"كاكە بۆ وادەكەن، خۆ تاوانبارنیم؛ من رۆژنامەنوسم"، كارزان تاریق پەیامنێری ئێن ئاڕتی وا بەو كارمەندانەی ئاسایش دەڵێت کاتێک لە پەخشی راستەوخۆدا پەلاماریاندا و سەرجەم كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان لێسەند. "فەرمانمان پێكراوە نابێت كەس لەسەر ئەم روداوە قسە بكات"، یەكێك لە تیمەكەی ئاسایش وای پێوت.
كاتێك لە شەوی 21ی حوزەیرانی 2021دا، لە سلێمانی، گرژی لە نێوان ئاسایش و هێزی كۆماندۆی جێگری سەرۆكی هەرێمی کوردستاندا دروستدەبێت، كارزان تاریق لە ماڵەوە دەبێت، لە كەناڵەكەیەوە پەیوەندی پێوەدەكرێت بە زوویی روداوەكە روماڵبكات.
"هەر لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا، بە تەلەفۆن داخڵی پەخشێكی راستەوخۆی كەناڵەكە بوم؛ تا گەیشتمە نزیك نەخۆشخانەی شار كە بریندارەكانی بۆ هاتبوو. لەوێ بە لایڤستریم دەستم بە راستەوخۆکە كرد".
كارزان تەنیا دوو خولەك لە پەخشدا دەبێت؛ مەفرەزەیەكی چوار كەسی ئاسایش یەكەمجار پەلاماری كامێرامانەكە دەدەن، "من سەماعە لە گوێمدا بوو؛ ئەوەندە فریاكەوتم وتم هێرشمان كرایەسەر، یەكسەر هەر چوار كەسەكە پەلاماری مایكەكەی دەستیاندام و لێیان سەندم".
ئەو روداوە دوابەدوای ئەوە هات مەفرەزەیەكی ئاسایشی سلێمانی لە بازگەیەكی كاتییدا لە گەڕەكی سەرچناری سلێمانی، لێكۆڵینەوە لە كچێكی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن و ئۆتۆمبێلەكەی رادەگرن، لەوێوە گرژیی و شەڕە تەقە دروستدەبێت لەنێوان هێزەكانی ئاسایش و هێزێكی سەر بە شێخ جەعفەر و تیایدا 11 كەس لە هەردولا برینداردەبن.
كارزان تاریق، كە لە یەكی كانونی دووەمی 2016ەوە وەك پەیامنێر لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی كاردەكات و پێنج ساڵ پێش ئەو وادەیەش لە كەناڵی ئاسمانی پەیام بووە، دەیویست ئەو شەوە زانیاری لەسەر وردەكاری ئەو روداوە دەستبكەوێت و بڵاویبكاتەوە.
یەكێك لە ئاسایشەكان بە توندی سەماعەكە لە گوێی كارزان دەردەكات و یەكێكی دیكەشیان مۆبایلەكەی لە گیرفان دەردەهێنێت و دەیبات. "وتم مۆبایل شتێكی شەخسیە بۆ دەیبەن... مۆبایلەكەی بە دەستی بەرزكردە و وتی یەك قسە بكەی ئەیكێشم بە ئەرزدا".
وتم مۆبایل شتێكی شەخسیە بۆ دەیبەن... مۆبایلەكەی بە دەستی بەرزكردە و وتی یەك قسە بكەی ئەیكێشم بە ئەرزدا
كارزان وتی، "پێشبینیم دەكرد ئەم كارەم روماڵێكی ئاسایی نابێت، چونكە هێزێکی زۆری ئاسایش لەبەردەم نەخۆشخانە بڵاوەیان پێكرابوو، هەر ئۆتۆمبێل دەهات و برینداری دەهێنا بۆ نەخۆشخانەی شار".
هێزەكانی ئاسایش دوای ئەوەی كەرەستە رۆژنامەوانییەكان لە تیمەكەی ئێن ئاڕ تی دەستێنن، دەستی كارزان و كامێرامانەكەی دەگرن و دەیانخەنە ناو لاندكرۆزەرێكەوە. "وتیان لە پێشەوە دابنیشن با كەس نەتانبینێت".
لەوكاتەدا كارزان بە مەفرەزەكە دەڵێت "كاكە خۆ ئێمە تاوانبار نین بۆ بەمشێوەیە مامەڵەمان لەگەڵدا دەكەن ئەوەتا باجی رۆژنامەوانییمان پێیە"، لە وەڵامدا یەكێكیان دەڵێت "روداوەكە گەورە كراوە و وتوتانە كەسێك كوژراوە، بەڵام وانییە".
كارزان تاریق، لەوكاتەدا بەرگری لە خۆی دەكات و دەڵێت "من بە هیچ جۆرێك نەموتووە خەڵك كوژراوە و بە پیشەییانە كارمكردووە". هەمان كەس بەرپەرچی دەداتەوە "زۆر لەسەری مەڕۆ لەسەروی خۆمانەوە فەرمانمان پێكراوە نابێت كەس لەسەر ئەم روداوە قسەبكات".
نزیكەی 20 خولەك كارزان و كامێرامانەكە لەناو ئۆتۆمبێلەكەی ئاسایشدا دەستبەسەر دەبن، "دوای ئەوە كەلوپەكانیان پێداینەوە و وتیان بڕۆن و لەم ناوە نەمێنن". كارزان ناچاردەبێت بە تەلەفۆن زانیارییەكان بگوازێتەوە.
كارزان تاریق لە دوو ساڵی رابردودا، چەند جارێكی تر پێشێلكاریی تری بەرامبەر كراوە، لەوانەش لە كانونی یەكەمی 2020دا، دوجار و لە دوو روداوی جیاوازدا دەستگیركراوە.
"جاری یەکەم نیوەڕۆ بوو، کە چومە بەردەم مزگەوتی گەورە و سەرقاڵی راستەوخۆ بوم، ئاسایش بەجلی مەدەنییەوە دەستگیریان کردم و رادەستی پۆلیسیان کرد؛ پۆلیسەکان وتیان هەر ئەمڕۆ چەند جارێک پێمان وتراوە دەستگیرت بکەین، بەڵام نەمانویستووە"، كارزان وایوت. جەختیشیكردەوە "دەستگیركردنەكە هاوكات بوو لەگەڵ داخستنی كەناڵی ئێن ئاڕتی لەلایەن حكومەتەوە... ئەوە تەنیا پاساوی ئەوان بوو... وتیان ئێوە راگیراون نابێ كاربكەن و فەرمانمان پێیە".
دوای پێنج کاتژمێر دەستبەسەربون لە بنكەی پۆلیسی سەرا لە ناوەندی سلێمانی، كارزان ئازاد کرا.
كەمتر لە هەفتەیەك دوای ئەو روداوە و لە 11ی كانونی یەكەمدا، کاتێک هاوڵاتییان لەبەردەم پارێزگا خۆپیشاندانیان دەکرد، كارزان تاریق خۆی ئامادە دەكرد بۆ روماڵی خۆپیشاندانەكە.
خۆپیشاندانەكە دوای زنجیرەیەك ناڕەزایی هاوڵاتیان هات دژی پێنەدانی موچە و كەمی خومەتگوزاری لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە. دواتر سەریكێشا بۆ توندوتیژی، بەگشتی لە تەواوی خۆپیشاندانەكاندا، 10 كەس كوژران و 60ی تر برینداربون.
چوار رۆژ بەر لە دەستگیركردنی، پەخشی دەزگاكەی كارزان تاریق لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە راگیرا، ئەوەش لەسەر داوای وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پاساوی "ھەڵسوکەوتکردنی نابەرپرسانە".
هەرچەندە لەو رۆژەدا پەخشی كەناڵەكەی كارزان راگیرابوو، بەڵام بەگشتی لەڕێی پەیجی رەسمی فەیسبوکی دەزگاكەیەوە ناڕەزاییەكانی دەگواستەوە.
"باج و مایكم پێ بوو؛ مۆبایلەكەم دەرهێنا و ویستم راستەوخۆ خۆپیشاندانەكە بگوازمەوە؛ چەند كارمەندێكی هێزە ئەمنییەكان پەلاماریاندام؛ مۆبایلەكەیان لێسەندم و بۆ ناو ئۆتۆمبێلەكەیان بردم"، كارزان زیاتر وتی "لەوكاتەدا هاوڕێیەكی راگەیاندنكارم هات، پێیوتن: ئەمە پەیامنێرە بۆ كوێی دەبەن؟ بەڵام بە شەق و زلـلە كەوتنە وێزەی... شەقێكیشیان لەمندا".
هاوڕێیەكی راگەیاندنكارم هات، پێیوتن: ئەمە پەیامنێرە بۆ كوێی دەبەن؟ بەڵام بە شەق و زلـلە كەوتنە وێزەی... شەقێكیشیان لەمندا
كارزان بۆ زیندانی كانی گۆمە - باشوری خۆرئاوای سلێمانی – گوازرایەوە، بەدوری 10كم لە ناوەندی شار، رۆژی دواتر بە چاوی بەستراوەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كردووە و بۆ زیندانی بارەگای هێزەكانی 70ی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە خۆرئاوای سلێمانی گواستراوەتەوە.
"ئامۆژگارییان دەکردم... مامەڵەیان خراپ بوو؛ جاری وا هەبوو بۆ تەوالێت كاتیان دیاریدەكرد، هەندێك كات چاویان دەبەستین، یان دەیانوت سەر بەرزمەكەنەوە و تەنیا سەیری پێش خۆتان بكەن".
كارزان وتی "هێزەكانی یەكێتی بەڵێننامەیان بۆ هێناین و وتیان واژۆی بكەن، لەسەر ئەوەی نابێت بەشداری خۆپیشاندانی توندوتیژ بكەین... من وتم رۆژنامەنوسین خۆپیشاندەر نین، ئەوان وتیان ئەمە ئەمرە".
دوای دوو رۆژ مانەوەی كارزان تاریق لە زیندانی هێزەكانی 70ی یەكێتیی و "ناچاركردن"ی بەوەی بەڵێننامە پڕبكاتەوە، بە چاوبەستراوی دەیبەنە لای پردی سەرچنار لە دەروازەی سلێمانی، لەوێ چاوی دەكەنەوە و بەرەو بارەگای هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتنی دەبەن.
"لەوێوە برام بۆ سەندیكای رۆژنامەنوسان و پێیانوتم بە هەوڵی لیوا چەتۆ - بریكاری وەزارەتی ناوخۆ – ئازادكراوی".
دوای ئازادکردنی كارزان تێبینی ئەوە دەكات، لەلایەن ئاسایشەوە هەوڵدراوە زانیاری لە بارەی باری خێزانی و شوێنی نێشتەجێبوونیەوە كۆبكرێتەوە.
"چەند هاوڕێیەكی رۆژنامەنوسم پەیوەندییان پێوەكردم و وتیان ئاسایش داوای زانیاری لەبارەی تۆوە كردووە؛ دواتریش ئاسایش خۆیان پەیوەندیان كرد و وتیان سەردانمان بكە، بەڵام من وتم نایەم، ئیشم لای ئێوە نییە ئەوانیش وتیان هەر باسی ئیشی رۆژنامەوانی دەكەین، بەڵام من نەچووم".
كارزان تاریق، لەلایەن پۆلیسەوە سكاڵایەكی لەسەر تۆماركراوە، كاتێك راپۆرتێكی لەسەر كەیسی گیانلەدەستدانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەكەی كردووە.
كارزان لە راپۆرتەكەیدا، لێدوانی لە شایەتحاڵێك وەرگرتووە، كە دەموچاوی مۆزایك كردووە، پۆلیس مەبەستی بووە بزانێت ئەو كەسە كێیە؟ بەڵام كارزان سور بووە لەسەر ئەوەی ناسنامەی شایەتحاڵەكەی بپارێزێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی یاسای رۆژنامەگەریی ساڵی 2007، رۆژنامەنوس مافی ئەوەی هەیە سەرچاوەی زانیارییەكانی ئاشكرانەكات، تەنیا بە بڕیاری دادوەر نەبێت.
كارزان تاریق بڕیارە لە یەكی ئابی ئەمساڵدا لەسەر ئەو كەیسە دادگایی بكرێت.
كارزان سكاڵایەكی دیكەی لەسەرە كە لەلایەن مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتییەوە لەسەری تۆماركراوە، گوایە ئەو راپۆرتێكی كەناڵی ئێن ئاڕتی نوسیووە کە لەسەر ناوبراوە.
بەڵام كارزان بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە لەوەی "ئەو هیچ راپۆرتێكی لەسەر مەلا بەختیار نەنوسیوە، بەڵكو راپۆرتەكە لەلایەن ژوری هەواڵەوە ئامادەكراوە".
راپۆرتەكە تایبەت بوو گرفتی موچە و بودجەی حكومەتی هەرێم و گەندەڵیی و كەموكوڕییەكان، تیایدا وتەیەكی مەلا بەختیار كە لە ساڵی 2020دا لە دیبهیتی زانكۆی لوبنانی-فهرهنسی كردبویی و رەخنەی لە ئیدارەدانی حكومەت گرتبوو، تێكەڵ بە راپۆرتەكە كرابوو.
پارێزەری مەلا بەختیار لەبارەی ئەو راپۆرتەوە لە رونكردنەوەیەكیدا دەڵێت "تهلهفزیۆنی ئێن ئاڕ تی، دور له ئیتیکی میدیایی و یاسا، رستهیهکی بۆچونهکانی مهلا بهختیار له رێڕهوی بۆچونهکان دهرهێناوه... من وهکو پارێزهری مهلا بهختیار، لهبهرئهوهی ههواڵی تهلهفزیۆنی ناوبراو، تهشهیرهو سزای یاسایی لهسهره، داوادهکهم ئەو كەناڵە لەماوەی 24 كاتژمێردا دهقی قسهکانی بهڕێز مهلا بهختیار لهسهر حکومهتی ههرێم و پاشهکهوتی موچه، بهو رهخنانهشهوه که بهڕێزیان لهسهر گهندهڵی و کهموکوڕی له حکومهتی گرتووه، بڵاوبکاتهوه و داوای لێبوردن بکات، بە پێچەوانەوە پەنا بۆ دادگا دەبەین".
لە 21ی ئایاری ئەمساڵدا، یەكەم دانیشتنی دادگایكردنی كارزان و بەڕێوەبەری كەناڵەكە لەسەر كەیسەكەی مەلا بەختیار بەڕێوەچوو، كارزان وتی "بە دادوەرەكەم وتووە من هیچ ئاگاداری ئەم راپۆرتە نیم، بۆیە دانیشتنەكەی دواخست".
كارزان تارق، پێیوایە کارمەندانی دەزگای بێلایەن، سێبەر و ئۆپۆزسیۆنەکان زۆرترین پێشیلکاریان روبەڕوو دەبێتەوە، "زۆرجار بە ئەنقەست ئازاردەدرێن و دژی یاسا کارپێکراوەکان مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرێت".
ئەو لەو پێشێلكارییانەی بەرامبەری كراوە، ئامادەنەبووە سكاڵا تۆماربكات، "متمانەم بە دادگا نییە و لێرە ناتوانرێت لەڕێی دادگاوە مافی رۆژنامەنوس بەدەستبهێنرێت".