لە چەند روداوێكی ئەمنیدا لە ناوچەكانی جێناكۆك؛ 12 كەس كوژران و برینداربون

خانەقین/13ی شوباتی 2020/ لە روداوێكی دەستڕێژی گولـلەدا كوڕ و باوكێك كوژران و نۆ كەسی تر برینداربون فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

پەیامنێرانی كەركوك ناو

12 كەس لە ناوچەكانی جێناكۆك كوژران و برینداربون، ئەوەش لە ماوەی 24 كاتژمێردا و بەهۆی ژمارەیەك هێرش و روداوی ئەمنی. بەشێك لەقوربانییەكان مەدەنین.

كاتژمێر 10ی شەوی رابردوو، ژمارەیەك چەكدار، كە هێزەئەمنییەكان بە داعش ناویان دەبەن، لە گوندی حلیوەی سنوری دوزخورماتوو هێرشیانكردە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی و روبەڕوبونەوە رویداوە و بەهۆیەوە دوو چەكداری حەشد كوژراون دوانی تریش برینداربون، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی لەناوچەكە بۆ (كەركوك ناو).

سەرچاوەكە جەختیكردەوە "داعش پەلاماری هێزەكانی حەشدیدا لە ناو فڕۆكەخانەی سدیق"، زیاتر وتی "لەكاتی بەهاناوەچونی هێزێكی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەكە، بۆمبێكی چێنراو بە جێگری فەوجی لیوای 52ی حەشدی شەعبیدا تەقییەوە و بەهۆیەوە چەكدارێكی حەشد دەكوژرێت و سیانی تریش بریندارەبن".

لەكاتی بەهاناوەچونی هێزێكی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەكە، بۆمبێكی چێنراو بە جێگری فەوجی لیوای 52ی حەشدی شەعبیدا تەقییەوە

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، "چەكدارانی داعش زیانی گیانیان هەبووە"، بەبێ ئەوەی هیچ داتایەكی لابێت.

دوای روبەڕوبونەوەكان، هێزێكى زۆرتری ئەمنی، چونەتە شوێنی روداوەكە و كۆنترۆڵی دۆخەكەیان كردووە. تەرمی سێ كوژراو و پێنج برینداری روداوەكەش گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین.

dubz
كەركوك/19ی شوباتی 2020/ گەنجێكی گوندی چه‌خماخه‌ لە قه‌زای دوبز، لەبەردەم ئەو پەنجەرەیە وەستاوە كە تیایدا چەكدارێك چوار لە هاوڕێیەكانی بەدەستڕێژی گولـلە كوشت فۆتۆ: كاروان ساڵحی

لەروداوێكی تردا، لە ناحیەی جەلەولا سەر بەقەزای خانەقین، بۆمبێكی چێنراو لە ماڵی هاوڵاتییەكدا تەقییەوە و دوای ئەوەی بە سەختی برینداردەبێت. لە نەخۆشخانە گیانلەدەستدەدات.

ئەو كەسە، بەپێی سەرچاوەیەك لە پۆلیسی جەلەولا، سەرقاڵی دروستكردنی بۆمبەكە بووە و یەكێكە لەو كەسانەی پێشینەی باشی نەبووە لەم چەند ساڵەی دواییدا.

"پێشتر جارێك بە تۆمەتی هاوكاریكردنی گروپە توندڕەوەكان دەستگیركراوە، دواتر ئازادكراوە"، سەرچاوەكە وایوت. ئەو روداوە سەرلەبەیانی پێنجشەممە 9ی نیسان رویدا.

پێشتر جارێك بە تۆمەتی هاوكاریكردنی گروپە توندڕەوەكان دەستگیركراوە، دواتر ئازادكراوە

لە گوندێكی جەلەولاش هەمان رۆژ بۆمبێكی چێنراو بە دوو برادا تەقییەوە و هەردوكیان گیانیانلەدەستدا و کەسێکی تر هەر لەو روداوە برینداربوو.

عەدنان كەرەوی، لە نەخۆشخانەى جەلەولا، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو براكە كاتێك گەیەنراونەتە نەخۆشخانە گیانیانلەدەستدابوو، ئەوەی تریش برینەكەی زۆر سەختە و رەوانەی نەخۆشخانەی بەعقوبە كراوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر".

ئەو خێزانە لە چوار برا پێكدێن و سەرقاڵی كشتوكاڵ و ئاژەڵدارین لە گوندەكەی خۆیان. یەكێك لەو چوار برایە شەش مانگ لەمەوبەر بۆمبێك پێیدا تەقییەوە و بەهۆیەوە هەردوو دەست و قاچێكی لەدەستدا.

92874903_536727693944036_7425757442694184960_n
لای راست و چەپی وێنەكە، ئەو دوو پێشمەرگەی لە كوڵەجۆ لە روبەڕوبونەوەی "چەكدارانی داعشدا" گیانیانلەدەستدا، ناوەڕاستی وێنەكە ئەفسەرێكی پۆلیسی فیدراڵییە كە لەروداوێكی هاوشێوەدا لە قەزای دوبز بە برینداری كەوتەدەست چەكدارانی "داعش"

پێشتر (كەركوك ناو) بڵاویكردەوە كە دەیان هێرشی جۆراوجۆر لە دوو هەفتەی رابردودا كراونەتە سەر هێزەئەمنییەكانی عیراق لە ناوچەكانی جێناكۆك، ئەوەش لەوكاتەی حكومەت و یەكە ئیدارییەكان بەهۆی مەترسییەكانی كۆرۆناوە قەدەغەی هاتوچۆیان راگەیاند. بەگشتی "چەكدارانی داعش"، بەو هێرشانە تۆمەتبار دەكرێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT