ئێزیدییه‌كانی شنگال؛ دان به‌ میر و بابه‌شێخ-دا نانێن

نه‌ینه‌وا، نیسانی 2019، ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتیانی ئێزیدی ناحیه‌ی گرعوزێری قه‌زای شنگال له‌كاتی دیاریكردنی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كه‌دا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

زۆرینه‌ی ئێزیدییه‌كانی شنگال، به‌ هۆز و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌، تائێستا داننانێن به‌ حازم ته‌حسین به‌گ وه‌ك میر و دانانی بابه‌شێخی نوێش ره‌تده‌كه‌نه‌وه.

ناڕه‌زایی ئێزیدییه‌كانی نیشته‌جێی قه‌زای شنگال؛ له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراواندا بوو كه‌ یه‌كشه‌ممه‌ 15ی تشرینی دوه‌م به‌ ئاماده‌بونی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان، سه‌رۆكی عه‌شیره‌ت و كه‌سایه‌تییه‌كانی ئایینی به‌ڕێوه‌چوو.

حه‌یده‌ر شه‌شۆ، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پاراستنی ئێزیدخان له‌ شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "نامانه‌وێت حۆمان له‌ ئێزیدییه‌كانی شێخان و هه‌رێم جیابكه‌ینه‌وه‌، ئێزیدی هه‌ر ئێزیدییه‌ له‌هه‌ر شوێنێك بێت، به‌ڵام سته‌م له‌ ئێزیدییه‌كانی شنگال ده‌كرێت و پرس و راوێژیان پێناكرێت، ئه‌وه‌ش جێی قبوڵكردن نییه‌".

ئه‌و ناڕه‌زاییه‌ دوای رۆژێك هات له‌ دانانی عه‌لی ئه‌لیاس، وه‌ك بابه‌شێخی نوێی ئێزیدییان له‌ عیراق و جیهان، ئه‌وه‌ش له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی روحانی به‌ ئاماده‌بونی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی ئایینی و عه‌شیره‌تی ئێزیدی له‌ دهۆك.

qasm shasho
شنگال، تشرینی دوه‌می 2020، قاسم شه‌شۆ، فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی ئێزیدی له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایی دژی دانانی بایه‌شێخ قسه‌ ده‌كات فۆتۆ: راگه‌یاندنی هێزه‌كانی پاراستنی ئێزیدخان

"نه‌ میر حازم ته‌حسین به‌گ شه‌رعیه‌تی لای ئێمه‌ هه‌یه‌ و نه‌ بابه‌شێخی نوێ، ئه‌گه‌ر له‌بڕیاره‌كه‌ی خۆیان پاشگه‌ز نه‌بنه‌وه‌ ئه‌وا ده‌ستكراوه‌ده‌بین بۆ هه‌ر بڕیارێك ‌له‌لایه‌ن سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و پیاوانی ئایینی شنگاله‌وه‌ ده‌رده‌چێت" به‌وته‌ی شه‌شۆ.

حه‌یده‌ر شه‌شۆ پێیوایه‌ شێوازی دانانی بابه‌شێخ هه‌ڵه‌یه‌، "چونكه‌ پرس به‌ خه‌ڵكی شنگال نه‌كراوه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای حزبی دانراوه‌، له‌كاتێكدا پۆسته‌كه‌ ئاینییه‌، بۆیه‌ وه‌ك بابه‌شێخی خۆمان قبوڵی ناكه‌ین".

پێگه‌ی بابه‌شێخ، به‌رزترین پله‌ی ئایینی ئێزیدیيه‌ و به‌ رابه‌ری روحی هه‌ژمارده‌كرێت.

كاندیدی ئه‌و پێگه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی روحانی، میر و به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی ئایینی داده‌نرێت.

دانانی بابه‌شێخ هه‌ڵه‌یه‌، پرس به‌ خه‌ڵكی شنگال نه‌كراوه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای حزبی بووه‌

قاسم شه‌شۆ، فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی دیاری ئێزیدی له‌ شنگال و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ مه‌زارگه‌ی شه‌ره‌فه‌دین، شه‌وی رابردوو 16ی تشرینی دوه‌م، له‌ تۆمارێكی ڤیدیۆییدا وازهێنانی خۆی له‌ ریزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامێتی پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یاند، به‌هۆی ده‌ستتێوه‌ردانی حزبی و شێوازی دانانی بابه‌شێخ و میری ئێزیدییان.

له‌ ته‌مموزی 2019دا، حازم ته‌حسین به‌گ له‌ په‌رستگای لالشی قه‌زای شێخان، به‌ ڕێوڕه‌سمێك وه‌ك میری ئێزیدییان له‌ عیراق و جیهان دانرا، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی ئێزیدییه‌كانی ناو شنگالی لێكه‌وته‌وه‌ و له‌وكاته‌وه‌ به‌ میر قبوڵیناكه‌ن.

له‌ ئابی هه‌مان ساڵدا، ژماره‌یه‌ك له‌ پیاوانی ئایینی و كه‌سایه‌تی ئێزیدییه‌كان له‌ مه‌زاری شبیل قاسم له‌ شنگال، بڕیاریاندا به‌ دانانی نایف داود سه‌لمان، وه‌ك میری شنگال.

babashex
عه‌لی ئه‌لیاس، 14ی تشرینی دوه‌م وه‌ك بابه‌شێخی نوێی ئێزیدییه‌كان له‌ عیراق و جیهان دیاریكرا

"ئه‌گه‌ر له‌ ئێستاوه‌ سنورێك دانه‌نرێت و هه‌ر ڕازی بین، ئه‌وا هه‌ر به‌یه‌كجاری هیچ حیساب بۆ خه‌ڵكی شنگال ناكرێت" فه‌قیر به‌ره‌كات، سه‌رۆكی عه‌شیره‌تی سینجی له‌ شنگال وای وت، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ له‌مه‌ودوا هیچ بڕیارێك بێ راوێژی ئه‌وان قبوڵناكرێت.

