گۆڕستانێكی كاكەییەكان دەشێوێنرێت

كێلی لانیكەم 49 گۆڕی كاكەیی لەگوندی سوفەییە لە دەشتی نەینەوا شێوێنراوە

محەمەد ئەڵماس

گۆڕستانێكی كاكەییەكان لە گوندی سوفەییەی دەشتی نەینەوا دەشێوێنرێت و كێلی 49 گۆڕ شكێنراون. ئەوەش كاكەییەكانی نیگەران كردووە.

ئەو روداوە شەوی رابردوو 15ی ئادار لەگوندی سوفەییە رویدا كە یەكێكە لەگەورەترین گوندە كاكەیینشینەكانی عیراق و دەكەوێتە نێوان هەردوو قەزای خەبات و ناحیەی گوێڕ. گوندەكە سەر بە پارێزگای نەینەوایە، بەڵام لەڕویی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە.

وەلید ئاغاى کاکەیی، سەرۆكی هۆزەکانى کاکەیی لە سنورى پارێزگاى هەولێر و نەینەوا، بە (كەركوك ناو)ی وت "شەوى رابردوو کەسانى نەناسراو سوکایەتییان بە گۆڕی كاكەییەكان كردووە لە سوفەییە، زیاتر لە 49 کێلى گۆڕیان شكاندووە، ئەمەی ئێمەی نیگەران كردووە، وەكو كاكەیی دەركەوت تەنانەت كێلی گۆڕەكانیشمان پارێزراو نییە".

ئەمەی ئێمەی نیگەران كردووە، وەكو كاكەیی دەركەوت تەنانەت كێلی گۆڕەكانیشمان پارێزراو نییە

خەڵكی گوندەكە و كاكەییەكان، نوسراوێكیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرزكردۆتەوە و تیایدا داوادەكەن بەزوترین كات بكەرانی ئەو روداوە دەستگیر بكرێن.

"ئێمە دڵنیاین ئەم کارە نامرۆڤایەتییە کارى گروپى جەکدارانى داعش و گروپە توندڕەوەكانی ترە"، وەلید ئاغاى کاکەیی وایوت. جەختیشكردەوە "ئێمە نیگەرانین كە لە عیراق كاكەییەكان بەردەوام دەكرێنە قوربانیی و پارێزگاریمان لێناكرێت... ئێمە باجی كوردبون و باجی مەزهەبی خۆمان دەدەین".

رەشید حەمە، دانیشتوى گوندى سوفەییە بە(کەرکوک ناو)ى وت "ئەمە سوکایەتییە بە پیرۆزییەكانی كاكەیی، لە 10 ساڵی رابردودا ئەمە چوارەمین جارە دەكرێینە ئامانج".

لە 10 ساڵی رابردودا ئەمە چوارەمین جارە دەكرێینە ئامانج

"ساڵی 2010، چەند شوێنێكی پیرۆزمان روخێنرا، 2012 ژمارەیەك گۆڕستانمان تەقێنرانەوە، 2015 داعش ناوچە كاكەیینشینەكانی وێران كرد، ئێستاش كێلی گۆڕەكانمان"، رەشید وایوت.

زیاتر وتی "نیگەرانین  بەو پێیەى  تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵۆێستێکی جدییان نییە... ئێمەی کاکەیی لە عیراق بەگشتى هەست بە زوڵمێکى گەورە دەکەین هیچ لایەنێکیش ئاوڕمان لێ ناداتەوە و پارێزگاریمان لێناكات".

gor.kakaey
شێواندنی گۆڕی كاكەییەكان لەگوندی سوفەییە

سەرچاوەیەکى ئەمنى لە قەزای خەبات كە گوندی سوفەییە لەڕوی ئیدارییەوە سەر بەو قەزایەیە، وتی "دەستمان بە لێكۆڵینەوە كردووە، گومان دەكەین زیاتر لە سێ كەس بەو كارە هەستابن و چاوەڕێی لێكۆڵینەوە دەكەین".

گوندى سوفەییە، گەورەترین گوندى کاکەیینشینە لە عیراق و زیاتر لە هەزارو 500 خێزان تیایدا دەژین.

كاكەییەكان لە قەزای داقوقیش هەمان كێشەیان روبەڕوبۆتەوە، هەفتەی رابردوو تەواوی دانیشتووانی گوندی مه‌تیق-ی كاكه‌یی بڕیاریی بەجێهیشتنی ماڵه‌كانیاندا، به‌هۆی مه‌ترسی هێرشی گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش حه‌وته‌م گوندی سنوره‌كه‌یه‌ به‌ره‌و چۆڵبون ده‌ڕوات.

ئەو گوندانە كە مەترسییان لەسەرە، زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی كاكه‌یین و ده‌كه‌ونه‌ سنوری قەزای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك).

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT