ئاوارە و لێپرسراوانی شنگال نیگەرانن: رێكارە ئەمنییەكانی گەڕانەوە هەڵبگرن

نەینەوا/ 2022/ بازگەیەكی سوپای عیراقی لە سنوری ناحیەی سنونێی قەزای شنگال فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

عەمار عەزیز – دهۆك

رێگەپێدان و رێكارە ئەمنییەكانی دیكەی گەڕانەوەی ئاوارە بۆ شنگال؛ نیگەرانی هاوڵاتیان و لێپرسراوانی قەزاكەی لێدەكەوێتەوە، داوادەكەن بە یەكجاری ئەو رێوشوێنانە نەمێنن.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لە هەفتەكانی رابردوودا، ژمارەیەك خێزانی ئێزیدی دوای گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە شنگال، لە بازگەی حەی توباڵ رێگرییان لێكراوە، بە پاساوی نەبونی مۆڵەت و رێگەپێدانی ئەمنی.

ئەو بازگەیە لە نێوان رەبیعە و ناحیەی سونێی شنگالە لە خۆرئاوای نەینەوا و سوپای عیراقی تێدایە.

"هەر خێزانێكی ئاوارە كاتێك دەیەوێت بگەڕێتەوە، پێویستە نوسراوی قایمقامیەت و كۆچ و كۆچبەرانی عیراقی هەبێت تا دواتر بە پۆستە رەوانەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوای بكات، لەوێش بە پرۆسەیەكی درێژخایەن وردبینی دەكرێت و پاشان رەزامەندی پێدەدرێت و ناویان دەخرێتە ناو سیستەمێكی ئەلیكترۆنییەوە، بۆ ئەوەی لە بازگەكاندا رێگەی تێپەڕبونیان پێبدرێت" خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بە وەكالەت، وای وت.

خەڵك هەیە لە 10 رۆژ تا مانگێك زیاتر چاوەڕێ بووە بۆ ئەوەی رێگەپێدانی ئەمنی بۆ بكرێت

وردبینی ئەمنی بۆ هاوڵاتیانی شنگال لەلایەن ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەواوە دەكرێت و بۆ ئەوەیە بزانن ئایا پەیوەندی بە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش"ـەوە هەبووە یان نا.

چوكی بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "بە تەحەداوە دەڵێم هیچ ئێزیدییەك پەیوەندی بە داعشەوە نەبووە"، پێشیوایە ئەو رێكارە ئەمنییە پێویست نییە.

"خەڵك هەیە ویستویەتی بگەڕێتەوە 10 رۆژ تا مانگێك زیاتر چاوەڕێ بووە بۆ ئەوەی رێگەپێدانی ئەمنی بۆ بكرێت لەلایەن سوپاوە، جگە لەوەش لە بازگەكاندا، هەندێكیان تا 10 كاتژمێر لەبەر هەتاو دەمێننەوە تا رێكارەكانی دیكەی تێپەڕبونیان تەواو دەكرێت" بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ.

له‌ قه‌زای شنگال زیاتر له‌ هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن و هەندێكیان لەچوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوادان، كە سەرەكیترینیان سوپایە.

camp-18-1
دهۆك/ 2019/ كەمپی كەبەرتوو كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئێزیدین فۆتۆ: عەمار عەزیز

سەعد قاسم، لێپرسراوی راگەیاندنی فیرقەی 20ـی سوپای عیراق لە شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەر خێزانێك پێویستی بە رێگەپێدانی ئەمنییە هەیە تا بگەڕێتەوە، ئەوەش رێكارێكی ئەمنییە و بۆ دڵنیایی كاری پێدەدرێت، كە نابێتە كێشە بۆ كەس و هاوكاری زۆری هاوڵاتیانیش دەكەین لە بازگەكاندا".

هەروەها رونیكردەوە لە بازگەكاندا كارئاسانی بۆ هاوأتیان دەكەن و ئامانجی ئەوانیش گەڕانەوەی ئاوارەكانە.

زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستان هەن، كە بەشێكیان لە 26 كەمپدا نیشتەجێن و لە كۆی ئاوارەكانیش سەدا 30ـیان ئێزیدین و زۆرینە خەڵكی قەزای شنگالن.

حامد مچۆ، لە ئاوارەییەوە گەڕاوەتەوە بۆ كۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر لە شنگال، دەڵێت لە بازگەكاندا بەربەست بۆ گەڕانەوە هەیە، بەهۆی زۆری رێكارەكانەوە، "ئەمەش هەنگاوێكی خراپە و خەڵك لە گەڕانەوە سارد دەكاتەوە".

کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر سەر بە ناحیەی گرعوزێری شنگالە و پێش داعش زیاتر لە هەشت هەزار خێزانی تێدابووە بەڵام تائێستا نزیكەی 100 خێزان گەڕاونەتەوە.

خەڵكێكی زۆر داوایانکردووە ئەو رێكارە هەڵبگیرێت بەڵام هێشتا وەك خۆیەتی

(كەركوك ناو) نەیتوانی لێدوانی یەكێك لەو خێزانانەی دەستبكەوێت كە لەكاتی گەڕانەوەدا بەهۆی رێكارە ئەمنییەكانەوە روبەڕبوی رێگریی بونەتەوە.

خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە سنونێ سەبارەت بە رێكارە ئەمنییەكان بە (كەركوك ناو)ـی وت "هیچ پێویست بە رێگەپێدانی ئەمنی ناكات، ئەمە تەنیا دروستکردنی کێشە و سارکردنەوەی ئاوارەکانە لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان"، ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ فەرماندەكانی سوپا باسی ئەو بابەتە دەكەن تا رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەكان نەكرێت و كارئاسانییان بۆ بكرێت.

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر لەلایەن ژمارەیەك لایەنی ئێزیدی و عەرەبی و پێكهاتەكانی تری شنگال دامەزراوە و به‌ نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) هه‌ژمارده‌كرێن.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی شنگال، كە بەهۆی نەبونی مۆڵەتی لێدوانەوە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بە (کەرکوك ناو)ـی وت "هەر خێزانێكی ئاوارە بۆ گەڕانەوە پێویستیان بە رێگەپێدانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا هەیە، ئەمە رێنمایی دەزگا ئەمنییەکانە و هیچ مەجالێکی تێدا نییە، هەرچەندە خەڵكێكی زۆر داوایانکردووە ئەو رێكارە هەڵبگیرێت بەڵام هێشتا وەك خۆیەتی".

قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، كه‌ ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌ و زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ئێزیدین، لە 3ـی ئابی 2014، داعش دەستیبەسەرداگرت ‌و هه‌زاران كه‌س له‌و پێكهاته‌یه روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەیی بونەوە، تا لە 13ـی تشرینی دووەمی 2015 قه‌زاكه‌ كۆنتڕۆڵكرایەوه.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT