(كەركوك ناو)، باشترین دوو بابەتی رۆژنامەوانی خەڵاتكرد، ئەوەش لە رۆژی جیهانی ژنان و لەپێناو وێناكردنێكی گشتگیرتر و یەكسان بۆ رۆڵی ژنان لە میدیادا.
ئەو دوو خەڵاتە ئەمڕۆ یەكشەممە 8ی ئادار دابەشكرا، تیایدا خەڵاتی یەكەم بۆ راپۆرتی (سەركەوتی ژنان سەركەوتنی منە) دەرچوو، كە لەلایەن رۆژنامەنوس بەڵێن عزەت میكەوە ئامادەكراوە لە پارێزگای سلێمانی و خەڵاتی دووەم بۆ راپۆرتی (ژنان لە هێڵی پێشەوەی خۆپیشاندانەكان) بوو، كە لەلایەن هەردوو رۆژنامەنوس زەینەب مەشات و بەكر نەجمەدین بە هاوبەشی لە پارێزگای بەغدا ئامادەیان كردبوو.
ماڵپەڕی (كەركوك ناو) لەپێناو وێناكردنێكی گشتگیرتر و یەكسان بۆ رۆڵی ژنان لە میدیادا و بڵاوکردنەوەی ئەو چیرۆك و هەنگاوانەی ژنان كە لەلایەن رۆژنامەنوسانەوە نادیدە دەگیرێن، بڕیاری پێشبڕكێیەدا.
پێشبڕكێیەكە بۆ رۆژنامەنوسانی سەرتاسەری عیراق بوو، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی جیهانیدا بەناونیشانی "میدیا بۆ ژنان" کە (٤٨) دامەزراوە لە (٢١) وڵاتەوە بەشدارییان تیادا كردووە لە نێویاندا (كەركوك ناو).
(كەركوك ناو)، لەو ماوەیەدا 15 بابەتی رۆژنامەوانی لە پارێزگاكانی (كەركوك، بەغدا، نەینەوا، بەسرە، دیالە، سلێمانی و نەجەف)ەوە پێگەیشت.
بابەتە رۆژنامەوانییەكان لەلایەن لیژنەیەك لە ژوری هەواڵی (كەركوك ناو)ەوە هەڵسەنگاندنی بۆ كرا.
خەڵاتی یەكەم لەلایەن (كەركوك ناو) و خەڵاتی دووەم لەلایەن (پڕۆمۆئیتالیا)ەوە دابەشكرا، کە کۆمپانیایەکی جیهانی بواری جوانکارییە.