ناوەندی قەزای شنگال قایمقامی لێ نییە، دوابەدوای دەستلەكاركێشانەوەی قایمقام ئەگەری هەیە جێگاكەی بە كەسێكی ئەمنی پڕبكرێتەوە، لەكاتێكدا قەزاكە قایمقامێكی دیكەشی هەیە و لە سنوری پارێزگای دهۆك دەوامدەكات.
قەزای شنگال نزیكەی شەش ساڵە دوو ئیدارەی خۆجێیی هەیە؛ یەكێكیان لە ناوەندی قەزاكەدان و ئەویتر ئاوارەی پارێزگای دهۆك بون.
قایمقامەكەی ناوەندی قەزای شنگال؛ كە خۆی پۆستەكەی بە وەكالەت ناودەبرد و لە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە دەستبەكاربوو، لە 20ـی نیسانی 2023ـەوە وازی لە پۆستەكەی هێناوە.
فەهد حامد، قایمقامی بەوەكالەتی دەستلەكاركێشانەوەی شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "نزیکەی شەش مانگە بارودۆخی شنگال لەڕوی ئەمنییەوە زۆر باشە، بۆیە لەمکاتەدا دەستملەکارکێشایەوە تا هیچ کەسێک نەڵێت لەکاتی تەنگانە و ناخۆشیدا وازدەهێنێت و دەڕوات، من ماندو بوم بۆیە رۆیشتم".
بەمنزیكانە قایمقامێكی تازە بۆ شنگال دادەنرێت
ناوبراو بە پاڵپشتی چەند هێزێكی ئەمنی پۆستی قایمقامی لە ئۆكتۆبەری 2017ـدا وەرگرت، ئەوكاتەی هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی عیراق چونە ناو قەزای شنگال و لە بەرانبەردا هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان پاشەكشێیان كرد، ئەوەش دوای ئەوەی پەیوەندی هەردوو حكومەت بەهۆی ریفراندۆمەوە گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.
"بەمنزیكانە قایمقامێكی تازە بۆ شنگال دادەنرێت، بەپێی زانیارییەكانم ئەمجارە كەسێكی ئەمنی دەكرێتە قایمقام" خاڵ عەلی، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە شنگال بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
هەروەها جەختیكردەوە بەلای ئەوانەوە "مانەوە و نەمانی فەهد حامد وەك قایمقامی شنگال گرنیگ نییە" تۆمەتباریشی كرد بە رێككەوتن لەگەڵ لایەنێكی سیاسی كوردی پێش ئەوەی دەستلەكاربكێشێتەوە.
ئیدارەی شنگال كە لە قەزای سێمێل-ـی دهۆك دەوام دەكەن، لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاكانی ساڵی 2013 پێكهێنراوە و قایمقامەكەی مەحما خەلیل بوو لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ئێستا پەرلەمانتارە و لە جێگاكەی كەسێكی تر دانراوە.
رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری ئیداری بە (كەركوك ناو)ـی وت "بۆ تەنیا رۆژێكیش ئیدارەی نەینەوا مامەڵەی لەگەڵ فەهد حامد –ئیدارەی كاتی ناوەندی شنگال-ـدا نەكردووە، بەڵكو لەگەڵ ئیدارەی شەرعی شنگال مامەڵە دەكەین كە لە دهۆك دەوام دەكەن و ئێستا قایمقامەكەی بە وەكالەت نایف سەیدۆ-ـیە، كە پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بووە، ئەوەش لە جێگەی مەحما خەلیل دانراوە".
"مۆری رەسمی قایمقامیەت لای نایف سەیدۆ-ـیە و هەموو نوسراوێكی رەسمی بۆ ئەو دەكەن، هەر ئەویش لە پۆستەكەدا دەمێنێتەوە تا هەڵبژاردنی داهاتوو یان جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا" بەوتەی رەفعەت سمۆ.
هیچ وادەیەكی جێگیر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دانەنراوە كە لە كۆتایی 2019ـەوە كۆتایی بە كارەكانیان هێنراوە و بەپێی هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێویستە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ پرۆسەكە بەڕێوەبچێت.
جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال، لە خاڵێكی بەرنامەی حكومەتی عیراقیدا جێگیركراوە، بە ئامانجی سەقامگیری لە قەزاكە و ناوچەكەدا، ئەو رێككەوتنە ساڵی 2020 واژۆكرا لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم، تا ئیدارەیەكی نوێ بۆ قەزاكە پێكبهێنرێت، دوبارە ئاوەدانبكرێتەوە و دۆسیەی ئەمنی رێكبخرێتەوە، بەجۆرێك هێزەكانی نزیك لە پەكەكە شنگال بەجێبهێڵن، بەڵام ئەو رێككەوتنە تائێستا جێبەجێنەكراوە و له شنگال زیاتر له ههشت هێزی چهكداری جیاواز ههن.
جگه لهو دوو ئیدارهیهی هەیە، بهڕێوهبهرایهتی خۆسهری دیموكراتی، كه لایهنهكانی نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه) خاوهندارێتی دهكهن وهك پرۆژهیهك بۆ بهڕێوهبردنی شنگال، له قهزاكهدا دهسهڵاتی ههیه.
هەر كەسێكی دیكە لەو پۆستەدا دابنرێت، لە هەر حزب و لایەنێك بێت ئێمە ڕازین، جگە لە پارتی
حەسۆ ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەنی خۆسەری دیموكراتی لە شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "فەهد حامد وتی ماندوو بووە بۆیە وازدەهێنێت، ئێمە پێمانخۆش بوو لەو پۆستەدا بمێنێتەوە"، ئەوەشی خستەڕو هەر كەسێكی دیكە لەو پۆستەدا دابنرێت، ئەوا "لە هەر حزب و لایەنێك بێت ئێمە ڕازین جگە لە پارتی، ئێمە دەمانەوێت بەزووترین كات كەسێكی تازە دابنرێت بەو مەرجەی شەقامی شنگال لێی ڕازی بن".
هەڵبژاردنی قایمقام بەپێی یاسا لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی قەزادایە؛ بەوپێیەی ئەنجومەنەكان نەماون، پارێزگار دەسەڵاتی دانان و راسپاردنی كاندیدی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی قایمقام بەوەكالەت، جگە لەوەش سەرۆكوەزیران دەتوانێت قایمقام دابنێت لە غیابی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاكاندا.
جەلال خەڵەف، بەڕێوەبەری پێشوی ناحیەی گرعوزێر-ـی شنگال بە وەكالەت كە ئێستا پۆستەكەی بەڕێوەبەرە لە قایمقامیەتی ناوەندی شنگال، بە (كەركوك ناو)ـی وت "من بەكاتی كارەكانی قایمقام رایی دەكەم" بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بخاتەڕوو كە چۆن و بەكام رێكار و رێنمایی ئەو ئەركەی وەرگرتووە.
كێشەكانی شنگال لە كاتێكدایە؛ هێشتا هەزاران خێزانی ئێزیدی خەڵكی قەزاكەدا لە كەمپەكانی ئاوارەیی هەرێمی كوردستاندا دەژین، چارەنوسی زیاتر لە دوو هەزار و 600 ئێزیدی رفێنراو لەلایەن داعشەوە نادیارە، دانیشتوانەكەی بە دەست نەبونی خزمەتگوزاری و وێرانكارییەكانی شەڕەوە دەناڵێنن.
موحسن عەلی، لێپرسراوی بەشی پلاندانان لە هۆبەی كشتوكاڵی شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەبون و نەبونی ئیدارەی ناوەندی شنگال بۆ ئێمە هیچ گۆڕانكارییەك دروستناكات، چونكە هەموو كاروبارەكانمان لای ئیدارەی شنگال لە دهۆك راییدەكرێت، مۆر و كاروبارە یاسایی و رەسمییەكانیش هەر لای ئەوانە".
قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، ناوچهیهكی جێناكۆكی پارێزگای نهینهوایه لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستاندا بەپێی رێكارەكانی ماددەی 140ـی دەستوری عیراق، ژمارەی دانیشتوانی قەزاكە زیاتر لە 334 هەزار كەسن كە زیاتر لە 91 هەزار كەس دەكەونە ناوەندی قەزاكەوە و زۆرینه ئێزیدین. شنگال لە 3ـی ئابی 2014ـدا داعش دەستیبەسەرداگرت و لە 13ـی تشرینی دووەمی 2015ـدا كۆنتڕۆڵكرایەوه.