، هەموو ئامانجى سوپاى عیراق ئەوەیە رێککەوتنى بەغدا و هەولێر بە زۆر لە شنگال جێبەجێبكات و ئاسایشی ئێزیدخان لە سنونێ و شنگال دەربكات، ئەمەش لای ئێمە مایەی قبوڵكردن نییە و تا ماوین لە ژیان بەرگرى لە خاک و خەڵکى شنگال دەکەین".
خودێدا ئەلیاس زیاتر وتی "ئێوارەی ئەمڕۆ، حەشدى شەعبى و زۆر لایەنى تر تەداخولیان کرد و کێشەکە بەشێوەیەکى کاتى چارەسەرکراوە، ئەو دوو خاڵەشی كە سوپا هێرشیكردە سەریی و كۆنترۆڵیكرد، رادەستی ئاسایشی ئێزیدخان كرایەوە، بەڵام پێمانوانییە شەڕو ئاڵۆزی كۆتایی بێت".
ئەوەش لەكاتێكدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەك لە چالاكوانانی ئێزیدی لە شنگال گردبونەوە و داوای راگرتنی شەڕیان كرد لەو قەزایە.