وردبینی ئەمنی لە شنگال نەما

نەینەوا/ كانونی یەكەمی 2021/ هێزێكی سوپای عیراق لە قەزای شنگال فۆتۆ: راگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا

كەركوك ناو – نەینەوا

وردبینی ئەمنی لە شنگال نامێنێت و ئاوارەكانی ئێزیدی بەبێ هیچ رێگەپێدانێكی پێشوەختە دەتوانن بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لە 9ـی تشرینی دوەمی 2022 وەك لە بەرنامەی كاری كابینەكەیدا هاتووە، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی وردبینی ئەمنی لە ناوچە رزگاركراوەكانی ژێر دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش"، لە نێویاندا پارێزگای نەینەوا.

خودێدا چوکی، بەرێوەبەری ناحیەی سنونێ بە وەكالەت –لە قەزای شنگال- بە (کەرکوك ناو)ـی وت "بڕیارەكە لە شنگال چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئێستا ئاسانكاری زۆر بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكرێت، لەكاتێكدا پێشتر پێویست بوو هەر خێزانێكی ئاوارە مامەڵەی گەڕانەوەیان بچێتە فەرمانگەكان و دواتر لە هەواڵگری وردبینی بۆ بكرێت، تا رێگەی گەڕانەوەیان پێبدرێت، كە ئەوەش كاتی زۆری دەویست".

هەروەها ئاماژەی بەوەدا پێشتر هەر بەهۆی وردبینی ئەمنییەوە هاوڵاتیان لە بازگەكاندا روبەڕوی گرفت دەبونەوە و كاریگەری لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەكاندا دانابوو، "لەوكاتەوەی وردبینی نەماوە هیچ هاوڵاتییەك لە بازگەكاندا گرفتیان بۆ دروستنەبووە" چوكی وادەڵێت.

(كەركوك ناو) لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا، نیگەرانی و داواكاری هاوڵاتیانی ئاوارە بە تایبەت ئێزیدییەكان و لێپرسراوانی ئیداری شنگالی لە بەدواداچونێكدا بڵاوكردەوە، دەربارەی ئەو كێشانەی بەهۆی وردبینی ئەمنییەوە لەكاتی گەڕانەوەدا روبەڕویان دەبێتەوە.

وردبینی ئەمنی بۆ هاوڵاتیانی شنگال لەلایەن ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەواوە دەكرا تا بزانن ئایا پەیوەندییان بە داعش_ـەوە هەبووە یان نا.

bazga-snjar-snwne
نەینەوا/ 2022/ بازگەیەكی سوپای عیراقی لە سنوری ناحیەی سنونێی قەزای شنگال فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

"باشی ئەم بڕیارە ئەوەیە كارئاسانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكات، ئێستا هاتوچۆ لەنێوان شنگال و شارەكانی دیكەدا ئاسانتر بووە و وەك جاران نییە خەڵك لە بازگەكاندا رابگیرێن یان زۆر دوابكەون"، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ پێشیوایە "بڕیارە لە لایەكی دیكەوە بۆ ئێزیدییەكان خراپە، چونكە ئەوانەی تۆمەتبارن بە پەیوەندی لەگەڵ داعش لەو سنورەدا بە ئاسانی دەتوانن هاتوچۆ بكەن".

زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستان هەن، كە بەشێكیان لە 26 كەمپدا نیشتەجێن و لە كۆی ئاوارەكانیش سەدا 30ـیان ئێزیدین و زۆرینە خەڵكی قەزای شنگالن.

قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق ناوەڕاستی مانگی رابردوو لە بەیاننامەیەكدا رونیكردەوە وردبینی ئەمنی بۆ ئاوارەی ناوخۆیی هەڵوەشێنراوەتەوە، بەڵام بۆ ئاوارەكانی دەرەوەی عیراق، ئەو رێكارە ئەمنییە هەر دەمێنێت و وەك جاران كاری پێدەكرێت، جەختیشیكردەوە رێگەنادەن "داعش و ئەوانەی لەگەڵیاندان سود لەو بڕیارە وەربگرن و لە لێپێچینەوە رزگاریان ببێت".

له‌ قه‌زای شنگال زیاتر له‌ هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن و هەندێكیان لەچوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوادان، كە سەرەكیترینیان سوپایە.

بەبڕوای بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بڕی هەڵوەشاندنەوەی وردبینی ئەمنی دەبوو ناوچەكانی سنوری ماددەی 140ـی دەستور نەگرێتەوە، بەوپێیەی هێشتا سەقامگیری تەواو نییە و بارودۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە بەراورد بە شوێنەكانی دیكە جیاوازە.

قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، كه‌ ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌ و زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ئێزیدین، لە 3ـی ئابی 2014، داعش دەستیبەسەرداگرت ‌و هه‌زاران كه‌س له‌و پێكهاته‌یه روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەیی بونەوە، تا لە 13ـی تشرینی دووەمی 2015 قه‌زاكه‌ كۆنتڕۆڵكرایەوه.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT