لالش لە "سەدان ئێزیدی" قەدەغەیە
بازگە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان "رێگری لە زیارەتكارانی ئایینیی" دەكەن

شێخان/ 2019/ پەرستگای لالش، پیرۆزترین شوێنی ئایینیی ئێزیدی فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

سەدان هاوڵاتی ئێزیدی لە شنگال و ناوچەكانی دیكەی نەینەوا، ساڵانە رێگەیان پێنادرێت بە بازگە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستاندا بچنە پەرستگای لالش بۆ پەرستشی ئایینیی، بە پاساوی جیاوازی بیروڕای سیاسی و سەربازی.

بەپێی بەدواداچونێكی رۆژنامەوانیی (كەركوك ناو)، كە لە ماوەی زیاتر لە مانگێكدا بۆ دەیان سەرچاوەی زانیاری جیاواز لە چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی ئێزیدی گەڕاوەتەوە، لەنێویاندا ئەوان رێگرییان لێكراوە، دەردەكەوێت "سەدان ئێزیدی"، بە تایبەت لە دانیشتوانی قەزای شنگال، بە چالاكوان و رۆژنامەنووس و تەنانەت پیاوانی ئایینیشەوە، چەند ساڵێكە رێگەیان پێنەدراوە سەردانی لالش بكەن.

ئەو رێگرییە كە لێپرسراوانی سەربازی و حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان نكۆڵی لێناكەن، پێچەوانەی دەقەكانی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ، دەستوری هەمیشەیی عیراق، خودی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، كارنامەی حكومەتی هەرێم و ئایینیی ئێزیدییە.

فاخر خەڵەف، خزمەتکاری ئایینیی ئێزیدی لە شنگال، سێ ساڵە نەیتوانیووە بۆ هیچ پەرستشێكیی ئایینیی بگات بە لالش، بە (كەركوك ناو)ـی وت "سێ ساڵە لە بازگەکانی هەرێمی کوردستان رێگری لەخەڵکی شنگال دەکرێت بچنە لالش، بەڵگەی دروست و زانیاری وورد هەیە، من یەكێكم لەوانەی رێگرییم لێدەكرێت لە كاتێكدا كەسایەتی ئایینیم"، ئەو دەڵێت هۆكاری رێگرییەكە ئەوەیە ئێستا كەسایەتییە باڵادەستەكانی ئێزیدی لە لالش، "میر و باباشێخ بەداخەوە سەر بە لایەنێكی سیاسین".

ده‌زگای به‌رێوه‌بردنی ئێزیدییان له‌ جڤاتی روحانی و سه‌رۆكی جڤات (میر)، بابه‌شێخ، شێخی وه‌زیره‌ و سه‌رۆكی قه‌والان پێكهاتوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ ده‌زگاكه‌دا ئه‌ندامن و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌و پێكهاته‌یه‌ ده‌رده‌كه‌ن.

خەڵەف گلەیی و رەخنەكانی گەیاندۆتەوە نوێنەرایەتی هەموو وڵاتان لە بەغدا، "ئەمە رۆڵی میرە كە قسەی تیا بكات، ئەو دەبێت كارئاسانی بكات بۆ خەڵك بە تایبەت خەڵكی شنگال تا بچنە لالش نەك رێگری بكرێت".

lalsh ezidi (4)
شێخان/ 2022/ مەراسیمەكانی جەژنی چوارشەممەی سور-ـی ئێزیدی لە پەرستگای لالش فۆتۆ: كەركوك ناو

په‌رستگای لالش؛ گرنگترین شوێنی پیرۆزی ئێزیدییه‌كانه‌ و ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌یه‌كی شاخاوی له‌ قه‌زای شێخان به‌ دوری 60كم له‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی شاری موسڵ، باره‌گای ئه‌نجومه‌نی روحانی ئایینی ئێزیدی له‌ عیراق و جیهانیش هه‌ر له‌وێیه‌، مێژوی بنیاتنانی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سێیی پێش زایین، ئێزیدییه‌كان بۆ پەرستش هاوشێوەی "حه‌جی ئایینی ئیسلام" له‌ پارێزگا و شاره‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ رویتێده‌كه‌ن، تا مه‌راسیم و سروته‌ ئایینییه‌كانیان له‌وێ به‌ڕێبكه‌ن.

