لە شنگال چی باسە؟
شایی پارتی و شینی یەکێتی و دۆستەکانیەتی

نەینەوا/ 10ی تشرینی یەكەم. دەنگدەرێكی ئێزیدی لە شنگال. فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز

پارتی دیموكراتی كوردستان رێی پێنەدرا لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بگەڕێتەوە شنگال، بەڵام بەپێی ئەنجامە بەراییەكان هەرسێ كورسییەكەی قەزاكەی مسۆگەركردووە و بەسەر كاندیدەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) سەركەوتووە.

دانیشتووانی شنگال، بەشێكیان لە چوارچێوەی 69 هەزار دەنگدەری ئاوارەدا لە دهۆك و لە دەنگدانی تایبەتدا بەشداریانكرد بۆ سەرخستنی سێ كاندیدی بازنەی سێ لە شنگال، بەشێكی تریان هەر لە شنگال دەنگیاندا، بەڵام بەگشتی و بەپێی ئامارەكانی نوسینگەی شنگالی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، لەسەدا 30ی دەنگدەرانی ئەو بازنەیە بەشداریانكرد، ئەوەش كەمترین رێژەیە لەسەر ئاستی هەر هەشت بازنەكەی تری نەینەوا.

ئەو ئەنجامە بۆ هێزەكانی نزیك لە پەكەكە جێی پرسیارە، چونكە لەكاتێكدایە بانگەشەی پاراستن و نوێنەرایەتیكردنی ئێزدییەكان و خەڵكی شنگالیان دەكرد، بەڵام نەیانتوانی كاندیدەكانیان بگەیەننە پەرلەمان، هەر ئەوەشە یەكێتی نیگەران كردووە لە بەرامبەر ئەو هێزانەدا و ئەنجامەكان بۆ هەردولایان شۆكهێنەربون.

جەمال عەلى، کارگێڕی مەڵبەندى شنگالى یەکێتیی نیشتیمانیى کورستان بە (کەرکوک ناو)ى وت "کاندیدى هاوپەیمانى لە شنگال و دەوروبەرى حەوت هەزار و 700 دەنگى هێناوە، پارتى لە دەزگا راگەیاندنەکانى خۆى دەڵێت هەرسێ کورسىیەكەی بازنەى شنگالمان مسۆگەرکردووە، بەڵام وا نییە و تەنیا دوو کورسى مسۆگەر كردووە، كورسی سێیەم هێشتا رون نییە و نازانین بۆ ئەوان دەبێت یان ئێمە".

لەبارەی بۆچونی ئەو لەسەر ئەنجامەكانی بازنەی شنگال، جەمال عەلى وتی "رێزم بۆ هێز و لایەنە سەربازییەكانی  شنگال هەیە، بەڵام دەرکەوت قسەکانیان راست نین، خزمەتکردنى خەڵکى شنگال بە قسە ناکرێت"، ئەمەی وەك هۆكاری یەكەمی شكستی ئەو هێزانە داناو وتیشی "هۆکارى دووەم بۆ کەمى رێژەى بەشداریکردنى خەڵک دەگەڕێتەوە، لە خەیاڵی هیچ کەسێکدا نەبوو بەو رێژە کەمە بەشداریبكەن".

لە تەواوی پارێزگای نەینەوادا، لەسەدا 42ی دەنگدەران بەشداربون و دەنگدرانی شنگال و بەتایبەت ئێزدییەكان بەپێی وتەی پارتەكانی ئەو قەزایە كەمترین رێژەی بەشدارییان هەبووە.

awara-11
دهۆك/ 8ی تشرینی یەكەمی 2021/ دەنگدانی ئاوارەكان لە كەمپی شاریا. فۆتۆ: عەمار عەزیز

فەهد حامد، قایمقامى قەزاى شنگال – لەلایەن ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگالەوە دانراوە و نزیكن لە پەكەكەوە- بە (کەرکوک ناو)ى وت "دەنگدان لە سنورى قەزاى شنگال زۆر بەڕێکوپێکى بەڕێوەچوو، بەڵام حاڵەتی لەكاركەوتنی چەند ئامێرێك هەبوو، ژمارەیەك لە هاوڵاتیانیش ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا نەبوو، ئەمە وایكرد رێژەى بەشداریکردنى خەڵک یەکجار كەمبێت".

"هۆکارى بەشدارینەکردنى خەڵکى شنگال لە هەڵبژاردن بۆ چارەسەرنەکردنى کێشەکانیان دەگەڕێتەوە، حەوت ساڵە بەشێكی زۆریان ئاوارەن و تائێستا لە شنگال دوو ئیدارەییە، گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەردەمی داعش هەڵنەدراونەتەوە و ناوچەکەش ئاوەداننەکراوەتەوە"، فەهد حامد جەختیكردەوە "ئەمانە هەموو هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕیان بە حکومەتى عیراق و دەنگدان نەماوە... ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا رویدا سزادانی لێپرسراوانی بەغدا بوو".

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، كە قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكانی شنگالی داناوە، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر لەلایەن ژمارەیەك لایەنی ئێزیدیی و عەرەبی و پێكهاتەكانی تری شنگال دامەزراوە و به‌ نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) هه‌ژمارده‌كرێن.

كێشەیەكی ئەو ئەنجومەنە ئەوەیە هێشتا لەلایەن حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە دانیپێدانانرێت و حكومەتی هەرێم پشتوانی لە قایمقامێكی تر دەكات بەناوی مەحما خەلیل كە لە دهۆك كاروبارەكانی شنگال رادەپەڕێنێت و لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە رێگەی پێنادرێت بۆ شنگال بگەڕێتەوە.

هێزەكانی نزیك لە پەكەكە لە شنگال بە یەك كاندید لەڕێی پارتى ئازادیى و دیموکراتى ئێزدییان ناسراو بە (پادێ) لە بازنەی سێی شنگال بەشداربون و نەیانتوانی كورسیی پەرلەمانی بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن.

خودێدا چۆکى، بەڕێوەبەرى ناحیەى سنون – لەلایەن ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەرییەوە دانراوە- بە (کەرکوک ناو)ى وت "رێژەی بەشداریکردنى هاوڵاتیان زۆر كەمبوو، دوو کێشەى سەرەکى هەبوو نزیكەی لەسەدا 5ی دەنگدەران ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا نەهاتبۆوە، هۆکارى دووەم چەند ئامێرێک لە هەندێک بنکەى دەنگدان بۆ ماوەیەک وەستان، ئەمەش کاریگەرى زۆر هەبوو لەسەر پرۆسەكە".

نزیكەی لەسەدا 5ی دەنگدەران ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا نەهاتبۆوە، هۆکارى دووەم چەند ئامێرێک لە هەندێک بنکەى دەنگدان بۆ ماوەیەک وەستان، ئەمەش کاریگەرى زۆر هەبوو لەسەر پرۆسەكە

وتیشی "ئەو ئاوارانەى لە سنورى پارێزگاى دهۆک لە رۆژى دەنگدانى تایبەتدا دەنگیان نەدابوو، رۆژی دەنگدانی گشتی هێنرانە سنورى قەزاى شنگال بۆ دەنگدان، ئەوەش بەپێی بڕیاری كۆمسیۆن... ژمارەیان سەروو هەزار و 500 ئاوارەبون، ئەوانە لەژێر فشاردا لە بەرژەوەندی پارتی دەنگیاندا"، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەك بخاتەڕوو كە فشاریان لێكراوە.

جگە لە پادێ و یەكێتی، پارتى پێشکەوتنى ئێزیدى-یش كاندیدی بۆ هەمان بازنە هەبوو و دەنگی پێویستی نەهێنا.

سەعید بەتۆش، سەرۆکى ئەو پارتە، كە پارتێكی سەربەخۆی ئێزدییە، وتی "هەندێك پارت و هێزی شنگال نزیکەى 10 هەزار چەکداریان هەیە و هەمویان موچەخۆرن، بەڵام دوو هەزار چەكدار دەنگیانداوە... هەمومان توشى شۆکبوین لە نێویاندا پارتەكەی ئێمە، بۆچی خەڵکی شنگال سزامان دەدەن؟".

