كردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك، دور لە چاوی میدیا و بەبێ ئاگاداری پێشوەختەی زۆربەی لێپرسراوانی پارێزگاكە بووە، لە نێویاندا یاریدەدەری پارێزگار كە بە "سوپرایز و سوتفە" ناوی دەبات.
كاتژمێر 8ـی بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 16ـی تشرینی یەكەمی 2022، ناسر شبلی، وەزیری گواستنەوە بە ئامادەبونی هەیان نعمەت، وەزیری دارایی بە وەكالەت و راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی ئیداریی و ئەمنی، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك بە رەسمی كرایەوە.
ئەو مەراسیمە بەبێ ئامادەبونی پەیامنێر و تیمی میدیایی هیچ دامەزراوەیەكی راگەیاندن بوو، تەنیا بەشی راگەیاندنی پارێزگا نەبێت، لەكاتێكدا تا درەنگانی شەوی پێش كردنەوەی فڕۆكەخانە، زانیاری جیاواز بە میدیاكان دەدرا و دواجار جەختیانكردەوە مەراسیمەكە دواخراوە.
عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری هونەری بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەڕاستیدا من وەك یاریدەدەری پارێزگار، ئەمڕۆ (یەكشەممە 16ـی تشرینی یەكەم) زانیومە كە فرۆكەخانەی كەركوك دەكرێتەوە"، ئەوەش لە وەڵامی پرسیارێكدا وای وت، كە بۆچی بەرواری 16ـی ئۆكتۆبەر بۆ ئەو مەراسیمە دانراوە.
لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـدا، پێشمەرگە و بەشێك لە حزبە كوردییەكان لە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك پاشەكشێیانكرد و هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی جێگەی گرتنەوە، دوای ئەوەی هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكانیان بەهۆی ریفراندۆمەوە گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.
ڤیدیۆ: 16ـی تشرینی یەكەمی 2022/ كۆنگرەی رۆژنامەوانی راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لەسەر كردنەوەی فڕۆكەخانە
حەمادی دەڵێت "پێشتر بڕیاربوو دوو هەفتە لەمەوبەر فڕۆكەخانە بكرێتەوە، بەڵام دواتر دواخرا، دیاریكردنی ئەو رۆژە و بەروارەش لە دەسەڵاتی فەرمانگەی تەشریفاتی سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا بووە، تەنانەت رێكارەكانی ئاسایش و ئەمنی بەهیچ جۆرێك ئیدارەی پارێزگا دەستتێوەردانیان تێدا نەكردووە و لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەبوو".
یاریدەدەری پارێزگار جەختیكردەوە لە بنەڕەتدا پرۆسەكە "سوپرایز" بووە و ئەوەی رویداوە "سوتفە" بووە.
ئاشكراشیكرد كە هەر ئەوان "بەغدا رێگربون لە بەشداری دەزگاكانی راگەیاندن بۆ ڕوماڵكردنی مەراسیمەكە" بێ ئەوەی زانیاری زیاتر بخاتەڕوو، لەكاتێكدا ئەو هەڵسوكەوتە ناڕەزایی لەنێو میدیاكارانی كەركوكدا لێكەوتەوە.
پڕۆژهی فڕۆكهخانهی كهركوك، لەكۆتایی 2017ـهوه به بڕیاری حكومەتی عیراق چۆته بواری جێبهجێكردنهوه و دەبوایە لە ساڵی 2019ـدا كارەكانی تەواو ببێت و بكرێتەوە، بەڵام لەو كاتەوە چەندینجار وادەی جیاواز بۆ مەراسیمی كردنەوەی دانراوە و دواتر دواخراوە، بەبێ ئەوەی هۆكارەكانی رونبكرێتەوە.
لە 10 رۆژی داهاتوو گەشتكردن لە فڕۆكەخانەی كەركوكەوە دەستپێدەكات
راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای كردنەوەی فڕۆكەخانە، كە ئەمڕۆ یەكشەممە لە باڵەخانەی پارێزگا رێكخراو و (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، لە سەرەتای قسەكانیدا پیرۆزبایی كردنەوەی فڕۆكەخانەی كرد و بە پرۆژەیەكی گرنگی ناوبرد، كە لە كاتێكدایە وەك ئەو وتی "پێنج ساڵ بەسەر سەپاندنی یاسادا تێدەپەڕێت" وەك ئاماژەیەك بۆ روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا بڕیاربووە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ئامادەبێت بەڵام بەهۆی بارودۆخی بەغدا و دەستاودەستكردنی سەرۆكایەتی حكومەت، نەیتوانیووە و هەر ئەوەش هۆكاری بچوكی مەراسیمەكە بووە، "بۆ كاتی یەكەم گەشت لە فڕۆكەخانەوە مەراسیمی دیكەمان دەبێت" راكان جبوری وای وت.
پارێزگار باسی لەوەشكرد بڕیارە وەك هاندانێك بۆ كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی، بەمنزیكانە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عیراقی گەشتی ناوخۆیی رێكبخات و لە بارەی دامەزراندنی ستافی فڕۆكەخانەشەوە، هەوڵدەدەن بە پاراستنی یەكسانی نێوان پێكهاتەكان بێت.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، ئەمڕۆ فڕۆكەیەك لە بەغداوە وەفدی حكومەتی هێناوەتەوە فڕۆكەخانەی كەركوك و لەم رۆژانەدا، سەرباری ئەوەی بە رەسمی كراوەتەوە، بەڵام هیچ گەشتێك لە فڕۆكەخانەی كەركوكەوە ناكرێت.
عەلی حەمادی وتی "پرۆژەكەی فڕۆكەخانە سەدا 100 تەواو بووە و ئامادەیە، هەفتەی داهاتووش فڕۆكەی هێڵی ئاسمانی عیراقی دێتە كەركوك بۆ گواستنەوەی گەشتیاران بۆ بەغدا"، پێشبینیشی كرد لە 10 رۆژی داهاتودا گەشتی فەرمی لە فڕۆكەخانەوە دەستپێبكات.
دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی لە عیراق، لە بەیاننامەیەكدا كردنەوەی فڕۆكەخانەی كەركوكی بڵاوكردۆتەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە كاتی دەستپێكردنی گەشتی ئاسمانی لە فڕۆكەخانەكەوە بكات.
فڕۆکەخانەكە دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای كەركوك و لە ساڵی 1957ـەوە وەک فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی لە عیراقدا تۆمارکرا، بەڵام لەساڵی 2003 كرا بە بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی ئەمەریكا تا دواتر كرایە مەدەنی.
یاریدەدەری پارێزگار دەڵێت "راستە 16ـی ئۆكتۆبەر بۆ كورد هەستیارە، بەڵام بیرمان نەچێت ئەمڕۆ كەركوك سەقامگیری تێدایە و بابەتی فڕۆكەخانەش لەسەروو هەموو حساباتێكی دیكەیەوە".
لە تابلۆی سەرەكی فڕۆكەخانەدا، تەنیا زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی هەن، لە كاتێكدا بەپێی ماددەی 4ـی دەستوری هەمیشەیی عیراق و یاسای زمانە فەرمییەكان ژمارە 7ـی ساڵی 2014، زمانەكانی عەرەبی و كوردی، دوو زمانی رەسمین، پێویستە لە نوسینی ناونیشان و دەركردنی بەڵگەنامەكاندا پشتیان پێببەسترێت.