نامەیەك لە دهۆكەوە بۆ بەغدا: دۆخی ئاوارەكان خراپە

دهۆك/ 5ی حوزه‌یرانی 2021/ منداڵێكی ئێزیدی له‌ نێو خێوتێكی سوتاوی كه‌مپی شاریا دوابه‌دوای رۆژێك له‌ روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ 300 خێوه‌ت سوتان فۆتۆ: كاروان باعه‌دری

عەمار عەزیز – دهۆك

كۆبونەوەیەكی باڵا لە دهۆك بۆ "خراپی" دۆخی ئاوارەكان بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای كەمبونەوەی هاوكاری رێكخراوەكان دێت بۆ كەمپەكان، كە بەپێی ئامارێك لەسەدا 70ی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە كەمپەكان كشاونەتەوە.

ئامادەبووانی كۆبونەوەكەی 10ی ئاب كە لە لێپرسراوانی ئیدارەی دهۆك و پەرلەمانتاران و نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا پێكهاتبون، كۆكبون لەسەر ئەوەی پێویستە فشار لەسەر حكومەتی عیراق دروستبكرێت بۆ باشتركردنی دۆخی ئاوارەكان.

عومەر کوچەر، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق لە فراکسیۆنى یەکگرتوى ئیسلامى، بە (كەركوك ناو)ی وت "دۆخى ئاوارەکان زۆر خراپ بووە ئەوەش لە دواى کشانەوەى زۆرێک لە رێکخراوەکان و دابەشنەكردنی هاوكارییەكانیان دێت... کۆبونەوەى ئێمە لەگەڵ ئیدارەى پارێزگاى دهۆک و دەزگاى خێرخوازى بارزانى شتێکى زۆر باش بوو، بە وردى باس لە هەموو کێشەکان کرا، هەروەها کەمتەرخەمى حکومەتى عیراق لە بەرامبەر ئاوارەکانى سنورى پارێزگاى دهۆک".

رێكخراوی بارزانی كە لە كۆبونەوەكەدا بەشداربووە، لە ئێستادا سەرپەرشتی گشتی كەمپی ئاوارەكان دەكات لە هەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێر.

عومەر كۆچەر وتیشی "لە كۆبونەوەكەدا باسمان لە كێشەی ئەو جوتیارانە كرد كە حكومەتی عیراق هێشتا قەرەبوی نەكردونەتەوە، لەبەرامبەر بەكارهێنانی زەوییەكانیان بۆ كەمپی ئاوارەیی".

جەختیشیكردەوە "هەموو ئەو گلەیی و پێشنیارانەی لە كۆبونەوەكەدا باسكران، بە نوسراوێك ئاراستەی حكومەتی عیراق دەكرێت... یەکەمجار ئیش لەسەر دابینكردنی هاوکاریی خێرا دەکەین بۆ باشتركردنی دۆخی ئاوارەكان".

dhok-1
دهۆك/ 10ی ئابی 2022/ كۆبونەوەیەكی لێپرسراوانی حكومی و پەرلەمانی بۆ پرسی ئاوارەكان. فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگای دهۆك

دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە دهۆك –سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە-، بە (کەرکوک ناو)ى وت "ئەم كۆبونەوەیە دوای ئەوە هات كە چەندین نوسراومان بۆ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران ناردووە لەسەر پرسی ئاوارەكان، بەڵام وەڵامیان نەبووە... ئامانجی سەرەكی ئەم كۆبونەوەیە ئەوەبوو هەمومان پێکەوە فشار لەسەر حكومەتی فیدراڵ بكەین، تا چیتر مەلەفى ئاوارەکانى دهۆک پشتگوێنەخات".

ئامانجی سەرەكی ئەم كۆبونەوەیە ئەوەبوو هەمومان پێکەوە فشار لەسەر حكومەتی فیدراڵ بكەین، تا چیتر مەلەفى ئاوارەکانى دهۆک پشتگوێنەخات

جەختیشیكردەوە "نزیکەى لەسەدا 70ی گرێبەستى رێکخراوەکان بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان کۆتایى هاتووە، ئەگەر بەغدا هاوکاریمان نەکات دۆخى ئاوارەکان زۆر قورس و خراپ دەبێت... چارەسەر تەنیا لای بەغدایە". لەبارەی هۆكاری كشانەوەی رێكخراوەكان، وتی "بەشێكیان كارەكانیان بۆ ئەوروپا گواستۆتەوە بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاوە، بەشێكی تریان بەهۆی ئەوەوەیە كە حكومەتی عیراق خۆی رایگەیاندووە ە لە ئێستادا دۆخی دارایی باشە".

لە كۆی زیاتر لە ملیۆنێك و 100 هەزار ئاوارە، زیاتر لە 600 هەزاریان لە ئێستادا كەمپەكانی هەرێمی كوردستان جێگیربون و پشكی شێریش بەر پارێزگای دهۆك كەوتووە، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم و رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ.

جگە لە نەینەوا، تەواوی كەمپەكانی دیكەی پارێزگاكانی عیراق داخراون و دانیشتوانەكانیان بۆ زێدی خۆیان گەڕێنراونەتەوە، جگە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان كە بەپێی لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ حكومەتی هەولێر ماونەتەوە و ئاوارەكانیش زۆرینەیان بەپاساوی نەبونی سەقامگیریی ئەمنی و خزمەتگوزاری و وێرانكاریی شەڕ نایانەوێت بگەڕێنەوە.

ئاوارەكان بەپێی بەدواداچونێكی (كەركوك ناو)، كە هەفتەی رابردوو بڵاوكرایەوە، ئامادەنین ئەو خۆراكە بخۆن كە حكومەتی عیراق بەپێی كۆبۆنێك بەسەریاندا دابەشی دەكات و دەڵێت "خۆراكەكان بەسەرچون"، ئەوەش لەكاتێكدایە دواین بەشە خۆراكی مانگانە لە ئایاری ئەمساڵ بەسەر كەمپەكاندا دابەشكراوە كە پێكهاتبوو لە پێنج كیلۆ برنج، سێ دەبە زەیت، سێ كیس ئارد، دۆشاوی تەماتە، فاسۆلیا، نۆك، نیسك، شەكر و چا.

پێشتر لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، ئەسکەندەر محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لە پارێزگاى دهۆک، جەختیكردەوە لەوەی وەزارەت ئاگاداری دۆخی ئاوارەكانە و هەموو ئەو نوسراوانەی كە ئاراستەی وەزارەت كراوە گەیشتۆتە شوێنی خۆی و وەزارەتی دارایی ئاگاداركراوەتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT