12 كەس بونە ئەندامی مەكتەبی سیاسی
حەسەن تۆران وەكو سەرۆكی بەرەی توركمانی هەڵبژێردرا

حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی. وێنەكە لە چالاكییەكی بەرەی توركمانیدا لە كەركوك گیراوە لە ئایاری 2022. فۆتۆ: راگەیاندنی بەرەی توركمانی

كەركوك ناو

حەسەن تۆران، وەكو سەرۆكی بەرەی توركمانیی عیراقی هەڵبژێردرا، لەگەڵ هەڵبژاردنی 12 ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سێ ئەندامی یەدەگ.

ئەو گۆڕانكارییانەی بەرەی توركمانی لەڕێی هەڵبژاردنەوە ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئایار بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای زیاتر لە ساڵێك دێت لە دەستلەكاركێشانەوەی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی پێشوی بەرەی توركمانی و دەستبەكاربونی حەسەن تۆران بەپێی رێككەوتنێك لەو پۆستە هاوشان لەگەڵ دەستەیەكی كارگێڕی بۆ بەڕێوەبردنی بەرەی توركمانی.

بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەكی (كەركوك ناو)، ئەمڕۆ لەگەڵ هەڵبژاردنی حەسەن تۆران، مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانیش هەڵبژێردراوە، كە پێكدێت لە 12 ئەندام و سێ ئەندامی یەدەگ. بەڵام هیچ كەسێك وەكو جێگر هەڵنەبژێردراوە. لە هەڵبژاردنەكەشدا ئەرشەد ساڵحی بەشدار نەبووە.

بەپێی راگەیەنراوێكی كۆبونەوەكە گۆڕانكاریی لە پەیڕەوی ناوخۆی بەرەدا كراوە. 

لە 28ی ئاداری 2021، ئەرشەد ساڵحی وازهێنانی خۆی لە سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی راگەیاند، ئەوەش لە كۆبونەوەیەكی دەستەی كارگێڕی بەرەی توركمانی، هەر لەو كۆبونەوەیەدا جگە لە دەستبەكاربونی حەسەن تۆران لە پۆستەكەی، دوو كەسیش وەكو جێگر دیاریكران، لەگەڵ دانانی دەستەیەكی گارگێڕی، كە بەشێكیان لە ئێستادا بونەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی.

ئەوكات لە راگەیەنراوێكدا، بڵاویانكردەوە كە  لەمەودوا "ئەرشەد ساڵحی كاتەكانی خۆی بۆ كاری سیاسیی و دروستكردنی پەیوەندیی و دانوستان بۆ پشكی توركمان تەرخاندەكات".

ئەرشەد ساڵحی، لە ساڵی 2011ەوە سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی دەكات لە عیراق و لە سێ خولی رابردوی پەرلەمانی عیراقدا سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی بووە و بەپێی سەرچاوەكە لەم خولەشدا كە خولی چوارەمەتی لە پەرلەمان، هیچ بەرپرسیاریەتییەكی لەناو مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانیدا نابێت.

حەسەن تۆران، پێشتر جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی بوو، تا ساڵی 2014ەش سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوو، دواتر بووەتە پەرلەمانتار، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئایاری 2018دا لە چوارچێوەی كۆتای ژناندا، ئافرەتێکی توركمان جێگەی گرتەوە.

baray.turkman
كەركوك/ 23ی ئایاری 2022/ سەرۆكی بەرەی توركمانیی عیراقی لەگەڵ ئەندامانی هەڵبژێردراوی مەكتەبی سیاسی. فۆتۆ: راگەیاندنی بەرەی توركمانی

لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا لە 10ی تشرینی یەكەم، بەرەی توركمانی یەك كورسی لە پارێزگای كەركوك بەدەستهێنا، بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو كە بەردەوام دوو كورسی هەبوو.

حەسەن تۆران، لە ئایاری 2021، لە كۆبونەوەیەكیدا لەگەڵ ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن، لە وەڵامی پرسیارێكی نوێنەری دەزگای (كەركوك ناو)دا، لەبارەی تێڕوانینی بەرەی توركمانی بۆ ئایندەی پێكەوەژیان لە كەركوك، تۆران وتی "ئایندەی پێکەوە ژیان لە كەركوك بە دابەشکردنی پۆست و پلەكان دەبێت، ئەوەش بە یەکسانی لە نێوان نەتەوەکاندا بە رێژەی سەدا 32 بۆ هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكە، لەگەڵ رچاوکردنی مەبدەئی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەو پۆستانەدا".

ناوی ئەندامانی هەڵبژێردراوی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانیی عیراقی

هيثم هاشم نوري حسن

هشام مصطفى طه محمد

ایدن معروف سلیم احمد

امير عزت عبدالله محمد

يشار عبدالله محمود عبدالله

قاسم محمد يونس محمد

لقمان نجم احمد نجم

امين غريب محمد عباس

سوسن عبدالواحد شاكر

ماردين تحسين عبدالرحمن شريف

محمد سمعان كنعان يوسف

اسامة ناظم إبراهيم عباس

 یەدەگەكان

علي مهدي صادق مردان

ياوز حميد محمود صالح

مصلح الدين علي عباس

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT