تیمی نیشتیمانی هەڵدانەوەی گوڕە بە کۆمەڵەکان، هەڵدانەوەی سێ گۆڕی بە كۆمەڵی تری لە سنوری قەزای شنگال دەستیكرد، كە دووان لەو گۆڕانە هی ئێزیدییەكانن و ئەوەی تریان شیعەن و مێژووەكەی بۆ سەردەمی شەڕی داعش (2014 - 2017) دەگەڕێتەوە.
تیمەكە ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی شوبات كارەكانی دەستپێكرد و بڕیارە 20 رۆژ لەو ناوچەیە بمێننەوە تا هەڵدانەوەی روفاتەكانی هەرسێ گۆڕە بە كۆمەڵەكە تەواودەبن.
خەیری عەلی، بەڕێوەبەری رێكخراوی پەتریکۆر کە تایبهتە بە مافهكانی مرۆڤ له شنگال – رێكخراوەكەیان چاودێری پرسی هەڵدانەوەی گۆڕەكان دەكات-، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارە لەو ماوەیەی لێرە دەمێننەوە هەرسێ گۆڕەكە هەڵبدەنەوە". زیاتر وتی "ئەمڕۆ چونەتە سەر گۆڕێكی بە كۆمەڵی شیعەكان، دواتر دوو گۆڕی تری ئێزیدی هەڵدەدەنەوە".
تائێستا لە سنوری قەزای شنگال 55 گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و 37 گۆڕی تری ماون، بەهەڵدانەوەی ئەو سێ گۆڕە ژمارەی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەی هەڵدراونەتەوە دەبن بە 58 گۆڕ.
زۆرینەی ئەو گۆڕانە روفاتی پێكهاتەی ئایینی ئێزیدی تیایە، بهپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە دوو ههزار ئێزیدی به دهستی چهكدارانی داعش کوژران، ئەوەش لەدوای هێرشی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) لە ئابی 2014 بۆ سەر قەزای شنگال.
ههر بهپێی ئهو ئامارانه له شنگال، زیاتر لە 80 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەک کەسی، که مێژوهکانیان بۆ سهردهمی دهسهڵاتدارێتی داعش دهگهڕێتەوە.
توركمانەكانی قەزای تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا – شیعە مەزهەبن- هاوشێوەی ئێزیدی بەدەستی داعش روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەیی بونەوە، تائێستاش چارەنوسی دهوروبهری ههزار و 300 هاوڵاتی نادیارە لە نێویاندا سەدان كچ و ژن.
بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە تشرینی دووەمی 2018 بڵاوکرایەوە، زیاتر لە 200 گۆڕی بەکۆمەڵ هەن کە پاشماوەی 12هەزار قوربانی تێدايە لەو ناوچانەی کە پێشتر لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرابوون لە عیراق، لەوانەش لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکوک، سەڵاحەدین و ئەنبار.
هەڵدانەوەی یهکهم گۆڕی به کۆمهڵی ئێزیدییهکان بە بڕیاری حكومەتی عیراق دەگەڕێتەوە بۆ 15ی ئازاری 2019 و لە گوندی کۆجۆی قهزای شنگال.