هەوڵدەدەم خەڵک سەنتەر بیت، بە چیرۆکی ئەوان دەستپێدەکەم، بۆ ئەوەی دەنگی ئەوان کاریگەری دروستبکات
هەوڵدەدەم خەڵک سەنتەر بیت، بە چیرۆکی ئەوان دەستپێدەکەم، بۆ ئەوەی دەنگی ئەوان کاریگەری دروستبکات
تەمەنی کارکردنی لەیلا ئەحمەد وەک رۆژنامەنوس زۆر نییە، بەڵام کواڵیتی و هەمەچەشنی بەرهەمە رۆژنامەوانییەکانی شایەدی بۆ دەدەن کە ئەو دەیەوێت جیاوازبێت لەکارکردن، ئەو لەکاتێکدا بەدوای چیرۆکی سەرکەوتندا دەگەڕێت، هەر خۆی چیرۆکێکی سەرکەوتنە.
لەیلا دەڵێت گرنگترین شت لە کاری رۆژنامەوانیدا ئەوەیە وردبێت لە زانیارییەکان بەرلەوەی بە خوێنەریان بگەیەنێت، گرنگتر لەوەش دەنگە نەبیستراوەکان بگەیەنیت و چیرۆکەکانیان بدۆزیتەوە.
لەیلا ئەحمەد، پەیامنێری (کەرکوک ناو) لە پارێزگای کەرکوک و سنوری گەرمیان، خانەقین و دوزخورماتوو، کۆتایی مانگی حوزەیران تا سەرەتای مانگی تەمموز سەردانی بەرلینی کرد لە ئەڵمانیا، ئەوەش لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و لە چوارچێوەی خولێکی رۆژنامەوانیی هەشت مانگی دامهزراوهی میدیایی تاز پانتهر.
لەیلا ئەحمەد، کە هاتۆتە بواری رۆژنامەگەرییەوە لە ساڵی 2016، سەرەتا وەک هەواڵدەر و بەشێوەی خۆبەخش زانیاریی و وێنەی رۆژنامەوانی بۆ چەند دەزگایەکی راگەیاندن دەنارد، بەڵام لە ساڵی 2017ەوە بەشیکی گرنگی ژیانی بۆ کاری راگەیاندن تەرخانکردووە، ئەوەش دوای بینینی خولێکی رۆژنامەوانی دامەزراوەی (کەرکوک ناو).
"من دوای بینینی ئەو خولە بڕیارمدا بۆ (کەرکوک ناو) کاربکەم، پێموابوو کارێکی پیشەیی دەکەن، هەرواش بوو، بۆیە ئێستا شەش ساڵە لەم دامەزراوەیە بەردەوامم لە کارکردن"، لەیلا وایوت.
یەکەم کاری لەیلا بۆ دامەزراوەی (کەرکوک ناو) وەک خۆی دەڵێت ئاسان نەبوو، بەراورد بەوەی تازە دەستی بە کارکردن کردبوو، بەڵام ئەو دەڵێت سەرکێشی کرد و روبەڕوی ئاڵنگارییەکانی بەردەمی بۆوە. راپۆرتەکەشی خەڵاتی باشترین راپۆرتی ساڵی بردەوە لە بواری مافەکانی مرۆڤدا.
راپۆرتەکەی لەیلا بریتی بوو لە بەدواداچونێکی رۆژنامەوانی لەسەر شەڕی نێوان هێزە عیراقییەکان و پێشمەرگە لە قەزای دوزخورماتوو، کە شەڕەکە بە کۆنترۆڵکردنی دوزخورماتوو لەلایەن نهێزە عیراقییەکان و کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی هات، لانیکەم 20 کەس لە هەردولا کوژران و سەدان خێزان ئاوارەبون و ماڵ و خانوی دەیان هاوڵاتی سوتێنران و تاڵانکران.
لەیلا چیرۆکەکانی دوای شەڕ و کوژرانی مەدەنی و بە ئامانجگرتنی منداڵ و ژن و ئاوارەبونی دەگێڕایەوە. هەر دوای ئەوەش بڕیاریدا بەشێک لە کارەکانی تەرخانبکات بۆ پرسی ئاوارەکان بەگشتی لە ناوچەکە.
"منداڵ، ژنان، ئاوارە و ئێستاش پرسی ژینگە لە پێشینەی کارەکانمن، بەڵام هەندێکجار لەسەر داوای دامەزراوەکەم راپۆرتی سیاسیش دەکەم"، لەیلا زیاتر وتی "من لە راپۆرتەکانم هەوڵدەدەم خەڵک سەنتەر بیت، بە چیرۆکی ئەوان دەستپێدەکەم، بۆ ئەوەی دەنگی ئەوان کاریگەری دروستبکات، پێموایە ئەوە شێوازێکی کاریگەر و زوتر دەکاتە لایەنی پەیوەندیدار".
منداڵ، ژنان، ئاوارە و ئێستاش پرسی ژینگە لە پێشینەی کارەکانمن
لەیلا لە ماوەی سێ ساڵدا دوجار خەڵاتی باشترین راپۆرتی رۆژنامەوانی لە بواری مافەکانی مرۆڤ بردۆتەوە، لەگەڵ خەڵاتی باشترین چیرۆکی سەردەمی کۆرۆنا لە گەرمیان لە ساڵی 2021.
بەگشتی لەیلا دەیەوێت دەنگە نەبیستراوەکانی کۆمەڵگە بگەیەنێت، ئەوەش خاڵی بەهێزی کارکردنیەتی. وەک خۆی دەڵێت "هۆکارێکی بردنەوەی خەڵاتەکان بووە"، بۆ ئەوەش سوپاسی هاوکاریی و پاڵپشتی دامەزراوەکەیی و هاوڕێ رۆژنامەنوسەکانی دەکات.
(ئەو بەرەبەیانەی گەڕەکی کۆماریی لە دوزخورماتوو کەوت)، لەگەڵ راپۆرتی (کەرکوک: منداڵانی فڕێدراو؛ چیرۆکێکی بێ سەرەتا و بێ کۆتایی) ئەو دوو راپۆرتەن کە لەیلا خەڵاتی لەسەر وەرگرتون و بە باشترین راپۆرتەکانی خۆی دادەنێت. توندوتیژی پیاوێک لەگەڵ هاوسەرەکەی لەکاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینەدا یەکێکی تر بوو لەو راپۆرتانەی بەهۆیەوە لەیلا خەڵاتی لەسەر وەرگرتووە.
لەیلا لە ساڵی 2022 بۆ یەکەمجار وەکو نوێنەری (کەرکوک ناو) دیاریکرا بۆ بەشداریکردن لە خولێکی دامەزراوەی تاز پانتەری ئەڵمانی، کە تایبەت بوو بە چۆنیەتی رۆماڵکردنی چیرۆکی سەرکەوتن و دۆسییەکانی توندوتیژی بهرانبهر به ژنان و منداڵان، دواتر سەردانی ئەڵمانیای کرد بۆ زیاتر فێربون و ئاشنابونی دامەزراوە راگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە و راپۆرتەکانی بۆ زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی وەرگێڕدران.
ئەمساڵ 2023، هەمان دامەزراوە، خولێکی هەشت مانگی تایبەت بە ژینگە کردەوە، جارێکی تر لەیلا بەشداری خولەکەی کردەوە و دەیان راپۆرتی لەسەر پرسی ژینگە بۆ ئەو دامەزراوەیە و (کەرکوک ناو)یش ئامادەکرد و بڵاوکردەوە.
لە 25ی حوزەیرانی 2023 لەیلا ئەحمەد بۆ جاری دووەم سەردانی ئەڵمانیای کرد، لەوێ لە وەزارەتی دەرەوە گرفتە ژینگەییەکان و کاریگەریی و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای باسکرد. لەوانە کەمبونەوەی ئاوی ژێر زەوی، وشکەساڵی و چۆڵبونی گوندەکان و بڵاوبونەوەی خۆڵ و خاشاک.
بونی لە خولە جیاوازەکان و گەڕان بەدوای شێوازی نوێی کارکردنی شایەتیدانێکی ترە بۆ ئەو خانمە راگەیەندنکارە کە دەیەوێت رانەوەستێت و بەردەوامبێت لە کارکردن.
لەیلا دەڵێت "من دەمەوێت زیاتر فێربم، ئاگاداربم لە گۆڕانکارییە نوێیەکان و شێوازی نوێی کاری میدیایی".
لە سەرەتای حوزەیرانی ئەمساڵ، لەیلا لە راپۆرتێکیدا سەلماندی کە زبڵ و پاشماوەی ماڵان تێکەڵ بە سەرچاوەکانی ئاو دەبن لە ناوچەی گەرمیان، بەهۆی ئەوەی ئیدارەی ناوچەکە ئامادەنەبووە لەکاتی خۆیدا و بەشێوەیەکی دروست کۆیانبکاتەوە، بەڵام دوای یەک هەفتە لە بڵاوبونەوەی راپۆرتەکە، حکومەت بڕیاریدا شێوازێکی نوێی کۆکردنەوەی خاشاک پەیڕەو بکات.
لەیلا وتی "کاتێک دوای راپۆرتێکم حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بە دوای چارەسەرکردنی کێشەکەدا دەڕۆن، ئەوکات هەستدەکەم چیرۆکێکی سەرکەوتنم تۆمارکردووە... من دەمەوێت بەو شێوازەی خۆم بەردەوام بم و زیاتر فێربم".