پۆلیسی فیدراڵی عیراق لە سنوری قەزای داقوق دوو رۆژنامەنوسی كوردستان تیڤی سەر بە مەكتەبی راگەیاندن و رۆشنبیری پارتی دیموكراتی كوردستان دەستبەسەر دەكات و دوای لێكۆڵینەوە و پڕكردنەوەی بەڵێننامە ئازادیان دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئایار هەریەكە لە هەڵۆ جەباری، پەیامنێری كەناڵەكە لە كەركوك و ئاكۆ بنایی وێنەگر، بە مەبەستی بەدواداچون بۆ سوتانی دانەوێلەی جوتیارانی كاكەیی لە باشوری قەزای داقوق، دەچنە ناوچەكە و لەلایەن پۆلیسی فیدراڵییەوە دەستبەەسر دەكرێن.
هەڵۆ جەباری بە (كەركوك ناو)ی وت "شەش ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتن، وتیان ئێوە رێگەپێدانتان پێ نییە، ناتوانن بەبێ رێپێدانی لایەنی ئەمنی سەردانی ئەم ناوچەیە بكەن"، وتیشی "دەستبەسەریان كردین و بۆ بارەگای سوپای عیراق لە داقوق گوازراینەوە".
هەڵۆ زیاتر وتی "لەوێ لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كردین، ئێمە وتمان تەنیا بۆ روماڵی سوتاندنی دانەوێڵەی جوتیاران هاتوین... دواتر بەڵێننامەیەكیان پێ پڕكردینەوە و واژۆمانكرد، ئینجا ئازادیان كردین".
بەڵێننامەیەكیان پێ پڕكردینەوە و واژۆمانكرد، ئینجا ئازادیان كردین
بەپێی بەڵێننامەكە "بۆمان نییە جارێكی تر سەردانی ئەو ناوچەیە بكەین".
دۆسیەی ئەمنی قەزای داقوق بەدەست سوپای عیراقەوەیە، بەڵام لە چەند گوندێكی باشوری قەزاكە پۆلیسی فیدراڵی ئەمنیەتی ناوچەكە دەپارێزن.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە ناوچەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێزە ئەمنییەكان گوندەكانی باشور و باشوری خۆرئاوای قەزای داقوقیان وەكو ناوچەیەكی سەربازی هەژماركردووە و هەموو سەردانێك بۆ ئەو ناوچەیە پێویستی بە وەرگرتنی رێپێدانی ئەمنی هەیە".
دەستبەسەركردن و لێكۆڵینەوە لەو دوو رۆژنامەنوسە، لەكاتێكدایە بەپێی ماددەی دەیەم لە یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسانی عیراق ژمارە 21ی ساڵی 2011، نابێت لێپرسینەوە لە رۆژنامەنوس بكرێت یان لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت بەهۆی تاوانێكەوە كە خراوەتە پاڵی، تەنیا بە بڕیاری دادوەر نەبێت.
هەڵۆ جەختیكردەوە كە ئەوان هەردوكیان باجی كەناڵەكەیان پێبووە و بەهێزە ئەمنییەكانیانداوە، بەڵام هێزە ئەمنییەكان جەختیانكردۆتەوە لەوەی دەبێت رێپێدانی ئەمنییان پێبێت.
بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە چوار ساڵدا (سەرەتای 2017 تا كۆتایی 2020) سەدا 12ی پێشێلكارییە تۆماركراوەكانی دژ بە رۆژنامەنوسان، لە كەركوك بون. سەندیكاكە ساڵانە ئامارەكانی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك بڵاودەكاتەوە.
تەنیا لە ساڵی 2020دا، بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنوسان؛ 138 حاڵەتی پێشێلكاری لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون و لەو ژمارەیە 25ــیان لە كەركوك بون.
لە پارێزگای كەركوك 13 هێزی جۆراوجۆری ئەمنی هەیە، پێشتر لێپرسراوانی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بە (كەركوك ناو)یان وت كە زۆری هێزەكان كاریگەرییان هەیە لەسەر زۆری پێشێلكارییەكان.
كۆمەڵەی داکۆکیکردن لە ئازادی رۆژنامەگەری لە عیراق، 280 حاڵەتی پێشێلكاریی جۆراوجۆری دژ بە رۆژنامەنوسانی عیراق لە ماوەی ساڵی رابردوو (3ی ئایاری 2021 تا 2ی ئایاری 2022)دا تۆماركردووە، هەردوو پارێزگای بەغداو هەولێر بە 56 پێشێلكاریی لە ریزبەندی یەكەمدان، دوای ئەوان پارێزگای كەركوك دێت.