لەبارەی ئەوەی ئەی بۆچی پارتی دەنگدەهێنێت؟ ئەو وتی "پارتى نزیکەى پێنج هەزار دەنگى لە سنورى قەزاکە بەدەستهێناوە، ئەوەى تر هەموى لە کەمپ هێناوە و دەڵێن هەرسێ كورسییەكەی بازنەی شنگالمان مسۆگەرە".

ئەو پارتە هاوكات كاندیدێكی تری هەیە بۆ تاكە كورسی كۆتای ئێزدییەكان لە نەینەوا، بەڵام هێشتا دیار نییە كێ كورسی كۆتای ئێزدییەكان دەبات.

حەیدەر شەشۆ، سەرۆکى پارتى دیموکراتى ئێزیدى، كە ئەوانیش كاندیدێكیان لە شنگال بۆ كورسی كۆتا هەیە، وتی "ئێمە دوو هەزار و 600 دەنگمان هێناوە، بەڵام هێشتا دەنگدانی تایبەت ماوە... بردنەوەی كورسی كۆتا هێشتا بۆ ئێمە مسۆگەر نییە".

shngal-26
نەینەوا/ 2ی تشرینی یەكەمی 2021/ ساتی رێگریكردن لە گەڕانەوەی پارتی بۆ شنگال. فۆتۆ: كەركوك ناو

وتیشی "كاندیدەكەی پادێ كە كاندیدی هێزەكانی نزیك لە پەكەكەیە دەنگێكی كەمی هێناوە".

(كەركوك ناو)، چەند جارێك هەوڵیدا لەپاڵ ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، بۆچونی هێزەكانی نزیك لە پەكەكە وەربگرێت، بەڵام ئامادەنەبون لەسەر پرسی هەڵبژاردن قسە بكەن.

حەیدەر شەشۆ وتی "رێگریکردن لە پارتی بۆ گەڕانەوە بۆ شنگال لە كاتی بانگەشەدا و لەلایەن هێزەكانی نزیك لە پەكەكە و حەشدی شەعبی، هۆکارێکى سەرەکییە بۆ ئەوەی كاندیدی پادێ دەرنەچێت... خەڵکى شنگال بەو كارە بایکۆتى دەنگدانیان کرد"، زیاتر وتیشی "ناوى سەدان خەڵک لە تۆمارى دەنگدان بوو، بەڵام لە دەرەوە دەژیان، یان لە کوردستان بون و بۆ دەنگدان نەهاتنەوە شنگال".

بەگشتی نەبونی ناوی دەنگدەرانی شنگال لە تۆماری دەنگداندا یەكێك بوو لەكێشەكانیان لە كاتی دەنگدانی تایبەتی ئاوارەكان.

ئەلیاس قاسم، خەڵکى کۆمەڵگاى تل بەناتە سەر بە قەزاى شنگال، بەڵام لە كەمپی شاریا دەژیت، رۆژی دەنگدانی تایبەت بە (كەركوك ناو)ی وت "كارتی بایۆمەتریشم پێبوو، چومە بنكەی دەنگدانی كەمپی شاریا، بەڵام وتیان ناوی تۆ لێرە نییە... چومە بنكەیەكی تر لە هەمان كەمپ، لەوێش ناوم نەبوو، كارمەندێكی كۆمسیۆن پێی وتم دەبێت تۆ بچیت لە شنگال دەنگ بدەین، چونكە ناوی تۆ لەوێیە".

مەناف حەسەن، لێپرسراوی نوسینگەی هەڵبژاردنی لقی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ، لە لێدوانێكیدا بە تۆڕی میدیایی روداوی راگەیاندووە "دوای جیاکردنەوەی 80%ی دەنگەکانی پارێزگای نەینەوا، پارتی 9 کورسیی بەدەستهێناوە و لە بەدەستهێنانی کورسیی 10یەمیش نزیکە... سێ لەو كورسییە لە بازنەی سێی بووە كە دەكاتە شنگال".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT