لەكاتێكدا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە شانازییەوە دەڵێت راگەیاندنکاران لە سایەی حکومەتدا، بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک، کاری پیشەیی خۆیان دەکەن و "تەواو ئازادن"، بەڵام جێگرەكەی پێیوایە ئازادی رادەربڕین لە هەرێم كەموكوڕی هەیە و ئەركی لابردنی ئەو كەموكوڕییەش دەخاتە بەردەم ئەو حكومەتەی كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات و خۆیشی وەكو جێگر تیایدا كاردەكات.
ئەو دوو بۆچونە جیاوازە لە دوو پەیامی جیادا هاتووە بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەری كوردی، كە ئەمڕۆ دووشەممە 22ی نیسان 126 ساڵ بەسەر دەرچونی یەكەم رۆژنامە بە زمانی كوردی تێپەڕدەبێت و بەهۆیەوە وەكو رۆژی رۆژنامەگەری كوردی دانراوە.
مەسرور بارزانی، لە پەیامەكەیدا، دەڵێت "جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە راگەیاندنکاران لە هەرێمی کوردستان و لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک، کاری پیشەیی خۆیان دەکەن و تەواو ئازادن لە رەخنەگرتن و باسکردنی پێشێلکارییەکان و كەم وكورتی و كەمتەرخەمییەكانی حكومەت".
هەروەها دەڵێت "حکومەت وەک هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری رۆژنامەنوس و راگەیاندنکارانی کوردستان دەبێت بۆ ئەوەی بە هاوکاری هەموو لایەک، بتوانین کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر ببەین".
بەڵام قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، پێیوایە كەموكوڕی هەیە، "ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسییە کێشە و کەموکوڕییەکانی بەردەم ئازادی کاری رۆژنامەگەری چارەسەر بکات"، زیاتر دەڵێت "یاساکانی کاری رۆژنامەگەریی و مافی دەستخستنی زانیاری وەک خۆی جێبەجێ بکات و گۆڕانکاری لە شێوازی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ رۆژنامەنوساندا بکات".
ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسییە کێشە و کەموکوڕییەکانی بەردەم ئازادی کاری رۆژنامەگەری چارەسەر بکات
ئەو دوو بۆچونە جیاوازە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوپەیمانی هەرسێ حزبی پارتی دیموكرات، یەكێتیی نیشتیمانیی و بزوتنەوەی گۆڕان دروستبووە، هەریەكە لە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانیش دوو كارەكتەری گرنگی حزبەكانیانن و نوێنەری ئەوان لە حكومەتدا. بەردەوام هەردوكیان لە پەیامەكانیاندا جەخت لە ئازادی رادەربڕین دەكەنەوە.
پەیامی لێپرسراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەیادی رۆژنامەگەری كوردیدا لەكاتێكدایە، هێشتا پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان، لەوانەش دەستگیركردن، ئەشكەنجەدان و رێگریكردن لە روماڵی روداو و دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی وەكو كارێكی ئاسایی تێپەڕدەبێت.
بەپێی ئاماری سەندیکای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە ساڵی 2023دا 62 حاڵەتی پێشێلكاریی دژ بە رۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، لەكاتێكدا بەپێی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، لە هەمان ساڵدا 249 حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان هەبووە.
هەرچی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان كە ئۆفیسەكەی لە شاری هەولێرە، كە لە شوباتی ئەمساڵ راپۆرتی ساڵی 2023ی بڵاوكردەوە، تیایدا ئاماژە بەوە كراوە كە164 حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر بە 328 رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن هەبووە و زۆرینەیان لە پارێزگای هەولێر بووە بە 78 حاڵەت.
ژینگەی كاری رۆژنامەوانیی بەپشتبەستن بە ئامارەكان، ژینگەیەكی تەندروست نییە، لە دەیەی رابردووەوە لانیكەم چوار حاڵەتی كوشتنی رۆژنامەنوسان هەبووە و بكوژی سەرەكی دەربازی بووە لە سزا. هەورەها چەند رۆژنامەنوسێك بەدەر لە یاسای رۆژنامەگەری سزادراون و تۆمەتی "سیخوڕ و ئاژوەگێڕیان" دراوەتەپاڵ.
نێچێرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا بەبۆنەی هەمان رۆژەوە دەڵێت "داكۆكی له زهمینه و ژینگهی هاندەر بۆ کاری میدیایی، کارئاسانی بۆ دەستگەیشتنی رۆژنامەنوسان بە سەرچاوەكانی زانیاری بەبێ جیاوازی و دورکەوتنەوە لە سەپاندنی کۆتوبەند و سانسۆر بەسەریاندا دهكهمهوه".
رۆژنامەنوس ئامانج خەلیل، سەرنوسەری ماڵپەڕی مایك – ئۆفیسەكەی لە سلێمانییە- دەڵێت "ئەو بانگەشەیەی حوکمڕانان و دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ ئازادی کاری رۆژنامەوانی دەیکەن بەتەواوی باتڵە، کاتێک خۆیان داڵدەدەری بکوژانی چوار رۆژنامەنوسە تیرۆر کراوەکەن و کەیسەکانیان حەل نەکردون".
"پەڵەی رەشی نێوچاوانی دەسەڵات بە بەیاننامەکانی سەری رەش و دەباشان سپی نابێتەوە"، وەك ئاماژەیەك بۆ هەردوو پەیامەكەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی.
پەڵەی رەشی نێوچاوانی دەسەڵات بە بەیاننامەکانی سەری رەش و دەباشان سپی نابێتەوە
مەسرور بارزانی، لە پەیامێكی تریدا لە دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری رۆژنامەنوسی كە ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەچوو، وتی "ناحەزانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە هەوڵی خراپبەكارهێنانی ئەو ئازادییەن كە لەناوچەكەدا كەموێنەیە، ئەمەش بۆ لێدان لە بنەماكانی دیموكراسی و قەوارەی كوردستان، كە بەناوی رۆژنامەگەرییەوە خەڵكانێك دژایەتی هەرێمی كوردستان دەكەن".
ئەو وتەیە دوای ئەوە دێت كە لە 16ـی شوباتی 2021دا دادگای تاوانهكانی هەولێر بە شەش ساڵ زیندانیكردن حوكمی دوو رۆژنامەنوس و چوار چالاكوانی تری دەركرد، تۆمەتباریكردن بە "سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی"، ئەو دوو رۆژنامەنوسە هەریەكە لە شێروان شێروانی و گوهدار زێباری بون، كە ئەمەی دووەمیان دوای تەواوكردنی حوكمەكەی ئێستا ئازادكراوە.
لەكاتێكدا لێپرسراوانی هەرێمی كوردستان، جەخت لە ئازادی كاری راگەیاندن و رادەربڕین دەكەنەوە، بەڵام خۆیان بە بەشێك لەو پێشێلكارییانە تۆمەتباردەكرێن، لەسەروی هەمویانەوە جێبەجێنەكردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی.
لە ئابی 2022دا سوركێو محەمەد، سەرنوسەری ماڵپەڕی پەرەگراف، سێ داوای یاسایی لەسەر هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆماركرد، بۆ تۆمەتی پێنەدانی زانیاریی و جێبەجێنەكردنی یاساكە.
سوركێو دەڵێت "ئێمە داواكانمان لە سلێمانی تۆماركرد، هەردوو داواكەی دژ بو سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت گوازرایەوە بۆ هەولێر، لەوێش دوای چەند دانیشتنێك دادوەر بە هەندێك پاساوی لاواز داواكەی رەتكردەوە"، وتی "نەچووە ناوەڕۆكی بابەتەكەوە، یەكێك لەو پاساوانە ئەوە بوو نابێت من لەڕێی دادنوسەوە داوای زانیاریی بكەم"، سوركێو وتی "بەڵام ئەگەر لەو رێگەیەشەوە نەبێت من ناتوانم داوای زانیاریی بكەم".
لەبارەی داواكەی سەر سەرۆكی پەرلەمان، وتی "من داواكەم بردەوە، بەڵام ئەوان تەمیزیان كردەوە، دوای تەمیزكردنەوەش پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق هەڵوەشایەوە، بۆیە لە دانیشتنەکەدا دادوەر بڕیاریدا بە پچڕاندنی دادبینی دۆسیەکە تا ئەوکاتەی سەرۆکی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەستبەکار دەبێت، ئەوەش بەهۆی نەمانی سیفەتی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ئێستادا بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان".