عەلی شێخ ئەلیاس، بابەشێخی ئێزیدییان لەماوەی دوو هەفتەدا نەیتوانی "ناڕازییەكان"ـی شنگال ئاشتبكاتەوە و دوای چارەسەری ژمارەیەك كێشەی كۆمەڵایەتی گەڕایەوە بۆ شێخان.
سەردانەكەی بابەشێخ بۆ شنگال، 17ی ئەیلولی 2021 دەستیپێكرد و لە 30ی هەمان مانگدا كۆتاییهات، لەو ماوەیەشدا زنجیرەیەك دیداری لەگەڵ كەسایەتی و عەشیرەتەكاندا هەبووە، بە ئامانجی "یەكخستنی ئێزیدییەكان" وەك نوسینگەی راگەیاندنی ناوبراو باسیدەكات.
سەباح سەمیر، لێپرسراوی راگەیاندنی بابەشێخ بە (كەركوك ناو)ی وت "بابەشێخ لەو دوو هەفتەیەدا سەردانی 260 كەسایەتی و سەرۆك عەشیرەتی كردووە، 12 گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزیدییەكانی بەسەركردۆتەوە، نزیكەی 20 كێشەی كۆمەڵایەتیش لەسەر دەستی ئەو چارەسەر كراون و پەیوەندی نێوان چەندین عەشیرەت و كەسایەتی ئاساییكردۆتەوە".
"سەردانەكە بۆ بینینی ئێزیدییەكانی شنگال و یەكخستنی ماڵی ئێزیدییەكان بوو، لە داهاتوودا بەشێوەی تایبەت بابەشێخ دەچێتەوە شنگال بۆ چارەسەری هەندێك كێشەی تر كە كاتی زۆرتری پێویستە تا چارەسەر بكرێن" بەوتەی سەباح.
عه‌لی ئه‌لیاس، 18ی تشرینی دوه‌می 2020 له مه‌راسیمێكی ئایینییدا له په‌رستگای لالش له قه‌زای شێخان، به‌ره‌سمی وه‌ك بابه‌شێخی نوێی ئێزیدییه‌كان له عیراق و جیهان ده‌ستبه‌كاربوو بەڵام ژمارەیەك لە عەشیرەت، كەسایەتییە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكانی ئێزیدی شنگال دژی شێوازی دانانی بابه‌شێخ بون، بە پاساوی "ده‌ستتێوه‌ردانی حزبی و پشتگوێخستنی" رای ئه‌وان لە پرۆسەكەدا.
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزیدخان و سەرۆكی پارتی دیموكراتی ئێزیدی كە یەكێكە لە "ناڕازییەكان"ـی شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێستاش ئێمە هەر دژی شێوازی هەڵبژاردنی بابەشێخ ئێزدییەكانین، سەردانەكەی هیچ سوودێكی نەبوو، سەردانێكی ئایینی نەبوو، چونكە هەر بابەشێخێك كە بێتە شنگال دەبێت یەكەمجار بێتە مەزارگای شەرەفەدینە، بۆ ئەوەش زۆر هەوڵیدا، بەڵام ئێمە رێگەمان نەدا".
مەزارگەی شەرەفەدین لە شنگال پیرۆزترین شوێنی ئێزیدییەكانە دوای پەرستگای لالش لە شێخان.
"ساڵێك لەمەوبەر هەر لە شەرەفەدینەوە رامانگەیاند بابەشێخ و میر حازم بە میری ئێزیدییان نازانین و دانیان پێدانانێین، چونكە لەگەڵ شێوازی هەڵبژاردنیاندا نەبوین، ئێستاش مامەڵە لەگەڵ هەردوكیاندا ناكەین" شەشۆ وادەڵێت.
لە نێو "ناڕازییەكان"ـدا كەسایەتی ئایینی، كۆمەڵایەتی و ژمارەیەك عەشیرەتی شنگال هەن.
لێپرسراوی راگەیاندنی بابەشێخ دەڵێت "بۆ هەموو كەس و لایەنێك ئاشكرابوو سەردانەكەی بابەشێخ بۆ شنگال تەنیا بۆ هەوڵی یەكخستنی ئێزیدییەكان بووە، هیچ مەرامێكی سیاسی لە پشتەوە نەبووە و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نەبووە، یان لەژێر فشاری سیاسی‌دا سەردانی كردبێت" بەوتەی سەباح ئەمیر پێشوازی "گەرمی" خەڵك لە بابەشێخ نیشانەی سەركەوتنی سەردانەكەیە.
ده‌زگای به‌رێوه‌بردنی ئێزیدییان له جڤاتی روحانی و سه‌رۆكی جڤات (میر)، بابه شێخ، شێخی وه‌زیره و سه‌رۆكی قه‌والان پێكهاتوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له ده‌زگاكه‌دا ئه‌ندامن و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌و پێكهاته‌یه ده‌رده‌كه‌ن.
پێگه‌ی بابه‌شێخ، به‌رزترین پله‌ی ئایینی ئێزیدیيه و به رابه‌ری روحی هه‌ژمارده‌كرێت.
زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئێزیدی ده‌كه‌ونه هه‌ریه‌ك له قه‌زای شێخان (له باكوری موسڵه و له‌روی ئیدارییه‌وه سه‌ر به هه‌ولێره و لالشی تێدایه) و له‌گه‌ڵ قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ و له‌روی ئیدارییه سه‌ر به پارێزگای نه‌ینه‌وایه).