كۆمەڵەی داکۆکیکردن لە ئازادی رۆژنامەگەری لە عیراق، 280 حاڵەتی پێشێلكاریی جۆراوجۆری دژ بە رۆژنامەنوسانی عیراق لە ماوەی ساڵی رابردوو (3ی ئایاری 2021 تا 2ی ئایاری 2022)دا تۆماركردووە، هەردوو پارێزگای بەغداو هەولێر بە 56 پێشێلكاریی لە ریزبەندی یەكەمدان، دوای ئەوان پارێزگای كەركوك دێت.
كۆمەڵەكە ئەمڕۆ سێشەممە 3ی ئایار و لە رۆژی جیهانی ئازادیی رۆژنامەوانی راپۆرتێكی تایبەت بە پێشێلكارییەكان دژ بە رۆژنامەنوسانی عیراق بڵاوكردەوە.
لە 3ی ئایاری 2021 تا دوێنێ دووشەممە 2ی ئایاری 2022، بەپێی راپۆرتەكە 280 حاڵەتی پێشێلكاریی دژ بە رۆژنامەنوسان تۆماركراوە، پێشێلکارییەکان بریتی بون لە هەوڵی تیرۆرکردن، هەڵکوتانەسەر، پەلاماری چەکداریی، رفاندن، هەڕەشەی کوشتن و برینداربون لەکاتی روماڵکردن، لەگەڵ تۆمارکردنی سکاڵا بەپشتبەستن بەو یاسایانەی لە سەردەمی دیکتاتۆریەت داڕێژراون، دەستگیرکردن و راگرتن، هەروەها لێدان و رێگریکردن لە روماڵ، داخستنی کەناڵەکان و ناردنەماڵەوەی کارمەندان، وەك كۆمەڵەكە ئاماژەی پێكردووە.
لە بەشێكی راپۆرتەكەدا هاتووە "هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە ئازادی رۆژنامەگەریی (192) حاڵەتی دەستدرێژیی و رێگری لە روماڵکردن تۆمارکردوە و ئەمساڵ لە عیراق دەستدرێژی بە لێدان، رۆژنامەنوسی ئافرەتیشی گرتەوە، لەوانە رۆژنامەنووس نور تەمیمی کە لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکدا روبەڕوی لێدان و راگرتن بوەوە، هاوکات کۆمەڵەکە (36) حاڵەتی دەستگیركردن و راگرتن بەبێ فەرمانی دادگا تۆمارکردوە لەگەڵ (10) حاڵەتی هەڕەشەی کوشتن".
36 حاڵەتی دەستگیركردن و راگرتن بەبێ فەرمانی دادگا تۆمارکراوە
كۆمەڵەی داکۆکیکردن لە ئازادی رۆژنامەگەری لە عیراق، كۆمەڵەیەكی ناحكومییە و لەلایەن كۆمەڵێك رۆژنامەنوسی عیراقییەوە دامەزراوە و ساڵانە راپۆرتی پێشێلكارییەكان دژ بە رۆژنامەنوسان بڵاودەكاتەوە.
سەبارەت بەدابەشبونی پێشێلکارییەکان بەپێی پارێزگاکان، لە هەرێمی کوردستان (83) پێشێلکاری هەبووە، لەو ژمارەیەش (56) حاڵەتیان لە پارێزگای هەولێر بووە، هاوشانی بەغدای پایتەخت کە بەهەمانشێوە (56) پێشێلکاری تیادا تۆمارکراوە، ئەوەش بەرزترین رێژەیە لەسەر ئاستی پارێزگاكانی تری عیراق.
دوای ئەو دوو پارێزگایە، پارێزگای کەرکوک دێت بە تۆمارکردنی (37) پێشێلکاری، لەدوای ئەویشەوە نەینەوا بە (27) حاڵەت و بەسرە (23) حاڵەت.