سەردانیكردنی پەرستگای لالش لە بنەما سەرەكییەكانی ئایینی ئێزیدییە لە پاڵ نوێژ و رۆژووگرتن و پەرستشەكانی دیكەدا. ئەو سەردانییەش زیاتر لە بۆنە گەورەكاندا دەبن وەكو جەژنی "سەری ساڵ" یاخود "چوارشەممەی سور" لە مانگی نیسان یان جەژنی جەما لە تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێكدا.

سەعید شەمۆ، چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنییە لە شنگال، ماوەی پێنج ساڵە لالش-ـی نەبینووە، چونكە ناوی لە بازگە ئەمنییەكاندا هەیە، "لە 2014ـدا و دوای ئاوارەبوونمان بۆ دهۆك، هەندێکجار وتار و پۆستی رەخنەییمان بڵاودەکردوە، بەوهۆیەوە زیاتر لە 20 جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ لێكۆڵینەوە بانگكرام، بۆیە لە 2018ـەوە گەڕاینەوە بۆ شنگال و نەمتوانی بگەڕێمەوە بۆ هەرێمی كوردستان و سەردانیكردنی لالش" شەمۆ بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

"دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" له‌ ئابی 2014ـدا ده‌ستیگرت به‌سه‌ر قه‌زای شنگالـدا؛ شه‌ش هه‌زار و 417 ئێزیدی رفاند، له‌و ژماره‌یه‌ هێشتا نزیكەی دوو هه‌زار و 700 كه‌سیان چاره‌نوسیان نادیاره‌، جگە لە كوشتن زیاتر لە هەزار كەس و ئاوارەبوونی 360 هەزار كەس، كە هێشتا بەشێكیان نەگەڕاونەتەوە، به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

"هەر لە بازگە ئەمنییەكان دەمگەڕێننەوە، لەكاتێكدا مافی منە ئەركی ئایینیی لە پەرستگای لالش ئەنجامبدەم" شەمۆ داواكارە چارەسەری كێشەكە، دوور لە ململانێی سیاسی بێت، "لالش شوێنێكی ئایینییە و مافی ئەوانەیە كە سەردانیی دەكەن".

لە بازگە ئەمنییەكان دەمگەڕێننەوە، لەكاتێكدا مافی منە ئەركی ئایینیی لە پەرستگای لالش ئەنجامبدەم

دوایین رێگری لە ژمارەیەك هاوڵاتی ئێزیدی، لە مانگی رابردوودا بە تایبەت لە بازگەی سحێلا، بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) بۆ مەراسیمەكانی جەژنی جەما بوو، كە 6ـی تشرینی یەكەم دەستیپێكرد و ماوەی حەوت رۆژی خایاند، لەو بۆنەیەدا هەزاران كەس بە ئاهەنگ‌ و وتنەوەی سروتە ئاینییەكانی تایبەت بەخۆیان لە پەرستگای لالش كۆبونەوە.

جەژنی جەما لەمساڵدا 150 هەزار ئێزیدی ئامادەبوون و هەروەها بە گشتی رۆژانی ئاسایی نزیكەی 200 كەس دەچنە لالش، بەپێی ئامارێكی پەرستگای لالش بۆ (كەركوك ناو).

لوقمان مەحمود، لێپرسراوی راگەیاندنی پەرستگای لالش بۆ (کەرکوك ناو) بێئاگایی خۆی نیشاندا رێگری لە كەس كرابێت بچێتە لالش، "هیچ کەسێک ئێمەی ئاگادارنەکردۆتەوە کە رێگری لێکراوە یان سکاڵای تۆمارکردووە یاخود گلەیی گەیاندبێتە لێپرسراوانی ئێزیدی، بە پێچەوانەوە زۆرێك لە زیارەتكارانمان دانیشتوانی شنگال و دەوروبەری و كەمپەكانی ئاوارەن".

بەڵام ئەو كەسانەی (كەركوك ناو) قسەی لەگەڵ كردوون، جەختیانكردەوە كێشەی رێگری گەیەنراوەتەوە هەموو كەسایەتیی و لێپرسراوانی ئێزیدی.

خەیری عەلی، لێپرسراوی رێکخراوی بەتریکۆر بۆ مافەکانی مرۆڤ لە شنگال بۆ (كەركوك ناو) دەربارەی تۆماركردنی سكاڵا دژی رێگریی، رونیكردەوە "هەموو زانیارییەك دەربارەی كۆی رێگرییەكان كۆدەكەینەوە، دواتر دەیكەین بە نوسراوی رەسمی و سكاڵا تۆماردەكەین، تا چیتر رێگری لە كەس نەكرێت".

به‌پێی ده‌ستوری عیراق، ته‌واوی مافه‌ ئایینییه‌كانی سه‌رجه‌م تاكه‌كان پارێزراوه‌ له‌روی ئازادی بیروباوه‌ڕو و موماره‌سه‌ی ئایینییه‌وه، هەروەها ده‌وڵه‌ت پابەندە بە دابینكردنی ئازادی ئه‌نجامدانی په‌رستش.

پاڵپشت بە یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كان له‌ كوردستان ژماره‌ (5)ـی ساڵی 2015، هەشت پێکھاتەی ئایین و ئاینزا هەن، لە نێویاندا ئێزیدی كە هەموو مافێكی پەرستشیان پارێزراوە و نابێت رێگری بكرێت، كە تیایدا هاتووە دوورخستنه‌وه‌ و په‌راوێزخستنیان قەدەغەیە، ئازادن لە بیركردنه‌وه‌، ئازادی ڕاده‌ربڕین و كۆبوونه‌وه‌ و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌.

لە جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤیشدا هاتووە، مرۆڤ مافی ئازادیی بیر، ویژدان و ئایینیی ھەیە، ئازادیشە بۆ دەربڕین لە ئایین و باوەڕ بە تاک یان بە کۆمەڵ، ئاشکرا یان نھێنێ، لە ڕێی خوێندنەوە یان پەرستش، یاخود پەیڕەوی ڕێوڕەسمەوە تایبەتییەكانیانەوە.

خەیری عەلی وتی "رێگرییەكە لە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە هەیە، لە بازگەی ناوەران و چەند شوێنیكی تر ساڵانە رێگری لە سەدان كەس دەكرێت لە شنگالەوە بچنە لالش، لە نێویاندا كەسانی سەربەخۆ و چالاكوان یان كەسانی سەر بە هێزە جیاوازەكانی شنگال هەن".

زۆربەی جومگەكانی حوكمڕانی شنگال بەدەست كورد/ پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بوو تا 16ـی ئۆكتۆبەری 2017، كە بەهۆی بارگرژی نێوان بەغدا و هەولێر دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، هێزە سەربازییەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی عیراق گەڕانەوە بۆ شنگال و ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە بەرانبەردا پێشمەرگە پاشەكشێی كرد.

لەوكاتەوە شنگال جگە لەوەی زیاد لە دوو ئیدارەی رەسمی و ناڕەسمی هەیە، نزیكەی 10 هێزی چەكداری جیاوازی تێدایە، لە نێویاندا سوپای عیراق و حەشدی شەعبی.

ئەوانەی رێگرییان لێدەکرێت سەر بە پەکەکە و حەشدی شەعبی-ـن

(كەركوك ناو) چەندین رۆژ لە هەوڵدابوو لێدوانی لێپرسراوانی باڵای ئەمنی و بەرپرس لە بازگەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نەینەوا و شنگال وەربگرێت، بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بوون.

میرزا خەڵەف، فەرماندەی فەرماندەیی شنگالی پێشمەرگە سەر بە حكومەتی هەرێم رێگریكردنی لە بازگەكانی پشتڕاستكردەوە و بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەوانەی رێگرییان لێدەکرێت و رێگایان پێنادرێت بچنە کوردستان، سەر بە گەریلاکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی-ـن، ناویان لای هێزە ئەمنییەکان هەیە، بۆیە لە هەر بازگەیەکی نێوان شنگال و هەرێمی کوردستان ناویان هەیە و رێگەیان پێنادەن".

ئەوەش لەكاتێكدا حەشدی شەعبی بەپێی یاسا هێزێكی رەسمییە لە عیراق و هیچ دەقێكی یاساییش نییە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) وەكو هێزێكی قەدەغەكراو هەژماربكات.

"دەیان كەس كە رێگرییان لێكراوە پێشتر، لەڕێی ئێمەوە كێشەكەیان چارەسەركراوە كاتێك قسەمان لەگەڵ بازگەكاندا كردووە، "بەڵام لەرێگری كەسانی سەر بە پەكەكە و حەشدی شەعبی تەداخول ناكەین" فەرماندەكەی پێشمەرگە وای وت.

بەپێی كارنامەی كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان، نابێ هیچ کەس لەسەر بیروباوەڕی سیاسی و سەرپێبوونی حیزبی سزا بدرێت.

ئیدریس زۆزانی، لێپرسراوی راگەیاندنی لقی چواردەی نەینەوای پارتی دیموكراتی كوردستان -پێكهێنەری سەرەكی حكومەتی هەرێم- بە (كەركوك ناو)ـی وت "دەزگا ئەمنیەکان تەنیا رێگری لەو کەسانە دەکەن کە گومانیان لەسەرە، یان دەستیان هەبێت لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە یاخود داعش، ئەمەش شتێکی زۆر ئاساییە و ئامانج لێی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستانە".

lalsh ezidi (3)
شێخان/ 2019/ بەشداری هاوڵاتیان لە مه‌راسیمه‌كانی چوارشه‌ممه‌ی سور له‌ په‌رستگای لالش فۆتۆ: كەركوك ناو

هەروەها جەختیكردەوە "ئەوانەی سەر بە پەکەکە و حەشدی شەعبی ئیشیان چیە لە هەرێمی کوردستان، شوێنی خۆیان هەیە، ئەگەر بێنە کوردستانیش بۆ تێکدانی ئەمنیەتی ناوچەکە دێن، هەندێکی تریش ئەوانەن کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە یان خۆیان لەبیرکردوە کە سکاڵایان لەسەر بووە، بوویە کاتێک دێن بە فەرمانی دادوەر دەستگیردەکرێن و رێگرییەکەش هەر لەچوارچێوەی رێکارە یاساییەكاندایە" بەبێ ئەوەی رونیبكاتەوە بەپێی كام رێكار و یاسا بووە.

بەشێك لە ئێزیدییەكانی شنگال، تائێستاش دان بە میر و باباشێخ-دا نانێن؛ بەوهۆیەوە تائێستا سێ كەس خۆیان وەكو میر ناساندووە، دوای ئەوەی حازم ته‌حسین به‌گ له‌ په‌رستگای لالشی قه‌زای شێخان، به‌ ڕێوڕه‌سمێك كرا بە "میر"ـی ئێزیدییان له‌ عیراق و جیهان، هەروەها ژمارەیەك لە عەشیرەت، كەسایەتییە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكانی شنگال دژی شێوازی دانانی بابه‌شێخ بون.

پێشتر هەریەك لە حازم تەحسین بەگ و عەلی ئەلیاس، وەكو "میر" و "بابەشێخ"ـی ئێزیدیان سەردانی شنگال-ـیان كرد بەڵام هەوڵەكانیان بۆ ئاشتەوایی ئەنجامی نەبوو.

رێکخراوی بەتریکۆر تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، دۆسیەی رێگرییەكانیان گەیاندۆتە لێپرسراوانی عیراق و رێکخراوە نێودەوڵەتییەكان، خەیری عەلی لێپرسراوی رێكخراوەكە دەڵێت "هەر مرۆڤێک لە چ ئایینێک بێت نابێت رێگری لێبکرێت کاتێک سەرەدانی شوێنە پیرۆزەکانی خۆی دەكات، ئەوانەی بە نیازی سەردانی بوون هیچ تاوانێكیان نییە و تەنیا دەیانەوێت زیارەتی پەرستگای لالش بكەن بۆ بەجێهێنانی ئەركی ئایینی".

جگە لە لالش؛ ئێزیدییەكان چەندین شوێنی دیكەی ئایینی و مەزارگەیان لە ناوچە جیاوازەكانی سنوری پارێزگای نەینەوا هەیە كە بەشێكیان دەستی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش"ـیان پێگەیشت و خاپور كران.

ژمارەی ئێزیدییەکان لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، زیاتر لە 100 هەزار كۆچیان كردووە و ئەوانەی ماونەتەوە لە ئاوارەیی یان زۆرینه‌ ده‌كه‌ونه‌ هه‌ریه‌ك له‌ قه‌زای شێخان (له‌ باكوری موسڵه‌ و ئیدارەكەی بەشێكی سەر بە دهۆكە و بەشێكی لەسەر نەینەوایە) و له‌گه‌ڵ قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ و له‌روی ئیدارییه‌وە سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌).

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT