حەسەن تۆران پۆستەكەی بەجێهێشت
لەمەودوا روخسارێكی گەنجتر رابەرایەتی بەرەی توركمانی دەكات

لای راستی حەسەن تۆران وێنەكە، لای چەپی محەمەد سەمعان، سەرۆكی نوێی بەرەی توركمانی. فۆتۆ: راگەیاندنی بەرەی توركمانی

كەركوك ناو

مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی عیراقی سەرۆكێكی نوێی دیاریكرد، ئەوەش لە كۆبونەوەیەكدا هات لە شاری كەركوك و دوابەدوای دەستلەكاركێشانەوەی حەسەن تۆران، سەرۆكی پێشوو.

ئەو گۆڕانكارییە كتوپڕە، دوای ئەوە هات كە بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 13ی نیسان، حەسەن تۆران لە راگەیەنراوێكدا كە ئاراستەی رای گشتی كردووە، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی وەكو سەرۆكی بەرەی توركمای راگەیاند.

لە راگەیەنراوی دەستلەكاركێشانەوەیەدا، حەسەن تۆران هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەو کەسە خواست کە دوای خۆی پۆستەكە وەردەگرێت، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی كە بەردەوامدەبێت لە پاڵپشتیكردنی سەرۆكی داهاتوو و پابەندبونی خۆی راگەیاند بۆ دۆزی توركمان و خەبات  لە پێناو یەكڕیزی عیراق.

دوابەدوای ئەو راگەیەنراوە بە یەك كاتژمێر، مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی كۆبووەوە دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرد، هەروەها بە كۆی دەنگ محەمەد سەمعان (44ساڵ) وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی بە سەرۆكی بەرەی توركمانی هەڵبژارد.

سەرچاوەیەك لەنێو بەرەی توركمانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "گۆڕانكارییەكە بەشێكە لە ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، چونكە دۆخی توركمان لە هەردوو هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان باش نەبوو، دەمانەوێت بەو گۆڕانكارییە دۆخی خۆمان بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوی عیراق چاكبكەینەوە كە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت".

لە راگەیەنراوێكی مەكتەبی سیاسیدا هاتووە كە ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی پتەوکردنی یەکڕیزی ریزەکانی تورکمان و "سەرەتایەکی نوێ دەبێت لە بەرگریکردن لە پرسە ستراتیژییەکانی گەلی توركمان".

حەسەن تۆران لە 28ی ئاداری 2021دا دوای وازهێنانی ئەرشەد ساڵحی، بە سەرۆكی بەرەی توركمانی دیاریكرا، بەڵام لە كۆنگرەی بەرەی توركمانی لە 23ی ئایاری 2022 ئەمجارە بە هەڵبژاردن ئەو پۆستەی وەرگرت.

hasanturann
حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی. وێنەكە لە چالاكییەكی بەرەی توركمانیدا لە كەركوك گیراوە لە ئایاری 2022. فۆتۆ: راگەیاندنی بەرەی توركمانی

تۆران لە پەیامێكی پیرۆزباییدا بۆ دەستبەكاربونی محەمەد سەمعان، وتی "لەدڵەوە پیرۆزبایی لێدەكەم، هیوای سەرکەوتنیشی بۆ دەخوازم لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نیشتمانییە کە خزمەت بە دۆزی تورکمانی و دەستەبەرکردنی یەکڕیزی نێوان گەلەکەمان دەكات".

باوەڕی خۆشی نیشاندا لەوەی كە بزوتنەوەی سیاسی توركمان لە قۆناغی داهاتودا پێشكەوتنی زیاتری دەبێت.

محەمەد سەمعان، ماوەیەكی زۆرە لەناو بەرەی توركمانیدا كاردەكات، ئێستا وەكو روخسارێکی گەنجتر و چالاكتر دەبینرێت، بەڵام هێشتا رون نییە دەتوانێت چی بكات بۆ یەكڕیزی گەلی توركمان كە ئێستا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبون.

حەسەن تۆران لە ماوەی سەرۆكایەتیدا روبەڕوی كێشەی ناوخۆیی بۆوە، بەتایبەت لەگەڵ ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی پێشوتری بەرەكە، لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق تەنیا یەك كورسیان بەدەستهێنا، ئەو كورسییەش بۆ ئەرشەد ساڵحی بوو. لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنی پێشوتردا توركمان دوو كورسی لە پەرلەمانی عیراق هەبوو.

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش كە لە كۆتایی 2023 بەڕێوەچوو، تەنیا دوو كورسیان بەدەستهێنا، بەڵام یەكگرتوو نەبون و یەكێك لە ئەندامەكانی كە لەلایەن ئەرشەد ساڵحییەوە پاڵپشتی دەكرا، بایكۆتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی شكاند و چووە پاڵ دەسەڵات، ئەوەش بە پێچەوانەی سیاسەتی گشتی بەرەكە كە هێشتا دانیبە حكومەتی خۆجێێ كەركوكدا نەناوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT