رۆژنامەنوسانی كەركوك توڕە و نیگەرانن، بەهۆی پێدانی زانیاری دژبەیەك لەسەر وادەی كردنەوەی فڕۆكەخانەی پارێزگاكە و بەرێوەچوونی مەراسیمەكە بەبێ ئامادەیی میدیا، ئەوەش بەوتەی سەرچاوەیەك لە ئیدارەی پارێزگا، پەیوەندی بە بەغداوە هەیە و لە دەسەڵاتی ئەواندا نەبووە.
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك، بەیانی رۆژی یەكشەممە 16ـی تشرینی یەكەمی 2022 لەلایەن شاندێكی حكومەتی فیدراڵی عیراق و بە ئامادەبونی لێپرسراوانی ئیداری و ئەمنی پارێزگاكە كرایەوە، دوور لە چاوی میدیا.
هێمن دەلۆ، پەیامنێری كوردستان24 لە كەركوك، دەڵێت رۆژی پێشتر و لەگەڵ بڵاوبونەوەی دەنگۆی كردنەوەی فڕۆكەخانەدا، پەیوەندییان بەردەوام بووە تا زانیاری زیاتر وەربگرن، "بەڵام بە نهێنی و بە ئاشكرا ئەو دەنگۆیە رەتدەكرایەوە"، سەرباری چەندین هەوڵی دیكە، زانیاری یەكلاییكەرەوەیان لەسەر مەراسیمی كردنەوەی فڕۆكەخانە دەستنەكەوتووە، تا دواتر زانیویانە كراوەتەوە.
بەغدا رێگربون لە بەشداری دەزگاكانی راگەیاندن بۆ ڕوماڵكردنی مەراسیمەكە
تا چەند كاتژمێرێك پێش دەستپێكردنی مەراسیمەكەی كردنەوەی فڕۆكەخانەی كەركوك، بەشێك لە میدیاكان كە بەدواداچونیان بۆ هەواڵەكە كردبوو، لە نێویاندا (كەركوك ناو)، لەرێی زانیاری لێپرسراوانی پارێزگاكەوە، جەختیانكردەوە كردنەوەی فڕۆكەخانە جارێكیتر دواخراوە.
عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری هونەری بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەغدا رێگربون لە بەشداری دەزگاكانی راگەیاندن بۆ ڕوماڵكردنی مەراسیمەكە"، ئەو دەڵێت خودی خۆی تا رۆژی مەراسیمەكە نەیزانیووە فڕۆكەخانە دەكرێتەوە، بۆیە پرۆسەكەش بە "سوپرایز و سوتفە" ناودەبات.
بڵاوبونەوەی هەواڵ و وێنە و ڤیدیۆی كردنەوەی فڕۆكەخانە لەڕێی راگەیاندنی ئیدارەی پارێزگای كەركوكەوە، هەرزوو ناڕەزایی رۆژنامەنوسانی لێكەوتەوە.
حەیدەر عۆدە، رۆژنامەنوس لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەپێی ئەو بەدواداچونەی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگا كردمان، وتیان ئەوان بەرپرسیار نین و ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسیارە و ڕێگربوون"، پێشیوایە ئەوەی رویداوە "هەڵە" بووە، لەكاتێكدا پێویست بووە میدیا ئامادەی مەراسیمەكە بێت و لەگەڵئەوەشدا "پێموایە "ئیدارەی پارێزگا هیچ ڕۆڵێكی لەڕێكخستنی ئەو مەراسیمەدا نەبووە و هەر خودی مستەفا كازمی راهاتووە لەسەر ئەم بابەتانە رۆژنامەنوسان لەكردنەوەی پرۆژەكانی ئامادە نەبن".
چەند كاتژمێرێك دوای كۆتاییهاتنی مەراسیمی كردنەوەی فڕۆكەخانە؛ راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لەناو باڵەخانەی ئیدارەی پارێزگا كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەنجامدا دەربارەی وردەكارییەكانی دەستبەكاربونی فڕۆكەخانە، بەڵام نە پارێزگار و نە هیچ لێپرسراوێكی دیكەی پارێزگاكە لەوكاتەوە تائێستا (بەیانی دوشەممە 17ـی تشرینی یەكەم) داوای لێبوردنیان لە رۆژنامەنوسان نەكردوە بەهۆی ئاگادارنەكردنەوەیان بۆ مەراسیمەكە.
هێمن دەلۆ كە رەخنەی لەسەر وادەی كردنەوەی فڕۆكەخانەش هەیە، بەوپێیەی "16ـی ئۆكتۆبەر بەلای كوردەوە ڕۆژێكی رەشە، بەڕۆژی غەدرو ستەم و شەهید كردنی پێشمەرگە و سەپاندنی هێزی سەپاندنی هێزو لەدەستدانی خاكە"، نیگەرانیشە لە ئیدارەی كەركوك و دەڵێت "راكان جبوری هیچ حسابێك بۆ رۆژنامەنوسان ناكات، بەردەوام پێشێلكاری بەرانبەریان دەكات، زانیاری و هەندێك لە تەوقیتی روداوەكانیان لێ دەشارێتەوە".
كۆمەڵەی داکۆکیکردن لە ئازادی رۆژنامەگەری لە عیراق، 280 حاڵەتی پێشێلكاریی جۆراوجۆری دژ بە رۆژنامەنوسانی عیراق لە ماوەی ساڵی رابردوو (3ی ئایاری 2021 تا 2ی ئایاری 2022)دا تۆماركردووە، كە تیایدا كەركوك لە پلەی سێیەمدایە دوای بەغداو هەولێر.
سەرچاوەیەك لە دیوانی ئیدارەی پارێزگای كەركوك، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت هیچ رۆژنامەنوسێك پێشوەختە ئاگادارنەكراوەتەوە و بانگهێشنەكراوە بۆ مەراسیمی كردنەویە فڕۆكەخانە، چونكە ئەو بابەتە لە دەستی رێكخەرانی مەراسیمەكەدا بووە، كە بەغدایە نەك ئیدارەی كەركوك، تەنانەت تیمی رۆژنامەوانی پارێزگاش روبەڕوی رێگری بونەتەوە.
هەروەها جەختیكردەوە ئەوان هۆكاری بێبەشكردنی میدیاكان نین لەو مەراسیمەدا، "هەركاتێك ئاگادارییەك هەبێت بێگومان ئێمە هەموان ئاگاداردەكەینەوە، بەڵگەش ئەوەیە بۆ كۆنگرەی رۆژنامەوانی پارێزگار بەبێ جیاوازی هەموان بانگهێشتكرابون".
هیوامان وابوو مەراسیمەكە بە ئامادەیی رۆژنامەنوسان و هەموو لێپرسراوان بوایە بەڵام ئەوە روینەدا
بەپێی هەردوو یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسان لە عیراق و یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، رۆژنامەنوسان ئازادن لە كاركردن، مافی ئامادەبونیان هەیە لە هەموو كۆنگرە و كۆبونەوەیەكی گشتیدا بۆ كاری پیشەیی.
حەیدەر عۆدە، پێباش بوو لە مەراسیمەكەدا نوێنەری هەموو پێكهاتەكانی كەركوك بەشداربونایە، دەشڵێت ئەو تاڕادەی سەدا 90 لە كردنەوەی فڕۆكەخانە دڵنیا بووە، بەپێی زانیاری ئەو سەرچاوانەی رۆژی پێشتر گفتوگۆیان لەگەڵدا كردون، تەنانەت زانیارییەكە وابوو خودی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران ئامادەبێت و "دواتر توشی شۆك بوین ئەو نەهات، هیوامان وابوو مەراسیمەكە بە ئامادەیی رۆژنامەنوسان و هەموو لێپرسراوان بوایە بەڵام ئەوە روینەدا".
فڕۆکەخانەی كەركوك لە ساڵی 1957ـەوە وەک فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی لە عیراقدا تۆمارکرا، بەڵام لەساڵی 2003 كرا بە بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی ئەمەریكا و لەكۆتایی 2017ـهوه به بڕیاری حكومەتی عیراق وەك پرۆژەی فڕۆكەخانەی مەدەنی چۆته بواری جێبهجێكردنهوه و دەبوایە لە ساڵی 2019ـدا كارەكانی تەواو ببێت و بكرێتەوە، بەڵام چەندینجار وادەی جیاواز بۆ مەراسیمی كردنەوەی دانرا تا لە 16ـی تشرینی یەكەمی 2022 كرایەوە.