به‌ره‌كات به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت زۆرینه‌ی خه‌ڵكی شنگال رازی نین به‌ هه‌ڵبژاردنی شێخ عه‌لی ئه‌لیاس وه‌ك بابه‌شێخی ئێزدییه‌كان؛ "لاریمان نییه‌ هه‌ر كه‌سێك ئه‌م پۆسته‌ وه‌ربگرێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانییه‌ بابه‌ته‌كه‌ به‌ سیاسی كراوه‌ و هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانه‌وێت دوبه‌ره‌كی دروستبكه‌ن، ئه‌وه‌ش مه‌ترسی زۆر گه‌وره‌یه‌".

ده‌زگای به‌رێوه‌بردنی ئێزیدییان له‌ جڤاتی روحانی و سه‌رۆكی جڤات (میر)، بابه‌ شێخ، شێخی وه‌زیره‌  و سه‌رۆكی قه‌والان پێكهاتوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ ده‌زگاكه‌دا ئه‌ندامن و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌و پێكهاته‌یه‌ ده‌رده‌كه‌ن.

مه‌رج نییه‌ هه‌ر بڕیارێك ده‌ربچێت سه‌دا 100 هه‌موو كه‌س قبوڵیبكات

هه‌رمان میرزا به‌گ، جێگری میری ئێزدییان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بڕیاره‌كه‌ی میر حازم بۆ دانانی بابه‌شێخ دادوه‌رانه‌ بووه‌، پرس به‌ ئه‌ندامانی جڤاتی روحانی و كۆمه‌ڵێك سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و پیاوانی ئایینی كراوه‌".

ئه‌و ده‌ڵێت بانگهێشتنه‌كردنی ژماره‌یه‌ك سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و لایه‌نی دیكه‌ بۆ رێگری بووه‌ له‌ دروستبونی كێشه‌ و ناكۆكی.

"مه‌رج نییه‌ هه‌ر بڕیارێك ده‌ربچێت سه‌دا 100 هه‌موو كه‌س قبوڵیبكات، ئه‌مه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكی دنیادا هه‌روایه‌، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئێزدییه‌كان هاوڕان‌ له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌ی میر حازم و رێز له‌ بیروبۆچونی هه‌موو ئێزدییه‌كانیش به‌ تایبه‌تی خه‌ڵكی شنگال ده‌گرین".

به‌وته‌ی هه‌رمان میرزا به‌گ بڕیاری كۆتایی بۆ دانانی بابه‌شێخ لای میری ئێزیدییانه‌، ئه‌و ده‌توانێت بێ پرس و راوێژ كاندیده‌كه‌ دابنێت، كاتێك پرس ده‌كات وه‌ك رێزگرتنه‌، پێشیوایه‌ عه‌لی ئه‌لیاس كه‌سێكی گونجاوه‌ بۆ ئه‌و پێگه‌یه‌ و چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ به‌ فه‌رمی جلوبه‌رگی بابه‌شێخ ده‌پۆشێت.

mir hazim
شێخان، 27ی ته‌مموزی 2019، مه‌راسیمی ده‌ستبه‌كاربونی حازم ته‌حسین به‌گ (چواره‌م كه‌س له‌ ده‌سته‌ چه‌په‌وه‌) وه‌ك میری ئێزیدیان له‌ عیراق و جیهان له‌ لالش فۆتۆ: باسم قاسم

بڕیاره‌ چوارشه‌ممه‌ 18ی تشرینی دوه‌م له‌ مه‌راسیمێكی ئایینییدا له‌ په‌رستگای لالش عه‌لی ئه‌لیاس ئه‌ركه‌كانی بابه‌شێخ به‌ فه‌رمی وه‌ربگرێت.

داود موراد، لێپرسراوی راگه‌یاندنی جڤاتی كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی له‌ری (كه‌ركوك ناو)ـه‌وه‌ داوای راگرتنی ئه‌و مه‌راسیمه‌ی لالش ده‌كات، تا كۆده‌نگی هه‌موو ئێزیدییه‌كانی له‌سه‌ر بێت.

"ئێمه‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌داین، دوبه‌ره‌كی و كێشه‌ی نێوان ئێزیدییه‌كان ته‌نیا خودی خۆمان توشی زیان ده‌بین".

موراد ده‌ڵێت زیاتر له‌ 20 كه‌سایه‌تی و رۆشنبیری دیكه‌ی ئێزیدی، له‌گه‌ڵ دواخستنی مه‌راسیمی دانانی بابه‌شێح_دان، به‌وهۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌ نێوان ئێزیدییه‌كاندا هه‌یه‌ و "ئه‌گه‌ر به‌ شاره‌زایی و به‌رپرسیارێتی مێژویی و ئایینی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت توشی روداوی زۆر ناخۆش ده‌بین".

زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئێزیدی ده‌كه‌ونه‌ هه‌ریه‌ك له‌ قه‌زای شێخان (له‌ باكوری موسڵه‌ و له‌روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ هه‌ولێره‌ و لالشی تێدایه‌) و له‌گه‌ڵ قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ و له‌روی ئیدارییه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌).

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT