پارتی دیموكراتی كوردستان، ره‌تیده‌كاته‌وه ده‌ستبه‌رداری پۆستی جێگری پارێزگاری نهینهوابن و پێیانوایه له رودانی نقومبونی به‌له‌مه گه‌شتیارییه‌كه‌ی موسڵ بونه‌ته قوربانی و بۆ ئه‌وه‌ش به‌رهه‌م ساڵحی سه‌رۆك كۆماری عیراق تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
له 24ی ئازار، په‌رله‌مانی عیراق، بڕیاریدا به دورخستنه‌وه‌ی نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری نه‌ینه‌وا و هه‌ردوو جێگره‌که‌ی، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر پێشنیاری سه‌رۆکوه‌زیران و به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی. جێگری یه‌كه‌می پارێزگاری نه‌ینه‌وا له پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو.
عه‌بدولقادر شنگالی، جێگری یه‌که‌می پارێزگاری نهینهو له پشکی پارتی، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "کاتێک سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق پێشنیاری دورخستنه‌وه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا و هه‌ردوو جێگره‌که‌ی دایه سه‌روکایه‌تی په‌رله‌مانی عیراق، توشی شۆک بوم و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک باوه‌ڕم به‌وه نه‌ده‌کرد بڕیاری دورخستنه‌وه‌ی منیش بدرێت، به‌ڵام ئه‌مه بڕیارێکی سیاسی بوو".
"پرسی گۆڕینی پارێزگاری نه‌ینه‌وا پێش سێ مانگه به پلانێکی باش كاری بۆ كرابوو له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نه‌وه، له‌ناو پلانه‌که‌دا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماژه به دورخستنه‌وه‌ی جێگره‌کانی پارێزگار نه‌کرابوو، ئێمه بوینه قوربانی روداوه‌که‌ی شاری موسڵ كه ئه‌وه هۆكاری دورخستنه‌وه‌ی ئێمه‌ش بوو"، شنگالی وایوت.
ئێمه بوینه قوربانی روداوه‌که‌ی شاری موسڵ كه ئه‌وه هۆكاری دورخستنه‌وه‌ی ئێمه‌ش بوو
ئه‌و بڕیاره به په‌له‌یه‌ی په‌رله‌مانی عیراق، دوای نقومبونی به‌له‌مێكی گه‌شتیاری هات له روباری دیجله، كه ئێواره‌ی 21ی ئازار به زیاتر له 280 كه‌سه‌وه هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه و ته‌نیا نزیكه‌ی 70 كه‌س رزگاریان بوو، ئه‌وانیتر زیاتر له نیوه هێشتا ته‌رمه‌كانیشیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
عه‌بدولقادر شنگالی وتی "شه‌ش مانگه ده‌سته‌ی نه‌زاهه لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر هه‌موو مه‌له‌فه‌کانی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌کات به خۆشحاڵییه‌وه هیچ مه‌له‌فێکی گه‌نده‌ڵییان له‌سه‌ر من نه‌بوو، جگه له‌مه‌ش لیژنه‌یه‌کی باڵا که نوێنه‌ری حه‌وت وه‌زارت به‌شدارییان تێدا کردبوو، به‌وردی به‌دواداچونیان بۆ هه‌موو مه‌له‌فێکی پارێزگای نه‌ینه‌وا کرد، ئه‌مجاره‌ش هیچ تێبینییه‌کی خراپیان له‌سه‌ر جێگره‌کانی پارێزگار نه‌بوو".
بۆیه شنگالی پێیوایه سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق "سه‌رپێچی یاسایی کردووه كاتێك پێشنیاری دروخستنه‌وه‌ی جێگره‌كانیشی كردووه... هه‌روه‌ها سه‌رۆک کۆماری عیراق (به‌رهه‌م ساڵح) رۆڵی هه‌بووه له دورخستنه‌وه‌ی ئێمه و له‌سه‌دا 100 ده‌ستی هه‌بووه له‌و بڕیار"، به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاریی زیاتر بڵێ.
شنگالی چاوه‌ڕێی هه‌ڵوێستی حزبه‌كه‌ی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی سكاڵا دژی بڕیاره‌كه تۆماربكات.
پۆستی پارێزگاری نه‌ینه‌وا، له‌ساڵی 2013هو به‌پێی رێكکه‌وتنێکی سیاسیی نێوان کوتله‌کانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌وت. پارتی خاوه‌نی 11 ئه‌ندامه له‌كۆی 39 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن.
به‌ره‌کات شه‌مۆ، سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به (که‌رکوک ناو)ی وت "به‌دڵنییایه‌وه ئێمه کاندیدمان ده‌بێت بۆ وه‌رگرتنی پۆستی جێگری یه‌که‌می پارێزگارى نه‌ینه‌وا، به‌ڵام جارێ پارتی هیچ که‌سێکی ده‌ستنیشاننه‌کردووه".