چالاكوانان و رۆژنامەنوس و سیاسییەكانی توركمان، بێزار و نیگەرانن لە بارودۆخی ناوماڵی توركمانی، بەهۆی لێدوانە توندەكانی حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی و ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری عیراق لە پشكی كەركوك دژی یەكتری.
لێدوانەكانی ئەو دوو سەركردەیەی توركمانی لە كەركوك، هەرچەندە راستەوخۆ روبەڕوی یەكتری نەبووە، بەڵام بەوتەی چالاكوان و رۆژنامەنوس و سیاسییەكانی ئەو پێكهاتەیە، دڵنیاین مەبەستیان یەكترییە.
دەستكەوتەكانی لەچوارچێوەی لێدوانی پوچدایە
تۆران چوارشەممە 6ـی نیسانی 2022 لە تویتێكدا بڵاویكردەوە "كاری سیاسی لێهاتویی و زیرەكی و دانایی و ئەزمونی كردارییە، هەر كەسێك ئەو تایبەتمەندییانەی نەبێت نابێتە سیاسییەكی كاریگەر".
هەروەها نوسیویەتی ئەوانەی ئەو بەهرانەیان نییە "دەستكەوتەكانیان لە چوارچێوەی لێدوانی پوچ و ئەو تویتانەدا دەمێنێتەوە كە زیانەكانیان لە سودەكانیان زیاترن".
سەرەتای ئەم مانگە، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی پێشوی بەرەی توركمانی لە بەرنامەیەكی كەناڵی عیراقییەی توركمانی نیمچەفەرمی، كە دەربارەی ژیانی كۆمەڵایەتی خۆی بوو، بەر لە كۆتایی بەرنامەكە ساڵحی نیگەرانی لەوەدەربڕی دۆسیەی توركمانی كەوتۆتە دەستی "خورولار"، ئەوەش دەستەواژەیەكی توركمانییە و ماناكەی بە كوردی دەبێتە "پاتاڵ".
ساڵحی لەو بەرنامەیەدا وتی "من لە داهاتوو دەترسم كە لە دەستی پاتاڵدا بمێنێتەوە، دەمەوێت ئەو ئەمانەتە بەدەستی كەسانی ناسراو و خاوەن ئەخلاق و بنەچە و مێژوو بێت، ئەوكات من لە داهاتوی توركمان دڵنیادەبم".
ڤیدیۆ: بەشێك لە قسەكانی ساڵحی لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی عیراقییەی توركمانی نیمچەفەرمی دەوڵەت
یەڵماز تێرزی، هونەرمەند و میدیاكاری توركمانی لە پەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی "ئەو دەستەواژەیە قبوڵكراو نییە، لە كەسایەتی سیاسی و سروشتی بەرنامەكەش ناوەشێتەوە، بە تایبەت لە رەمەزاندا، بەڵام لێرەدا پرسیارێك دروستدەبێت: كێ پاتاڵە؟ ئایا مافی خۆیان نەبوو لەسەر ئەو تۆمەتە بۆچونیان هەبێت؟".
"لە هیچ حزبێكی توركمانی و ئەوانەی گرنگی بە توركمان دەدەن گوێبیستی لێدوانێك نەبوم پێچەوانەی ئەو قسانە بسەلمێنێت و وەڵامێك بێت بۆ پەرلەمانتار ئەرشەد ساڵحی تا دڵنیابێتەوە دۆسیەی توركمان لە دەستێكی پارێزراودایە" بەوتەی تێرزی.
هەروەها دەڵێت جاربەجار لە كۆبونەوە و دیداری نێوان هونەرمەندان و لە شەقامی توركمانی رەخنەیان لێدەگیرێت و ئێستاش بابەتەكە بۆ دۆسیەی توركمانی گرنگە و رایگشتی لەسەری بێدەنگە.
