حه‌وت ساڵی رەبەقە جیهاد ره‌ڤۆ گوێبیستی به‌ڵێنی بێهودەی لێپرسراوانی وڵاتە بۆ رزگاركردنی کەسوکاری کە ساڵانێکە رفێنراون. هاوسه‌ره‌كه‌ی، سێ منداڵی و دایك و باوكی له‌گه‌ڵ شه‌ش كه‌سی دیكه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌یدا کە له ئابی 2014دا له قه‌زای شنگال كه‌وتنه ده‌ست رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش).
"دوای هه‌وڵێكی زۆر و به 26 هه‌زار و 500 دۆلار توانیم هاوسه‌ر و منداڵه‌كانم له ئاداری 2016دا رزگاربكه‌م" جیهاد بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت، ئه‌وه‌ش دوای دوو ساڵ له چاوه‌ڕوانی بێ‌سود له به‌ڵێنی لێپرسراوانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.
"خۆمان پاره‌مان كۆكرده‌وه به‌ڵام دواتر له نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوان پاره‌كه‌مان وه‌رگرته‌وه؛ له‌وكاته‌شه‌وه چاو له چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی دایك و باوك و كه‌سوكارمدام".
به‌شێك له رفێنراوانی ئێزیدی به نێوه‌ندگیری كه‌سایه‌تی و بازرگان و له به‌رانبه‌ر پاره‌دا له داعش كڕدراونه‌ته‌وه.
ئاخر چ ویژدانێكه لێپرسراوان بێده‌نگن و رفێنراوانیان له‌بیر كردووه
"وا حه‌وت ساڵه؛ تاكه‌ی چاوه‌ڕێ بكه‌ین؛ ئێستاش وه‌ك منداڵ بۆ دایك و باوكم ده‌گریم، ئاخر چ ویژدانێكه لێپرسراوان بێده‌نگن و رفێنراوانیان له‌بیر كردووه".
جیهاد ره‌ڤۆ، حه‌وت ساڵه له كه‌مپی قادیای دهۆك ده‌ژی، هیوای نه به هه‌نگاوه‌كانی رزگاركردنی ئازیزانی و نه به گه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ زێدی خۆی نه‌ماوه، وه‌ك خۆی ده‌ڵیت.
داعش له ئابی 2014دا ده‌ستیگرت به‌سه‌ر قه‌زای شنگالدا؛ شه‌ش هه‌زار و 417 ئێزیدی رفاند، له‌و ژماره‌یه زیاتر له دوو هه‌زار و 781 كه‌سیان چاره‌نوسیان نادیاره، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
حسێن قائیدی، لێپرسراوی ئه‌و نوسینگه‌یه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "پرۆسه‌ی رزگاركردنی رفێنراوان رانه‌گیراوه، راسته هه‌ندێك كات ژماره‌ی رزگاربوان كه‌من، به‌داخه‌وه حكومه‌تی عیراق و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌وه‌دا هاوكاریمان ناكه‌ن، ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نیا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوكاره".
هۆكاره‌كانی كه‌مبونه‌وه‌ی هه‌وڵی رزگاركردنی رفێنراوان به‌وته‌ی قائیدی، كۆرۆنا، رێكاره‌كانی خۆپارێزی، داخستنی رێگای هاتوچۆی نێوان عیراق و سوریایه.
لێپرسراوی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی ئاشكرایكرد هێنده‌ی ئه‌وان زانیاری‌یان لایه "زیاتر له 400 رفێنراوانی ئێزیدی له كه‌مپی هۆلی خۆرئاوای كوردستانن.
به‌پێی به‌دواداچونی (كه‌ركوك ناو) بۆ راگه‌یه‌ندراوه‌كانی رزگاركردنی رفێنراوان، كه به‌رده‌وام و له‌گه‌ڵ هه‌ر دۆسیه‌یه‌كدا بۆ رایگشی بڵاوده‌كرێنه‌وه، له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه ته‌نیا یه‌ك هاوڵاتی ئێزیدی رزگاركراوه.
مه‌عقوله دوای حه‌وت ساڵ كه‌سوكارمان دیارنه‌بن
ئه‌و تاكه رزگاربووه ئه‌رده‌وان موحسن (15 ساڵ) بوو، دوای حه‌وت ساڵ له رفاندنی، ئێواره‌ی 25ی ئایاری 2021 گه‌ڕایه‌وه نێو كه‌سوكاری، به‌ڵام هێشتا دایكی، دوو خوشك و برایه‌كی بێسه‌روشوێنن.
