رێژەی مردنی كۆرپەلە لە دیالە دەگاتە سەدا 20، ئەوەش هۆكاری زۆرە و بەشێكیان پەیوەستە بە نەبوونی پلان و رێكخستنی خێزانەوە، لە نێویاندا پاراستنی دوری نێوان منداڵبوون.
حكومەتی فیدراڵی عیراق، ستراتيژی نیشتیمانی بۆ رێكخستنی خێزان و ماوەی -دوورى- نێوان منداڵبوون بۆ ساڵانی 2020 – 2025 هەیە و ئێستا لە كۆتاییەكانی جێبەجێكردنیدایە، تا ماوەی نێوان منداڵبوون زیاتر بكات، لانیكەم دوو بۆ سێ ساڵ، ئەوەش لەرێی فەراهەمكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و هۆكارەكانی رێگری لە دوگیانی، بە ئامانجی رێكخستنەوەی خێزان.
پرۆژەكە نەخشەرێگایەكە بۆ باشكردنی تەندروستی دایكان و منداڵان، كەمكردنەوەی رێژەی مردن و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری.
زیاب موهیب، لێپرسراوی بەشی یاسایی تەندروستی بەعقوبە بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو ژنانەی لە ناو گوندەكانن، زیاتر و زۆرتر منداڵ دەهێننە دونیاوە و پابەندی ستراتیژییەكە نابن بۆ رێكخستنی خێزان و بڕیاردان لەسەر ژمارەی منداڵەكانیان، بەڵام ژنانی ناو شارەكان زیاتر سودیان وەرگرتووە".
بەپێی ئامارێكی تەندروستی بەعقوبە بۆ (كەركوك ناو)، رێژەی لەدایكبوونی كۆرپەلە بە زیندویی سەدا 80 و مردنی كۆرپەلەش سەدا 20ـە، بەشێكیشیان بە هۆكاری نەخۆشی یان كەمئەندامی لەكاتی لەدایكبووندا، دەمرن.
ژمارەی دانیشتوانی دیالە زیاتر لە ملیۆنێك و 800 هەزار كەسە، زیاتر لە نیوەی گوندنشینن، لە پارێزگاكەدا خزمەتگوزاری تایبەت بە رێكخستنی خێزان لە نزیكەی 60 بنكە و ناوەندی تەندروستی هەیە.
هۆزان شەهاب (33 ساڵ)، لە بەعقوبە نیشتەجێیە و مامۆستایە، بەهۆی دوگیانییەوە بەردەوام سەردانی نەخۆشخانە دەكات، بەڵام هیچ كاتێك بە خزمەتگوزاری رێكخستنی خێزان و پاراستنی دووری نێوان منداڵبوون ئاشنا نەبووە، "لە نەخۆشخانە هیچ زانیاریی و هۆشیارییەكمان دەربارەی رێكخستنی خێزان پێنەدراوە، ئاگاداری ئەم ستراتیژەی تەندروستی عێراق نین".
ئەو ناڕازییە لە مامەڵەی كارمەندانی تەندروستی و پەرستیاران لەگەڵ ژنانی دوگیان، نەك لەسەر خێزان، تەنانەت لەسەر بارودۆخی كاتی دوگیانیی و تەندروستی ژنان بە گشتی هۆشیاری وەرنەگرتووە، بەڵام خۆی بە هاوكاری هاوسەرەكەی، پلانی خێزانییان هەیە و دوای دوو ساڵ و نیو لە منداڵی یەكەمی، رێگەیداوە دوگیان بێت.
هەڵمەتەكانی هۆشیاری، تەنیا بۆ ژنان نییە، پیاوانیش دەگرێتەوە
"لە پلانماندایە سێ بۆ چوار منداڵمان هەبێت، بەڵام بەمەرجێك بەلای كەمەوە دوو ساڵ نێوانیان بێت، ئێمە ئابوریمان باشە.. داواكارم ژنان منداڵی زۆر نەهێننە دونیاوە، چونكە ئابوری خێزان و عێراق باش نییە و توندوتیژیشی زۆر بووە لەناو خێزانەكان كە بەهۆیەوە منداڵان دەبنە قوربانی".
هۆزان دەڵێت ئەگەر منداڵی زۆر و لەسەر یەك هەموو ساڵێك بهێنێتە دونیاوە، ئەوا توشی كێشەی تەندروستی دەبێتەوە، ئەوەشی لە هاوڕێ و خزم و دراوسێیەكانیەوە بیستووە.
ئەگەر دوری ماوەی نێوان منداڵبوون بكرێت تەنیا بە دوو ساڵ، ئەوا رێژەی مردنی منداڵی تەمەن یەك بۆ چوار ساڵ سەدا 21 و رێژەی مردنی منداڵی ساوا سەدا 10 كەمدەبێتەوە، وەك لە ناوەڕۆكی ستراتیژییەكەدا ئاماژەی پێكراوە.
لێپرسراوەكەی تەندروستی بەعقوبە دەڵێت ماوەی پێنج ساڵە ستراتیژی رێكخستنی خێزان لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكاندا، بەتایبەت لەناو نەخۆشخانەی منداڵبون و منداڵان جێبەجێدەكرێت، بەوتەی موهیب لە هەموو پارێزگای دیالە زۆرجار بە مەیدانش كارمەندانی تەندروستی لە دەرەوەی ناوەند تەندروستییەكان ژنان كۆدەكەنەوە بۆ سیمیناری هۆشیاری دەربارەی رێكخستنی خێزان و نەخۆشیەكانی تری ژنان و زیانەكانی منداڵبوونی زۆر.
لە ساڵی 2023ـدا زیاتر لە 44 هەزار منداڵ لە دیالە لەدایكبوون و رێژەی مردنی دایك لە كاتی منداڵبووندا بۆ هەر 100 هەزار حاڵەتێك 45.6 بووە.
زیاب موهیب وتی "هەڵمەتەكانی هۆشیاری، تەنیا بۆ ژنان نییە، پیاوانیش دەگرێتەوە تا لەگەڵ هاوسەرەكانیاندا ماوەی نێوان منداڵبوون سێ ساڵ بێت، ئەمەش بەپێی شەرع هیچ حەرام نییە و بۆ ئەوەیە دایك و باوكەكان بتوانن پێداویستی منداڵەكانیان دابین بكەن و بەباشی بەخێویان بكەن".
بەوتەی ناوبراو هەرچەندە پلانی رێكخستنی خێزان لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكاندا جێبەجێدەكرێت، بەڵام هێشتا ماویەتی خەڵك بە زۆری پێوەی پابەند بن و سودی لێوەربگرن.
وەك لە كۆی ستراتیژییە پێنج ساڵییەكەدا زیاتر لە جارێك جەختی لێكراوەتەوە؛ لە ئامانجە سەرەكییەكانی رێكخستنی خێزان و پاراستنی ماوەی نێوان منداڵبوون، بە دوو یان سێ ساڵ، هۆكارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، پاراستنی ژیانی دایك و كۆرپەلە، فەراهەمكردنی خزمەتگوزاری گونجاوتر تەندروستی و خوێندن و پەروەردەی باشتر بۆ منداڵان.