"ئەوانەی موچە لە دامەزراوە توركمانییەكان وەردەگرن، ئێوە لە كوێن؟ ئەو قسانە ئێوەش دەگرێتەوە؟ یان مافی قسەكردنتان نییە؟ چ جۆرە قسەیەك هەستتان دەجوڵێنێت؟ ئایا پەرلەمانتاری بەڕێز (ساڵحی) قسەكانی راستن؟ یان بابەتەكە ئەوەیە (أللهم إني صائم - خودایە من بەرۆژوم)؟" یەڵماز بەو پرسیارانە كۆتایی بە رەخنەكانی دەهێنێت.
تەنیا هەڵەی ساڵحی ئەوەیە لە هەڵبژاردنەكاندا براوە بوو
دوای سێ كاتژمێر لە تویتەكەی سەرۆكی بەرەی توركمانی، عەدنان تونچی چالاكوان و رۆژنامەنوسی توركمانی لە فەیسبوك بڵاویكردەوە "سوكایەتی و دەستدرێژی بۆ سەر كەسێك 23 هەزار و 60 كەس هەڵیبژاردووە تا بۆ جاری چوارەم لە ئەنجومەنی نوێنەران نوێنەرایەتییان بكات بۆخۆی سوكایەتی و دەستدرێژیكردنە سەر گەلی توركمانییە".
ساڵحی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2021ـی عیراق توانی بەرزترین دەنگی ناوماڵی توركمانی بەدەستبهێنێت و بۆ جاری چوارەم ببێتەوە بە پەرلەمانتار.
"ناكۆكییەكان هەرچییەك بن، دەبێت لە كۆتاییدا بە ئاشتبونەوە كۆتایی بێت یان بە راوكردنی ماسی لە ئاوی قوڕاو و سوكایەتی بەو كەسانەی گەل بۆ نوێنەرایەتیكردنیان لە ناوەندی بڕیاردا هەڵیانبژاردون" تونچی وادەڵێت.
تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە ئەرشەد ساڵحی هیچ وەڵامی لێدوانەكەی حەسەن تۆران-ـی نەداوەتەوە.
لە ئاداری 2021ـدا تۆران لەجێی ساڵحی سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی وەرگرت، دوای ئەوەی ناوبراو لە بارودۆخێكی "تەمومژاویدا" دەستبەرداری ئەو پۆستە بوو و تائێستاش هۆكارەكانی دیارنین، هیچ لێدوانێكیشی لەسەر بەخشینی لە سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی یان دەستلەكاركێشانەوە نەبووە.
سیاسییەكی نزیك لە بەرەی توركمانی بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەوەی لەناوماڵی توركمانی رودەدات لە بەرژەوەندی پێكهاتەكەدا نییە، ئەو شەڕە لێدوانەی هەیە هەردولا لاواز دەكات" مەبەستی ساڵحی و تۆران-ـە.
ئەو سیاسییە كە سەركردەیەكی توركمانییە و لەبەر هەستیاری بابەتەكە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، پێیوایە لە رۆژانی داهاتوودا لێدوانەكان توندتر دەبن، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكانی توركمانی بە پەلە دەستتێوەردان بكەن و لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن.
ئەرشەد ساڵحی، جگە لە پەرلەمانتاری، لە ساڵی 2011ـەوە تا 2021 سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی دەكرد و حەسەن تۆران-ـیش، یەك خول پەرلەمانتار بوو، جگە لە پۆستی جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی و تا ساڵی 2014ـیش سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوو.
خالد ئەمین، هاوڵاتی توركمان و ئەندامی یەكێتی نێودەوڵەتی بۆ وەرگێڕان دەڵێت "تەنیا هەڵەی بەڕێز ئەرشەد ساڵحی ئەوەیە لە هەڵبژاردنەكاندا براوە بوو، دەبوو بدۆڕێت تا توێژێكی شكستخواردووی سیاسی توركمان لێی رازی بن".
ژمارەیەك چالاكوانی توركمانیش لە هەڵمەتێكدا بە دانانی وێنەی تایبەتی و بەكۆمەڵ لەگەڵ ئەرشەد ساڵحی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا پشتگیری ناوبراو دەكەن.