موحسین خدر، باوكی ئه‌رده‌وان به (كه‌ركوك ناو)ی وت منداڵه‌كه‌ی له‌نێو كه‌مپی هۆل و له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه دۆزراوه‌ته‌وه.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی پێشتری (كه‌ركوك ناو) سەدان ژن و كچی ئێزیدی لە كه‌مپی هۆل نیشته‌جێبون، كه به هۆكاری ترس، خستنەوەی منداڵ و گۆڕینی ئایین، ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ عیراق، دوای رزگاركردنیان له ده‌ستی داعش.
كەمپی هۆل، یەكێكە لە گەورەترین كەمپەكانی سوریا لە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكەی سوریا و 72 هەزار كەسی لێی نیشتەجێیە، كە پێكهاتون لە كەسوكاری داعش، لە ژن و منداڵی بیانییەكان، سوریی و عیراقی.
"چه‌ندجارێك چوینه‌ته لای لێپرسراوانی باڵای عیراق و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، هه‌موان به‌ڵێنی رزگاركردنی رفێنراوان ده‌ده‌ن، ئاخر مه‌عقوله دوای حه‌وت ساڵ كه‌سوكارمان دیارنه‌بن و ته‌نیا له بۆنه و یاده‌كاندا باسیان بكرێت؟" مه‌ڕوان جدعان، نوێنه‌ری كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنانی گوندی كۆجۆی شنگال وای وت.
له‌و گونده‌دا، داعش جگه له رفاندنی سه‌دان كه‌س، چه‌ندین هاوڵاتی "كۆمه‌ڵكوژ" كرد و خرانه نێو گۆڕی به كۆمه‌ڵه‌وه، تا له شوباتی 2021دا روفاتی هه‌ندێكیان ناسێنرانه‌وه و دوباره له‌خاكسپێردران.
مه‌ڕوان كه چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر هاوسه‌ر و چوار منداڵی رزگاركراون، له هاوكارییه‌كانیش ناڕازییه، "ئه‌و دوو ملیۆن دیناره‌یشی هه‌یه خێزانه‌كه‌م وه‌رینه‌گرتووه، .. چونكه واسته‌ی ده‌وێت.. به‌گشتی كه‌س له ئێمه و قوربانیدانه‌كانمان ناپرسێت".
حكومه‌تی عیراق بڕی دوو ملیۆن دینار وه‌ك هاوكاری ده‌داته هه‌ر رزگاربویەکی ئێزیدی.
ئه‌و هاوكارییه به‌ر له په‌سه‌ندكردنی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی بوو، كه له ئاداری ئه‌مساڵه‌وه چۆته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و بڕگه‌یه‌كی تایبه‌ته به پرۆسه‌ی گه‌ڕان به دوای رفێنراوانی ئێزیدی و كه‌مینه‌كانی تر له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی وڵات، له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری یاسایی بۆ ئه‌وانه‌ی چاره‌نوسیان نادیاره.
ئه‌وانه‌ی رزگارنه‌كراون زۆرینه‌یان له ره‌گه‌زی مێ و منداڵن
به‌پێی یاسای چاودێری ناكامڵ (قاصرین)ی ژماره 78ی ساڵی 1980ی عیراق، دادگا ده‌توانێت بڕیار له مردنی كه‌سێكی ونبوو بدات، ئه‌گه‌ر به‌ڵگه ده‌رباره‌ی مردنی ده‌ستكه‌وت یان چوار ساڵ به‌سه‌ر ونبونیدا تێپه‌ڕبوو.
داود موراد، نوێنه‌ری به‌شێك له كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌پێی زانیاری ئێمه ئه‌وانه‌ی رزگارنه‌كراون، زۆرینه‌یان له ره‌گه‌زی مێ و منداڵن، چونكه پیاوه‌كان شه‌هید كراون".
جگه له رفێنراوان، به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه هه‌زار و 293 ئێزیدی كوژراون.
موراد گومان ده‌خاته سه‌ر به‌ڵێنی رزگاركردنی رفێنراوان و ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ی واده‌ڵێن راستناكه‌ن، چونكه گه‌ڕان له كه‌مپی هۆل زۆر قورسه و لێپرسراوانیش دۆسیه‌ی رفێنراوانیان به ته‌واوی پشتگوێخستووه".
19ی ئایاری 2021 ژماره‌یه‌ك چالاكوانی ئێزیدی هه‌ڵمه‌تێكیان به هاشتاگی "ژنانی رفێنراوی ئێزیدی رزگاربكه‌ن" له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا راگه‌یاند.
سوزان سەفەر، بەرێوەبەری رێکخراوی داک بۆ گەشەپێدانی ژنی ئێزیدی بە (کەرکوک ناو)ی وت "له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا به‌شداربوین تا فشاری زیاتر بخه‌ینه سه‌ر حكومه‌تی عیراقی و هاوكاری نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوان بكه‌ن بۆ ئاشكراكردنی چاره‌نوسی ئه‌و ژن و كچانه‌ی بێسه‌روشوێنن".
ئه‌و ده‌ڵێت زۆربه‌ی ئه‌و فشارانه‌ی تائێستا هه‌بون "بێ ئه‌نجام بوون".
"له‌رێی ئه‌و هه‌ڵمه‌تەوە، به‌حكومه‌تی عیراق ده‌ڵێین تاكه‌ی بێده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستی بەرامبەر دۆسیه‌ی رفێنراوان" سه‌فه‌ر داواشیكرد لیژنه‌یه‌كی باڵا له عیراق پێكبهێنرێت و به هه‌ماهه‌نگی حكومه‌تی هه‌رێم چاره‌نوسی رفێنراوان یه‌كلاییبكه‌نه‌وه، كه كه‌سوكاریان حه‌وت ساڵه چاوه‌ڕێن.
حكومه‌تی عیراق له تشرینی دوه‌می 2017دا كۆتاییهاتنی یه‌كجاری داعشی راگه‌یاند كه هیچ ناوچه‌یه‌كی وڵات له ژێر ده‌ستیاندا نه‌ماوه بۆیه كه‌سوكاری رفێنراوان ئومێدبون کەسوکارییان له سوریا بدۆزنه‌وه، به تایبه‌ت له كه‌مپی هۆل.
جه‌وهه‌ر عه‌لی به‌گ، جێگری میری ئێزیدیان بۆ كاروباری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "کێشەی سەرەکیمان ئەوەیە ناتوانین بچینە ناو کەمپی هۆل، ئەوەش بەهۆی ئەو ژن و کەسانەی له کەمپەکەدان کەهەمان حوکم و سیستەمی داعش په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، جێی مەترسی زۆر و بەربەرستی سەرەکییه".
هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه "ژنان و كچانی ئێزیدی له‌و كه‌مپه له ترسی كه‌سوكاری داعش ناتوانن خۆیان ئاشكرابكه‌ن".
زۆر توڕە و نیگەرانین
زیاتر له 30 هه‌زار هاوڵاتی عیراقی، له نێویاندا ژن و منداڵی چه‌كدارانی داعش له كه‌مپی هۆل-ی سوریان و حكومه‌ت له هه‌وڵدایه بیانگه‌ڕێنێته‌وه و له كه‌مپی جدعه له ناحیه‌ی گه‌یاره‌ی باشوری پارێزگای نه‌ینه‌وا نیشته‌جێیان بكات.
"چەندین وڵاتی ئەوروپی ژنان و کچانی خۆیان لەو کەمپە رزگاركردووه، به‌ڵام بۆ ئێزیدییه‌كان هیچ ناكرێت، ئێمه گلەیی زۆرمان لەحکومەتی عیراقە هیچ هەنگاو و هەوڵێک نادەن بۆ رزگارکردنی رفێنراوان" جه‌وهه‌ر عه‌لی به‌گ واده‌ڵێت.
جێگری میری ئێزیدیان وتی "ئێمه له هه‌موو كه‌سێك په‌رۆشترین" بۆ زرگاركردنی رفێنراوان و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی كوردستانی سوریا (باکوری سوریا) گفتوگۆ ده‌كه‌ن، تا رێگه‌یه‌ك بدۆزینه‌وه و ئێزیدییه‌كان رزگاربكه‌ن، ئێستاش ده‌یانه‌وێت له‌رێی لیژنه‌یه‌كه‌یه‌وه به‌ناو ئه‌و خێزانانه‌دا بگه‌ڕێن كه ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه بۆ كه‌مپی جدعه تا بتوانن هه‌ر ئێزیدییه‌ك له نێویاندایه رزگاری بكه‌ن.
له حه‌وت ساڵی رابردودا چه‌ندین گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی بۆ ئاشكراكردنی چاره‌نوسی رفێنراوان هه‌بون.
سامیا قاسم، ئه‌ندامی تۆڕی گەنجانی ئێزیدی بە (کەرکوک ناو)ی وت "زۆر توڕە و نیگەرانین... دوای حه‌وت ساڵ لە چاوه‌ڕوانی چاره‌نوسی رفێنراوانمان نادیاره، پێویسته هه‌موان خه‌مێك له‌و كه‌یسه بخۆن، خواش ئه‌مه قبوڵناكات بۆیه هه‌رگیز بێده‌نگ نابین".